رۆژنامەی ھەولێر

هەولێر لە دوای ئەم یارییە بۆ چامپیۆنزلیگی کەنداو گەشتی ئیماڕات دەکات

ئەسعەد ئیسماعیل – هە‌ولێر

 

دوای کۆتایی هاتنی یارییەکانی هەفتەی فیفا گەڕی نۆیەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق دەست پێدەکات، هەولێر بە تەواوی ئەستێرەکانی ئامادەیە. لەلایەکی دیکەشەوە دهۆک لە دۆخێکی خراپ میوانداریی زەوڕا دەکات، ئەنجامی ئەم یارییە رەنگە بە تەواوەتی چارەنووسی یەحیا گۆڵمحەمەدئ راهێنەری هەڵۆیەکان یەکلایی بکاتەوە. لە یاریی لوتکەی دێربی بەغدا یانەکانی تەڵەبە و شوڕتە رووبەڕووی یەکتر دەبنەوە.

هەولێر رووبەڕووی نەفتی میسان دەبێتەوە
هەولێر بۆ ئەم یارییە بە فرۆکە گەشتی بەسرەی کرد، لەوێشەوە بە ئۆتۆمبێل بەرەو شاری میسان بەڕێکەوت و بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە لە کاتژمێر 06:45 خولەکی ئێوارە لە گەڕی نۆیەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق ببێتە میوانی یانەی نەفتی میسان.
هەولێر لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق لە کۆی هەشت یاری، 5 بردنەوە و 2 یەکسانبوونی هەیە و تەنیا یەک یاری دۆڕاندووە، ئەم دۆڕانەش لە نێو یاریگەی خۆی بەرامبەر گەرمەی سەرلیستی خولەکە بوو.

هەولێر بە کۆکردنەوەی 17 خاڵ لە ریزبەندی سێیەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق دێت.
لە بەرامبەردا نەفتی میسان لەم وەرزە تەنیا یەک یاری بردووەتەوە ئەو سەرکەوتنەش بەرامبەر تەڵەبووە و چوار یاری بەرامبەر زەورا، قوە جەویە و کەرخ و نەورۆز دۆڕاندووە.
هەولێر بۆ ئەم یارییە بە راهێنەرایەتی لوئەی سەڵاح بە تەواوی ئەستێرەکانی ئامادەیە تەنانەت هومام تاریق دوای نزیکەی 3 مانگ لە دابڕان بەهۆی پێکانەوە بەڵام بۆ ئەم یارییە بەشداریی ناکات و چاوەڕێ دەکرێت تا توانای جەستەیی بۆ دەگەڕێتەوە.
یانەی هەولێر بە بردنەوە لەم یارییە دەرفەتی ئەوەی هەیە بگەڕێتەوە لوتکەی خولەکە بە مەرجێک یانەکانی گەرمە و زەورا لەم گەڕە خاڵ لەدەست بدەن.

هەولێر راستەوخۆ گەشتی ئیمارات دەکات
یانەی هەولێر دوای ئەم یارییە دەگەڕێتەوە هەولێر رۆژی 12ـی ئەم مانگە بە فڕۆکە گەشتی شاری شاریقەی ئیمارات دەکات، دوای دوو یەکەی راهێنان لەو وڵاتەدا، رۆژی 14ـی مانگ لە گەڕی یەکەمی چامپیۆنزلیگی کەنداو هەولێر رووبەڕووی یانەی عەجمانی ئیماراتی دەبێتەوە.

هەولێر چاوی لە بردنەوەی چامپیۆنزلیگی کەنداوە
سەفین یاسین سەرۆکی یانەی هەولێر لە لێدوانێکی تایبەت بۆ رۆژنامەی هەولێر رایگەیاند لەپێناو بردنەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگ لە گواستنەوەی زستانە پێکهاتەکەیان بەهێزتر دەکەن، دەشڵێت: لوئەی سەڵاح راهێنەری یانەکەمان داوای هەر یاریزانێک بکات لە گواستنەوەی زستانە دەیگوازینەوە و دەمانەوێت ئەم وەرزە نازناوێک ببەینەوە.
لە لایەکی دیکەشەوە لوئەی سەڵاح راهێنەری یانەی هەولێر رایدەگەیەنێت بۆ خولی یانەکانی کەنداو پێویستییان بە دوو تا سێ یاریزانی دیکەیە.

دهۆک لە یاریی لوتکە میوانداریی زەورا دەکات
لە گەڕی نۆیەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق یانەی دهۆک لەنێو یاریگەی خۆی میوانداریی یانەی زەورا دەکات.
دهۆک ئەم وەرزە بە دۆخێکی ئێجگار خراپ تێپەڕ دەبێت و تاکە یانەیە لەم وەرزە تەنیا یەک یاریی بردووەتەوە و یەک یاریشی دۆڕاندووە و سەرجەم یارییەکانی دیکەشی بە یەکسانبوون تەواو کردووە.
دهۆک لە بارودۆخێکی سەختدا رووبەڕووی یانەی زەورا دەبێتەوە، چونکە هەڵۆیەکانی بادینان لەگەڵ راهێنەرە ئێرانییەکەیان لە کێشەدایە.
زەورا ئەم وەرزە هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە و سێ یاری بەرامبەر یانەکانی موسڵ و کەربەلا و مینا یەکسان بووە و سەرجەم یارییەکانی دیکەشی بردۆتەوە و بە کۆکردنەوەی 18 خاڵ پلەی دووەمی ریزبەندی گرتووە و بە جیاوازی دوو خاڵ لە یانەی گەرمەی پێشەنگی خولەکە دوورە.

دهۆک لەبەردەم بڕیارێکی یەکلاکەرەوە دایە
دهۆک هەفتەیەک پێش ئەم یارییە بە بیانووی کێشەی دارایی یاریزانەکان بایکۆتی مەشقەکانیان کرد، دواتر کێشەی مووچەی ئەم مانگەیان بۆ چارەسەر کرا و یاریزانەکان گەڕانەوە راهێنانەکان.
لە ئەگەری هەر ئەنجامێکی خراپ رەنگە دهۆک بە فەرمی بڕیارە قورسەکەی بدات و گرێبەستی یەحیا گوڵمحەمەدی راهێنەری هەڵبوەشێنێتەوە.
بەگوێرەی بەداداچوونەکانی رۆژنامەی هەولێر تێچووی ئامادەکردن و دروستکردنی تیپی یانەی دهۆک بۆ خولی ئەستێرەکانی عێراق گەیشتووەتە سەرووی 7 ملیار دینار.
یانەی دهۆک لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق لە کۆی 8 یاری تەنیا یەک سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و 6 بەرامبەربوون و شکستێکی هەیە و بە کۆکردنەوەی 9 خاڵ لە پلەی هەشتەمی ریزبەندی دێت.
یانەی دهۆک 56 ساڵ لەمەوبەر بە دیاریکراوی لە ساڵی 1975 دامەزرا، یانەکە نازناوێکی خولی ئەستێرەکانی عێراق و نازناوێکی جامی عێراقی بەدەستهێناوە و جارێکیش بووەتە پاڵەوانی چامیۆنزلیگی کەنداو.

ئەمڕۆ یاریی دێربی بەغدا دەکرێت
لە گەڕی نۆیەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق، دوو یانە رکابەر و سەرسەختەکەی یەکتر تەڵەبە و شوڕتە رووبەڕووی یەکتر دەبنەوە، یارییەکەش لە کاتژمێر 08:30ـی شەو دەکرێت.
تەڵەبە ئەم وەرزە بە دۆخێکی خراپ تێپەڕ دەبێت و لە کۆی هەشت یاری 3 یاری دۆڕاندووە و تەنیا یەک یاری لە دژی کەرخ بردووەتەوە و سەرجەم یارییەکانی دیکەشی بە یەکسانبوون تەواو کردووە.
لە بەرامبەردا یانەی شورتە بە سەرەتایەکی تاڕادەیەک خراپ گوزەر دەکات، لە کۆی هەشت یاری تەنیا 4 یاری بردووەتەوە و یارییەکیشی بەرامبەر گەرمە دۆڕاندووە و 3 یاریشی بە یەکسانبوون تەواو کردووە و بە 15 خاڵ بە کاتی لە پلەی پێنجەمی ریزبەندی دێت