رۆژنامەی ھەولێر

مــــیکێل ئــــــارتێتا: یاریزانەکانم پێویستیان بە هیچ هاندانێک نییە

ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر

 

وەرزێکی نوێی خولی نایابی ئینگلیزی، بە یاری نێوان ئارسێناڵ پاڵەوانی پرێمەرلیگ و کۆڤێنتری سیتی پاڵەوانی چامپیۆن شیپ دەستی پێکرد، ئارسیناڵ لە یەکەمین یاری ئەم وەرزە گورزێکی گەورەی لە کۆڤێنتری دا و بە 3 گۆڵی بێوەڵام شکستی بە یانەکەی فرانک لامپارد هێنا، گۆڵەکانیش کای هاڤێرتس، بۆکایۆ ساکا و مارتن ئۆدیگارد تۆماریان کرد.

ئارسیناڵ وەرزی رابردوو دوای رکابەرییەکی بەهێز، دواجار توانی دوای نزیکەی 22 ساڵ ناسناوی پرێمەرلیگ بباتەوە، لە بەرامبەر کۆڤێنتری سیتی ئەو یانەیەش کە پاڵەوانی خولی پلەیەکی ئینگلاندی بەدەستهێنا، ئەوانیش دوای نزیکەی 25 ساڵ بە سەرکردایەتی فرانک لامپاردی راهێنەری جارێکی دیکە گەڕاونەتەوە پرێمەرلیگ.
تۆپ هاوێژەکانی لەندەن سەرەتای هەفتەی داهاتوو، لە یاری جامی قەڵغانی خێرخوازی توانیان بە ئەنجامی سێ گۆڵی بێوەڵام لە مانچێستەر سیتی ببەنەوە و بە هێزی دەستیان بە وەرزی نوێ کردووە.
یانەی ئارسێناڵ ئەم هاوینە تاوەکو ئێستا سێ یاریزانی نوێی بەرامبەر نزیکەی 167 ملیۆن یۆرۆ گواستووەتەوە ریزەکانی، ئەوانیش بریتین لە برۆنۆ گیماریش لە نیوکاسڵ بەرامبەر 87 ملیۆن، پیێرۆ هینکاپێ لە بایر لیڤەرکۆزن بەرامبەر 40 ملیۆن یۆرۆ و کریستۆس زۆلیس لە کلەب بروج ئەویش بەرامبەر 40 ملیۆن یۆرۆ.
میکێل ئارتێتا بەرێوەبەری هونەری یانەی ئارسێناڵ، لەبارەی ئەوەی ئایا یاریزانەکانی لە پێناو بەدەستهێنانی دووەم ناسناوی پرێمەرلیگ، پێویستیان بە هاندانی زیاتر هەیە گوتی، یاریزانەکانیان پێویستیان بە هاندان نیە و خۆیان هەموو ئامانجیانە دووبارە ناسناوەکە ببەنەوە.

دەقی قسەکانی ئارتێیا:
یاریزانەکانمان پێویستیان بە هیچ هاندانێک نییە، ئەگەر پێویستیان بە هاندانیش هەبێت، باوەڕ بکەن زۆر بە باشی هانیان دەدەم، بەڵام پێویستیان بە هاندان نییە. ئەوەی ئەوان پێویستیانە بەدیهێنانی وزە و تین و گوڕە و ئەو تین و گوڕەی کە دەبێت ئەم وەرزە دووبارەی بکەنەوە هاوشێوەی وەرزی رابردوو و بە دڵنیاییشەوە هەیانە. هەموو ڕۆژێک ئاگامان لە یەکتری هەیە، چونکە ئێمە شتێکمان دروست کردووە کە تایبەتە و دروستکردنیشی کاتێکی زۆری ویستووە و دەبێت دڵنیا بین کە ڕۆژانە ئاگامان لە یەکتر دەبێت و ئەمەش گرنگترین شتە. سەبارەت بە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان، ئێمە دەمانەوێت لە وەرزی رابردوو باشتربین و چەند یاریزانێکیشمان گواستووەتەوە ریزەکانمان، ئەگەر بزانین بە گواستنەوەی یاریزانی دیکە باشتربین، بێگومان ئەو کارە دەکەن، بەڵام تەنها لە پێناو ئەوەی باشتر بین، ئەگەر بزانین باشتر نابیت ئەو کاتە واز لە بازاڕی گواستنەوە دەهێنین.