رۆژنامەی ھەولێر

ئەكرەم ئیمامئۆغڵو دەست لەكاركێشانەوەی خۆی لە جەهەپە راگەیاند

كارزان گلی – هه‌ولێر

ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆكی لەكار لادراوی شارەوانیی ئیستانبۆڵ، كە ئێستا بەتۆمەتی گەندەڵی دەستگیر كراوە، بەفەرمی دەست لەكاركێشانەوەی خۆی لە جەهەپە راگەیاند و پشتگیریی خۆی بۆ پارتی نوێ دەربڕی، كە چەند رۆژێك بەر لە ئێستا ئەو پارتە دروست بووە و ئۆزگوور ئۆزەل سەرۆكییەتی.

ئیمامئۆغڵو، لە هەژماری خۆی لە (X) بڵاوی كردەوە، ئیدی دوای ١٧ ساڵ ئەندامییەتی لە جەهەپە، بە یەكجاری دەستبەرداری ئەو پارتە بووە.
ئیمامئۆغڵو نووسیویەتی: ”١٧ ساڵە ئەندامی جەهەپەم و ئیدی دەست لەكاردەكێشمەوە، ئەم بڕیارەم لەئەنجامی ئەو بەرپرسیارییەتەیە كە بەرامبەر بە میللەتەكەم هەمە و بۆ داهاتوو و بڕوابوونمە بە بەهایەكان. ئەمڕۆ بۆ توركیایەكی بەهێز، بۆ دیموكراتییەكی بەهێز و پڕ ئومێد بۆ بەیانی، داوەتی هەمووتان دەكەم بۆ ئەوەی بەیەكەوە داهاتوو دروست بكەین.“
هەر لەو پۆستەیدا، ئیمامئۆغڵو، پشتگیری خۆی بۆ پارتی نوێ دەربریوە و داواشی لە هاووڵاتیانی توركیا كرد، پشتگیریی لە پارتی نوێ بكەن، هەروەها ببنە ئەندامی ئەو پارتە تازەیە.
لە ٢٣ی ٣ی ٢٠٢٥، ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، لەلایەن پۆلیسی ئیستانبۆڵ و لەسەر داوای داواكاری گشتی توركیا لەناو ماڵەكەی خۆیدا دەستگیر كرا، تۆمەتی ئەوەی درایە پاڵ كە گەندەڵی كردووە و هەروەها بڕوانامەكەشی دانپێدانراو نییە.
ئیمامئۆغڵو، هەموو ئەو تۆمەتانەی درابووە پاڵی رەتكردەوە و گوتی هەموو ئەوەی بەرامبەرم دەكرێت سیاسییە نەك یاسایی.
دوای دەستگیركردنی، بەهەزاران لایەنگری لە شارەكانی توركیا رژانە سەر شەقام و داوایان كرد ئازاد بكرێت، بەڵام حكوومەت هیچ وەڵامێكی نەبوو و خودی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا گوتی، دۆسییەكەی یاساییە و دادگا بڕیار دەدات ئازاد دەبێت یان نا.
ئیمامئۆغڵو، دووجار توانی لە بەربژێری ئاكەپە بباتەوە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ئیستانبۆڵ، كە گەورەترین شارەوانی توركیایە، ئەمەش رێگەی بۆ خۆش كرد تا لەناو جەهەپە دەنگێك بەرز بووەوە و گوتیان دەبێت بیكەنە بەربژێر بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆكایەتی توركیا.
جەهەپە بەفەرمی ئیمامئۆغڵو كردە بەربژێری هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بۆ ٢٠٢٨، بەڵام دەستگیر كرا و بڕوانامەكەشی هەڵوەشایەوە بەمەش بێبەش بوو لەوەی بتوانێت كێبڕكێی بەربژێری ئاكەپە بكات بۆ كورسی سەرۆكایەتی توركیا.
بەشێكی زۆری شڕۆڤەكارانی سیاسی پێیانوایە، بۆیە ئیمامئۆغڵو دەستگیر كراوە و ئەو هەموو تۆمەتەی دراوەتە پاڵ، چونكە هەڵبژاردنی لە ئەردۆغان دەبردەوە و خاوەن جەماوەرێكی گەورەیە لە توركیا، بۆیە ئەمە ترسی خستبووە دڵی ئەردۆغان و ئاكەپە و لە رێگەی دادگاوە دەستگیریان كرد.
ئاكەپەییەكان و ئەردۆغان هەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەكەنەوە و دەڵێن دۆسیەكەی یاساییە و پێویستە رووبەڕووی یاسا بكرێتەوە.
دوای ئەوەی كۆنگرەی ٣٨ی جەهەپە هەڵوەشایەوە و كەمال كلیچدارئۆغڵو بووەوە بە سەرۆكی جەهەپە و ئۆزگوور ئۆزەل لە پۆستی سەرۆكی جەهەپە نەما، ئۆزەل سەردانی ئیمامئۆغڵوی كرد لە زیندان و لەوێ بیرۆكەی پارتێكی نوێیان دامەزراند و پاشان بەفەرمی لە ساڵیادی پەیماننامەی لۆزاندا پارتە نوێكەیان بەناوی پارتی نوێ دامەزراند.
پارتی نوێ هەر ئەو رۆژەی دامەزرا، ٩١ پەرلەمانتاری جەهەپە دەستیان لەكاركێشایەوە و چوونە پاڵ پارتی نوێ، بۆیە ئێستا دووەم گەورەترین پارتی توركیا پارتی نوێیە نەك جەهەپە.