سیروان عوسمان
هەندێک دەق تەنیا بۆ خوێندنەوە نانووسرێن؛ بەڵکوو بۆ ئەوە دەنووسرێن کە شتێک لە بیرەوەریی کۆمەڵێک مرۆڤدا بپارێزن. (بۆرەی قەپلان) یەکێکە لەو هەقایەتانەی لە سنووری چیرۆکێکی خێزانی تێدەپەڕێت و، دەگاتە جیهانی کەلەپوور، بیرەوەری، زمان، شوێن و ژیانی کۆمەڵایەتیی کورد.
دەقەکە بە بیرەوەرییەکی سادە و پڕ لە هەستەوە دەست پێ دەکات؛ بیرەوەریی منداڵێک، کە لە شەوانی سارد و درێژی پاییز و زستان، لە ڕۆخ ئاگردان، گوێ لە هەقایەتەکانی نەنکی دەگرێت. ئەو وێنەی ئاگردان و نەنک و منداڵ، تەنیا وێنەیەکی خێزانی نییە؛ بەڵکوو بەشێکە لە شێوازی ژیانی کۆنی کورد، کە هەقایەت و داناییی نەوەکان لە ڕێگەی گێڕانەوەی زارەکییەوە دەگوازرێتەوە.
لە دەستپێکی هەقایەتەکەدا، نەنک لە وەڵامی داواکاریی منداڵەکەدا بە خەندەوە ئاماژە بە گەورەبوونی دەکات. ئەمە لە دەرەوەدا گفتوگۆیەکی سادەی نێوان نەنک و نەوەکەیە، بەڵام لە ناخەوەدا باس لە تێپەڕینی کات دەکات؛ منداڵ گەورە دەبێت، بەڵام هەقایەتەکانی منداڵی لە ناخیدا دەمێننەوە.
لەوێوە، هەقایەتخوێن دەبێتە پردێک لەنێوان دوو نەوە: نەوەیەک کە هەقایەتەکەی لە یادە و، نەوەکەی دی کە بە تامەزرۆییەوە دەیەوێت هەقایەتەكە ببیسێت. ئەم پەیوەندییە لە کۆمەڵگای کوردەواریدا گرنگییەکی تایبەتی هەبووە، چونکە زۆر لە چیرۆک، پەند، باوەڕ و زانیارییە کۆنەکان بە هەمان ڕێگە لە سەردەمێكدا لە ڕێی نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دیكە لە سەردەمێكی دیكە گوێزراونەتەوە.
بەڵام دەبێ بزانین (بۆرەی قەپلان) هەر هەقایەتێکی خێزانی نییە و بەس، بەڵكوو لە بەشەکانی دواتریدا، دەقەکە دەگاتە شوێن و جۆگرافیای ناوچەکە و وێنەیەکی زیندوو لە سروشتی کۆنی دەوروبەری هەولێر پێشکەش دەکات.
باسکردنی (دوڕگۆکە)، زێ و دەشت و دارستان، خوێنەر دەباتە ناو شوێنێک، کە سروشت لە ژیانی مرۆڤ جیا نەکراوەتەوە. لە هەقایەتەکەدا، دارستان هەر کۆمەڵە دارودرەختێكی پەتی نییە؛ بەڵکوو شوێنی ژیان و سەیران و یادەوەرییە. دەشت و ڕووبار و گوڵ و ڕووەکەکانیش بەشێکن لە ناسنامە و پێكهاتەی ئەو شوێنە.
یەکێک لە جوانترین لایەنەکانی دەقەکە، ناوهێنانی ناوی ڕووەک و گوڵە کۆنەکانە؛ ناوەکانی وەک (حاجیلە، بەیبوون، گاکرۆ، مێلاقە، نیسان، کاوسێنە، لاولاوە، پەلێزە، شمری شاق، خەزێمە و دانەقەتی) تەنیا بۆ جوانکردنی دەق نەهاتوون، ئەم ناوانە خۆیان بەشێکن لە فەرهەنگ زمان و کەلەپوور و ژینگەی ناوچەکە.
لە ڕووی ئەدەبییەوە، نووسەر سوود لە وێنەسازییەکی زیندوو وەردەگرێت. ئاگردان، شەوانی سارد، دەستە لەرزۆکەكانی نەنک، تەزبێحی نەرجیلەی سوور و دەنگی هەقایەتخوێن، هەموویان وێنەیەکی نزیک لە سینەما لە مێشکی خوێنەر دروست دەکەن.
بەڵام بەڵگەیەکی گرنگ، کە نرخ و پێگەی (بۆرەی قەپلان) زیاتر دەکات، ئەو پەیامەیە، کە ڕەوانشاد (د. کەمال مەزهەر ئەحمەد) لە ١٢ی نیسانی ١٩٩٠دا لە پێشەكیی چاپی یەكەمی بۆرەی قەپلاندا نووسیویەتی.
لەو پەیامەدا، دوای خوێندنەوەی (بۆرەی قەپلان)، بە شێوەیەکی ڕوون دەستخۆشی لە نووسەر دەکات و بەرهەمەکە بە کاری پڕمانا و بەکەڵک دەزانێت. لە بەشێکی گرنگی پەیامەکەدا دەڵێت: “بریا هەموو دایک و باوکانی کورد و منداڵەکانیان (بۆرەی قەپلان)یان دەخوێندەوە.”
ئەم ڕستەیە گرنگییەکی تایبەتی هەیە؛ چونکە پیشان دەدات، كە بەرهەمەکە هەر بە چیرۆکێکی خۆش نەبینراوە، بەڵکوو بە دەقێکی پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی دادەنرێت، کە دەتوانێت پەیوەندیی نێوان باوان و منداڵ بەهێز بکات و منداڵ لەگەڵ جیهانی هەقایەت و کەلەپووری خۆیدا ئاشنا بکات.
ئەم پەیامە، کە بەڵگەیەکی نووسراوە و بە مێژووەوە تۆمار کراوە، دەتوانێت لە خوێندنەوەی مێژوویی (بۆرەی قەپلان)ـدا سەرچاوەیەکی گرنگ بێت؛ چونکە دەری دەخات کە بەرهەمەکە لە کاتی خۆیدا چۆن و لەلایەن کێوە هەڵسەنگێنراوە.
ڕاستییەکەی، ئەوەی لەم ئیمڕۆیەدا (بۆرەی قەپلان) گرنگ دەکات، تەنیا چیرۆکی قەپلان نییە؛ بەڵکوو ئەو جیهانەیە کە لە پشت چیرۆکەکەوە دەبینرێت: ئاگردان، نەنک، منداڵ، دارستان، دەشت، ڕووبار، گوڵ و وشە و ناوی شوێنەکان.
ئەم هەمووانە پێكەوە، کۆمەڵێک پارچەی بیرەوەریی کۆمەڵگایەکن، کە ئەگەر تۆمار نەکرێن، لەگەڵ تێپەڕینی کات لەبیر دەچنەوە.
هەربۆیە (بۆرەی قەپلان) دەکرێ بە بەشێک لە ئەدەبیاتی بیرەوەری و فۆلکلۆری کوردی بزانرێت؛ بەتایبەتی ئەدەبیاتێک، کە هەقایەت و کەلەپوور و ژیانی ڕۆژانەی خەڵک بەیەکەوە گرێ دەدات.
ئەگەر ئەم جۆرە دەقانە لەگەڵ بەڵگە و یادەوەرییە هاوچەرخەکانیان کۆبکرێنەوە، دەتوانن ببنە سەرچاوەیەکی بەهادار بۆ ناسینەوەی مێژووی کۆمەڵایەتی، زمانی، ژینگە و کەلەپووری هەولێر و ناوچەکانی دەوروبەری.
لە کۆتاییدا، (بۆرەی قەپلان) هەقایەتێکە لەسەر قەپلان، بەڵام لە ناخەوە هەقایەتێکە لەسەر مرۆڤ و یادەوەری؛ لەسەر نەنکێک، کە شەوانی درێژی بە هەقایەت ڕۆشن دەکردەوە، لەسەر منداڵێک، کە بە تامەزرۆیی گوێی دەگرت و لەسەر جیهانێک، کە ئەمڕۆ بەشێکی زۆری بووەتە ڕابردوو.
هەقایەتەکان ئەگەر بنووسرێنەوە، تەنیا چیرۆک و سەربردەکان ناپارێزن؛ دەنگی نەوەکان، ناوی شوێنەکان و بۆنی کاتەکانی ڕابردووش دەپارێزن.
بەڵگەی پەسەندکردن:
پەیامی د. کەمال مەزهەر ئەحمەد بۆ عەزیزی مەلای ڕەش، ڕێكەوتی ١٢–٤–١٩٩٠، کە لەوێدا (بۆرەی قەپلان) وەك بەرهەمێکی پڕمانا و بەکەڵک و شایانی خوێندنەوە بۆ خێزان و منداڵانی کورد وەسف دەكات.
ئێمەش لێرەدا دەهێنینەوە بیرتان، كە چاپی یەکەمی بۆرەی قەپلان لە ساڵی ١٩٩٠دا بوو، وا ئەم جارە ئێمە دەستمان هێنایە بەر و بە شانازییەوە دوای (٣٥ ساڵ) بۆ دووەم جار لە ٢٠٢٦ چاپمان كردەوە.

