رۆژنامەی ھەولێر

بەهۆی مێسی و کریستیانۆ گەڕایەوە یاریکردن

ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر

 

رۆناڵدینیۆی بەرازیلی لە تەمەنی 46 ساڵی دەست بە یاریکردن دەکاتەوە و گرێبەستێکی لەگەڵ یانەکەیەکی پلەسێی ئیتاڵیا واژۆ کرد.

دوای نزیکەی 11 ساڵ وازهێنان لە یاریکردن، رۆناڵدینیۆ ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی بەڕازیل و یانەکانی پاریس سانجێرمان و بارسێلۆنا لە تەمەنی 46 ساڵی دەست بە یاری کردن دەکاتەوە.
رۆناڵدینیۆ بۆ ماوەی یەک ساڵ گرێبەستی لەگەڵ یانەی راڤێنای ئیتاڵی واژۆ کرد کە ئەو یانەیە لە خولی پلەسێی ئەو وڵاتە یاری دەکات، ئەو یانەیە رۆژی دووشەممەی داهاتوو لە یەکەم یاری وەرزی نوێی خولی پلەسێی ئیتاڵیا، رووبەڕووی یانەی رێجیانا دەبێتەوە، بەڵام رۆناڵدینیۆ بەشداری ئەم یارییە ناکات و چاوەڕێ دەکرێت، بۆ یاری گەڕی دووەم ئەستێرە بەڕازیلیەکە بەشداری بکات.
رۆناڵدینیۆ دوای ئەوەی بە هاندەرانی یانەکە ناسێندرا درێسی ژمارە 10ـی پێشکەش کرا و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هاتوومە بۆ ئەوەی یارمەتی یانەی راڤێنا بدەم.

دەقی قسەکانی رۆناڵدینیۆ:
زۆر دڵخۆشم کە لێرەم لەگەڵ هاوڕێیەکانم، بەڵام دەبێت چاوەڕێ بکەین بزانین شتەکان بە باشی بۆ تیپەکە بەڕێوەدەچن، هاتوومە بۆ ئەوەی هاوکاری ئەو یانەیە بکەم و بەو هیوایەم بتوانم هاوکارێکی باشی یانەکەم بم. زۆر گرنگە ئەگەر بتوانم گۆڵێکی دیکە لە کاروانی وەرزشیم زیاد بکەم و ئەوە بۆ من بڕوا پێنەکراو دەبێت. من لە رێگەی هاوڕێیەکەم پەیوەندیم بەو یانەیە کردووە، دەبێت چاوەڕێ بکەین بزانین لە داهاتوو چی روودەدات، جارێکی دیکە دووبارەی دەکەمەوە من لێرەم بۆ ئەوەی هاوکاری یانەکەم بکەم.
رۆناڵدینیۆ لە کاروانی وەرزشی خۆی دووجار لە ساڵەکانی 2005 و 2004 خەڵاتی باشترین یاریزانی جیهانی بردووەتەوە، نازناوێکی چامپیۆنزلیگ لەگەڵ بارسێلۆنا و نازناوێکی جامی جیهانی لەگەڵ بەرازیل بەدەستهێناوە، لە ژیانی وەرزشی خۆی 94 گۆڵی لەگەڵ بارسێلۆنا و 26 گۆڵ لەگەڵ ئەسی میلان و 25 گۆڵی لەگەڵ پاریس سانجێرمان کردووە.

بۆچوونی رۆناڵدۆ نازاریۆ لەبارەی گەڕانەوەی رۆناڵدینیۆ بۆ یاریکردن
کاتێک ڕۆناڵدینیۆ باسی ئەو بابەتەی کرد تووشی شۆک بووم، سەرم سوڕما. تەنانەت لێم پرسی، تۆ شێت بووی؟
رۆناڵدینیۆ بە گاڵتەوە وەڵامی دامەوە و گوتی: زۆر بیری تۆپی پێ دەکەم، ئێستا ئامادەم تەنانەت رەنگە لە مۆندیالی داهاتوو لەگەڵ بەڕازیل یاری بکەم و جامەکە بگەڕێنمەوە ماڵەوە. ئەوە ڕۆناڵدینیۆیە. هەمیشە خەونی گەورە دەبینێت.
لێم پرسی، چی پاڵنەرێک وایکردووە تۆ ئەم بڕیارە بدەیت و بگەڕێیتەوە یاریکردن؟
رۆناڵدینیۆ گوتی: بینینی میسی و کریستیانۆ و هەندێک لە یاریزانە بەتەمەنەکان سەرنجی راکێشاوم، بەوپێیەی تا ئێستا ئەوان لە ئاستێکی بەرز بەردەوامن.
بەڵام ئەوەی بەڕاستی لە رۆناڵدینیۆ تێگەیشتم، مەبەستی لە گەڕانەوە بۆ تۆپی پێ ئەوە بوو کە بەو تەمەنە وانەیەک پێشکەشی یاریزنە لاوەکان بکات.
رۆناڵدینیۆ پێیوایە لەو سەردەمەدا یاریزانەکان هاوشێوەی رۆبۆت یاری دەکەن.
رۆناڵدینیۆ دەیەوێت پیشانی یاریزانەکانی نەوەی نوێی ئێستا بدات کە پێشتر ئەوان بە ئازادی و خۆشی یارییان کردووە و داهێنانیان لە تۆپی پێ کردووە.
بۆیە، من دڵخۆشم کە ئەو هاوڕێیەم کارێک دەکات کە دڵخۆشی دەکات. ئەگەر ڕۆناڵدینهۆ بیەوێت جارێکی تر یاری بکاتەوە، من هەمیشە پشتگیری دەکەم.