رۆژنامەی ھەولێر

سەرنجێکی کورت بۆ شیعری “ئاوەدانکردنەوەی خانوویەکی گڵ لەگەڵ تۆ”

ئارام کۆشکی – هە‌ولێر

 

هەمیشە ئەو ڕۆژانەی شیعری ڕاستەقینە دەخوێنمەوە ژیانم باشترە، ڕۆحم ئاسوودەترە و دڵم ئارامتر لێ دەدات. وەک ئەوەی شیعر ئەو ڕێگایە بێت بۆ ژیانێک، کە ئاسوودەگی ڕاستەقینەی لەهەناودا هەڵگرتبێت. شیعرە ڕاستەقینەکان بەوەدا دەناسرێنەوە، کە هەڵگری جیهانبینی و گوتاری نوێن، ئەمە بێجگە لە وێنە و موفرەدەی نوێ. شیعر هەمیشە دژ بە ڕووکەشگەراییە و بەرەو ژیانی ڕاستەقینە و ڕەسەن، ڕێنماییمان دەکات. ژیانێک کە خاوێن بێت و ڕۆح تێیدا ئاسوودە بێت، نەک جەستە.

یەکێک لەو شاعیرانەی دەخوازێت بە شێوازێکی نوێ و لە دەروازەیەکی دیکەوە بەرەو ماڵی شیعر هەنگاو بنێت “سومەیە جەلال”ـە، کە لەم ماوەیەی پێشوودا یەکەم کۆمەڵە شیعریم بەناونیشانی “سەراپام برینە خۆتم لێ پێچە”یە خوێندەوە، ئەم کتێبە خەڵاتی “کاڵ”ی بۆ کتێبی ساڵی بردووە. ئەم کتێبە قەبارە بچووکە، بە دونیایەکی گەورەوە لەبەردەم خوێنەردا دەوەستێت، دونیایەک کە هەڵگری جیهانبینی نوێ و گوتارێکی شیعریی تایبەت بێت. لە خوێندنەوەی ئەم شیعرانەدا هەستم بە دیوە ڕاستەقینە سروشتییەکەی شیعر کرد، دیوێک کە تەنها لە شیعری ڕاستەقینەدا هەستی پێ دەکرێت. لەنێو ئەم دیوانەدا یەکێک لەو شیعرانەی زیاتر بووە جێگەی سەرنجم شیعری “ئاوەدانکردنەوەی خانوویەکی گڵ لەگەڵ تۆ” بوو کە جگە لەوەی خاوەنی تێمایەکی گرنگە، هاوکات دژ بەم سەردەمەیە، کە مۆدێرنە وەختە هەموان هەڵلوشێت و بەرەو ژیانێکی ساختە، ژیانێکی ڕووکەشگەرا هەموان فریو بدات. لێرەدا وەزیفەی شیعر و شاعیر ئەوەیە، کە خوێنەر لەم فریودان و ساختەگەریی و ڕووکەشگەراییە ئاگادار بکاتەوە. ئەم شاعیرە لەم شیعرەدا هەوڵی داوە ئەمە بکات.
سیتیڤان مالارمێ لە گوتارێکدا دەنووسێت: “شاعیری ڕاستەقینە بە زەروری ڕەخنەگرێکی پلەیەکیشە.” واتە جگە لە هەموو وەزیفەکانی دیکە، کە شاعیر دەبێت هەڵگری بێت، وەکو نوێبوونی زمان و داهێنانی جیهانێکی نوێ و زۆر شتی دیکە، بەڵام وەزیفەی سەرەکیشییەتی کە پێویستە ڕەخنەگر بێت. شاعیران بەوە دەناسرێنەوە کە چاوێکی ڕەخنەییان هەیە و خاوەنی هەستیارییەکی بەرزن، بۆ درککردنی ئەوەی ڕوو دەدات و ئەوەی بەرەو ڕوومان دێت.
ئەم شاعیرە بەشێوەیەکی جوان ئەم دەقە خۆشەویستییەی دژ بە مۆدێرنە نووسیوە. هەر لەسەرەتاوە دەیەوێت خوێنەر بەوە ئاشنا بکات و بیگێڕێتەوە بۆ خۆشەویستییەک لەنێو خانوویەکی گڵدا. لەم سەرەتایەوە دەبینین ئەمە هێمایە بۆ گەڕانەوە بۆ ژیانی گوند، چونکە نایەوێت نە خۆی نە خۆشەویستەکەی لەنێو شاردا بن، بەڵکو دەگەڕێنەوە بۆ قەدپاڵی شاخێک و بۆ خانوویەکی گڵ، واتە بۆ ژیانێک کە مۆدێرنە دەستی پێی نەگەیشتووە و ژیان تێیدا بە دیوە ڕەسەن و خاوێنییەکەوە ئەزموون دەکرێت. لە ژیانی شاردا جگە لەوەی کە هەموو شت بە کۆنکرێت دەکات، هاوکات پەیوەندی نێوان مرۆڤەکانیش جۆرێک لە کۆنکرێت هەیە، واتە جۆرێک لە ڕەقی و بەرژەوەندیخوازی هەیە بەتایبەت لەڕووی ماددیەوە. بەڵام کاتێک شاعیر داوامان لێ دەکات بەرەو جیهانی بن شاخەکان و خانووی گڵ بگەڕێینەوە ئیدی ئەمە تەنها گەڕانەوەیەکی ئاسایی نییە، بەڵکو گەڕانەوەیە بۆ لای ئەو ژیانەی کە هەم خۆشەویستی تێیدا ڕەسەن بوو و دوور بوو لە نمایش و بەرژەوەندیخوازی، هەم لەژێر جەبرەکانی مۆدێرنە و ئەو ژیانە مۆنۆپۆلکراوە دەربچن و بەرەو ئازادییەکی سروشتی.
کۆتایی شیعرەکە بە ئاوەدانکردنەوەی خانوویەکی گڵ بە کەرەستەی سروشتی کۆتایی دێت، ئەمەش وەکو جۆرێک لە ڕەخنەکردنی مۆدێرنە، کە خانووەکان دەکات کۆنکرێت و شووشەبەند. بەڵام ئەم شاعیرە ئەو وزە ڕەخنەییە دەخاتە کار کە مالارمێ لە شاعیری دەخوازێت و ڕەخنەی مۆدێرنەی پێ دەکات. شیعرەکە دەکرا کاری زیاتری لەسەر بکرایە، بەڵام وەکو سەرەتایەک بۆ ئەزموونی ئەم شاعیرە جێگەی دەستخۆشییە. بێگومان ئەم دەقە قسەی زیاتر هەڵدەگرێت، بەڵام لێرەدا تەنها ئەم دەرفەتە هەیە.
سەبارەت بە کۆی کتێبەکەش بۆ من جێگەی دەستخۆشی بوو، بەو پێیەی لەم یەکەم وێستگە شیعرییەدا توانی ئێمە لەبەردەم شیعردا ڕابگرێت و ئیستێکمان پێ بکات، چونکە ئەرکی شاعیرەکان وروژاندنی پرسیارە، نەک وەڵامدانەوەی پرسیار. ئەم شاعیرە لەم کتێبە شیعردایە ئەمەی کردووە، بۆیە لای من جێگەی دەستخۆشی و هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازم.

*بۆ خوێندنەوەی تەواوی شیعرەکە بڕوانە کتێبی “سەراپام برینە خۆتم لێ پێچە”، شاعیر سومەییە جەلال، لاپەڕە 11،12 چاپی ڕۆژهەڵاتی کوردستان 2026.