رۆژنامەی ھەولێر

هەر هاووڵاتییەك پێوەری ئاو ببەستێت داشكاندنی گەورەی لە قەرز بۆ دەكرێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، لەم مانگەوە ئاسانكارییەكی نوێ بۆ ئەو هاووڵاتییانە دەكرێت كە تا ئێستا پێوەری ئاویان نەبەستووە، بە جۆرێك بەشێكی زۆری قەرزەكانیان بۆ دەبەخشرێت ئەگەر پابەندی بەستنی پێوەرەكە بن.

سامانی ئاو لە ئەولەویەتی كارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە، ڕۆژانە لە هەرێمی كوردستان نزیكەی 2 ملیۆن و 100 هەزار مەتر سێجا ئاو بەرهەمدەهێندرێت، بەگوێرەی ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوڕۆی هەرێم، ئەمە بڕێكی زۆرە و ڕێژەكە لە تەواوی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان زیادە، بەڵام نزیكەی 30% لەم بڕە ئاوە بە فیڕۆ دەچێت، ئەمەش وایكردووە هەندێك كات هاووڵاتییان دووچاری بێ ئاوی ببنەوە.
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی كوردستان، ئاشكرای كرد، بەپێی فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیران، پڕۆسەی بەستنی پێوەری ئاوی ماڵان بەردەوام دەبێت، بەڵام لە سەرەتای مانگی نیسان گۆڕانكاریی لە وەرگرتنی قەرزی ئاودا دەكرێت.
بەپێی بڕیارە نوێیەكە، ئەو هاووڵاتییانەی لەناو سەنتەری شارەكاندانە و لە ماوەی ڕابردوودا پێوەری ئاویان نەبەستووە، ئەگەر ئێستا پێوەر ببەستن، ئەوا ئەو قەرزەی لەسەریانە و پێشتر بڕەكەی لە نێوان 40 هەزار بۆ 80 هەزار دینار بووە، داشكاندنی بۆ دەكرێت و تەنیا 20 هەزار دیناریان لێ وەردەگیرێت.
هەروەها بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی كوردستان، ئاماژەی بەوەشدا، بۆ دانیشتووانی دەرەوەی سەنتەری شارە گەورەكان ئاسانكاریی زیاتر كراوە و بڕی قەرزەكەیان بۆ تەنیا 10 هەزار دینار كەمدەكرێتەوە. بەڕێوەبەری گشتی جەختی كردەوە كە ئەم هەنگاوە لە پێناو بەرژەوەندیی گشتی و كەمكردنەوەی بارگرانی داراییە لەسەر شانی هاووڵاتییان، هاوكات هاندەرێكیشە بۆ ڕێكخستنەوەی بەكارهێنانی ئاو لەڕێگەی پێوەرەوە.
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی كوردستان، ئاماری هاوبەشانی ئاو و پابەندییان بە بەستنی پێوەر ئاشكرا كرد و گوتی، یەك ملیۆن و دوو هەزار هاوبەشی ئاو لە هەرێمی كوردستان تۆماركراون و ئامارەكانیش دڵخۆشكەرن، چونكە 90%ـی هاوبەشان پێوەری ئاویان بەستووە و خەڵكێكی زۆر پابەند بووە.