رۆژنامەی ھەولێر

گرانبوونی نەوت بۆرسەی جیهانی تێك داوە

كارزان گلی – هه‌ولێر

گرانبوونی نرخی نەوت و گازی سروشتی بەهۆی جەنگی نێوان ئەمریكا و ئێرانەوە، كاریگەریی زۆری لەسەر بۆرسەی جیهانی دروست كردووە، بەتایبەت بۆرسەی وڵاتانی ئاسیا، كە بەشێوەیەكی گشتی بۆرسەیان ٣٪ دابەزیوە.

نرخی نەوتی برێنت نزیك بووەتەوە لە ١١٥ دۆلاری ئەمریكی، بۆرسەی ژاپۆن بەهۆی گرانی نرخی نەوت ٤.٥٪ دابەزیوە، ئەمەش كاریگەریی زۆر خراپی لەسەر رەوشی ئابووری كردووە. هەروەها كۆریای باشووریش بۆرسەی ٣.٥٪ دابەزیوە، بۆیە هەڵمەتێكی نیشتمانیان راگەیاندووە، بەوەی تا بۆیان بكرێت كارەبا بەكار نەهێنن، هەروەها بە پاس و میترۆ بچنە سەر كار و سەیارەی خۆیان بەكار نەهێنن، بەڵام هاووڵاتیان پێیان وایە ئەو هەڵمەتە كاریگەری دروست ناكات.
٢٨/٢/٢٠٢٦، ئەمریكا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران؛ ئێرانیش وەكوو وەڵامدانەوەیەك دەربەندی هورمزی داخست، ئەمەش كاریگەریی لەسەر ئابووریی جیهان دروست كرد، چونكە ٢٠٪ گازی سروشتی و خۆراك و نەوت بەو دەربەندەدا تێپەڕ دەبێت، ئەمەش وای كرد نرخی نەوت بەرز ببێتەوە.
لە ٩ی ٣ی ٢٠٢٦، نرخی یەك بەرمیك نەوت گەیشتە ١٢٠ دۆلار، بەڵام دۆناڵد ترەمپ لێدوانێكی دا و گوتی ”شەڕ بەرەو كۆتایی دەڕوات“، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی نرخی نەوت دابەزێت.
تاوەكوو ئێستا دانوستانی نێوان ئەمریكا و ئێران ئەنجامی نەبووە، حووسییەكانی یەمەنیش هاتوونەتە ناو شەڕەكە و دوو مووشەكیان هاوێشتە ئیسرائیل، ئەمەش بەو مانایە دێت شەڕ فراوانتر بووە، بۆیە نرخی نەوتیش لە بەرزبوونەوەدایە.
ئەمریكا بڕیاری داوە سەباز بنێرێتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەهێزی زەمینی دوورگەی خارك بگرێت و لەوێشەوە بتوانێت گەرووی هورمز بخاتە ژێر ركێفی خۆیەوە، ئەمەش وای كردووە ناسەقامگیری لە نرخی وزە دروست ببێت و ترس هەیە ئەو شەڕە زەمینییە زۆر بخایەیەنێت.
دۆناڵد ترەمپ لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ رۆژنامەی (فاینەنشیاڵ‌تایمز)، بەڕوونی گوتی دەمەوێت نەوتی ئێران دەستبەسەردا بگرم، هەروەها دوورگەی خاركیش لە دەستی ئێران دەربهێنم.
ترەمپ گوتی: ”ئەگەر دەتەوێت راستگۆ بم لەگەڵتدا، زۆرم لا گرنگە نەوتی ئێران وەربگرم، بەشێك لە گەمژەكانی ئەمریكا دەڵێن، بۆچی ئەم شەڕە دەكەیت؟ بەڵام ئەوان گەمژەن.“
باسی لەوەش كرد، ئێران ناتوانێت بەرگری بكات و زۆر لاواز بووە، بۆیە دەتوانن دوورگەی خارك بگرن و نەوتی ئێرانیش بخەنە ژێر ركێفی خۆیان.
دوورگەی خارك بۆ ئێران زۆر گرنگە و ٢٤ كیلۆمەتر لە ئێرانەوە دوورە، ٩٠٪ی ژێرخانی نەوتی ئێران لەو دوورگەیەدایە، نەوتی کۆگاکراوی لەوێوە بۆ جیهان دەگوازرێتەوە، بۆیە ئەگەر ئەو دوورگەیە لەدەست بدەن، داهاتی ئێران زۆر دادەبەزێت.
بەڵام وەزارەتی بەرگری ئێران ئاشكرای كرد، یەك ملیۆن سەربازیان ئامادەیە بۆ جەنگی زەمینی و ناتوانن یەك بستی خاكی ئێران داگیر بكرن. شرۆڤەكارانیش بەسەر دوو بەرەدا دابەشبوون، بەشێك پێیانوایە ئەمریكا دەتوانێت لە ماوەیەكی كەمدا خارك داگیر بكات، بەڵام بەرەكەی تر پێیان وایە ئەم شەڕە زەمینییە چەندین مانگ دەخایەنێت و رەنگە ئەمریكا نەتوانێت سەركەوتوو بێت تێیدا. ئەوەی زۆر باسی لێوە دەكرێت، ئەگەر شەڕەكە زۆر بخایەنێت، ئەگەر هەیە نرخی نەوت تا ٢٠٠٪ بڕوات، ئەمەش كاریگەریی زۆری لەسەر ئابووریی جیهان دەبێت.