رۆژنامەی ھەولێر

نێیمار بە هێزەوە گەڕایەوە و بە ئاماژەیەک وەڵامی ڕەخنەگرانی دایەوە

مامەیارە ئەحمەد – هەولێر

نێیمار بە هێزەوە گەڕایەوە و بە ئاماژەیەک وەڵامی ڕەخنەگرانی دایەوە
دوای چەند ڕۆژێک لە کۆتاییهاتنی مۆندیال و دوورخرانەوەی پێشوەختەی بەڕازیل لە مۆندیال لەسەر دەستی نەرویژ لە چارەکی کۆتایی مۆندیال، نێیمار دا سیلڤا، گەڕایەوە یارییەکانی یانەکەی (سانتۆس) لە خولی بەڕازیل، هەرچەندە لە یارییەکەدا گۆڵی کرد، بەڵام تیپەکەی نەیتوانی سەرکەوتن بە دەست بهێنێ و لەگەڵ یانەی چاپیکوێنسی بە ئەنجامی ٢-٢ گۆڵ یەکسان بوو.
نێیمار دوای ٢٠ ڕۆژ لە دوورخستنەوەی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی لە مۆندیال، لەسەر یاریگەی ڤێلا پیلمیرۆ ڕووبەڕووی یانەی چاپیکوێنسی بووەوە، بەڵام دوو خاڵی بەهاداریان لە دەست دا و درێژەیان بە ئەنجامە خراپەکان دەکات کە لە دەستپێکی قۆناغی چوونی خولەکەوە تێی کەوتوون و لە دوا دوو یاریدا تەنیا یەک خاڵیان بە دەست هێناوە، بەو پێیەی یاریی پێشتریان بەرانەر پۆتاڤۆگۆ دۆڕاند.
لە خولەکی ٣٦ـدا نێیمار گۆڵی یەکەمی سانتۆسی تۆمار کرد، دوای ئەوەی بەشێک لە بەهرە و هونەرەکەی دەرخست، بەڵام ئەوە زۆری نەخایاند و یانەی بەرانبەر ئەنجامەکەی پێچەوانە کردەوە و دوو گۆڵی تۆمار کرد، چونکە ئاستی خراپی سانتۆسیان قۆستەوە، لە کاتێکدا ئەو تیپە ئەم وەرزە نەیتوانیوە دوو گۆڵ لە هیچ تیپێک لە دەرەوەی یاریگەی خۆی تۆمار بکات.

پێش یارییەکە بە تەنیا یەک خولەک، سانتۆس لێدانێکی سزای بۆ ژمێردرا، کە بووە جێی مشتومڕ، بەشێکی مێدیاکانی بەڕازیل بە نادروست ناویان برد. بەڵام نێیمار توانی لەو ڕێگەیەوە گۆڵی دووەمی خۆی و یانەکەی تۆمار بکات. بەو شێوازە جێبەجێی کرد کە لە یاریی نێوان نەرویژ و بەڕازیل لە مۆندیال جێبەجێی کرد.
نێیمار لەو کاتەی ئاهەنگی بۆ گۆڵی یەکەمی خۆی گێڕا، بە ئاماژەیەک وەڵام ئەو ڕەخنانەی دایەوە کە دوای دوورخستنەوەی بەڕازیل لێی گیرا، کاتێک وترا نێیمار یاریی پۆکەر دەکات، کاتێک وێنەیەکی بڵاو کرایەوە کە تێیدا بەشداریی خولی پیشەگەریی پۆکەری لە ساوپاولۆ دەکرد. لە کاتێکدا تیپەکەی یاریی یەکلاکەرەوەی بەرانبەر یۆنیڤێرسیداد سێنتڕاڵی ڤێنزویلی هەبوو لە خولی ١٦ جامی ڕەشی ئەمریکانا و تیپەکەی بە ئەنجامی ٤-١ گۆڵ یارییەکەی بردەوە.
نێیمار کاتی ئاهەنگی گۆڵەکە، بە دەستی ئاماژەی بە یاریی پۆکەر کرد، وەکوو پەیام و وەڵامێک بۆ ئەوانەی ڕەخنەیان لێی گرت. لە نیوەی دووەمیشدا چەند جارێک لەگەڵ یاریزانانی تیپی ڕکەبەر پێکدا هەڵپژان.
نێیمار لە کۆتاییدا کارتی زەردی پێ درا و بە شێوەی فەرمی بۆ یارییەکەی سانتۆس بەرانبەر ئەتلەتیکۆ پاراناسنی خاوەن پلەی سێیەمی ڕیزبەندیی خولی بەڕازیل، بەشداری ناکات.
ئەو یەکسانبوونە گورزێکی دیکە بوو بۆ سانتۆس، کە هێشتا ململانێ لەسەر دوورکەوتنەوە لە ئاستەکانی خوارەوە و دابەزین دەکات، لەگەڵ یانەیەک یەکسان بوو و خاڵێکی بەنرخی پێ بەخشی، کە تەنیا یەک بردنەوەی لە خولەکەدا هەیە، ئەویش لە قۆناغی یەکەم لە سانتۆسی بردەوە.

ئیمیریک لاپۆرت خۆی پێشکەشی بەرشلۆنە کرد، بەڵام ڕەتی کردەوە
ئیمیریک لاپۆرت، هاوبەشی سەرەکیی یاریزان کۆبارسی لە هێڵی بەرگریی هەڵبژاردەی ئیسپانیا، خۆی پێشکەشی یانەی بەرشلۆنە کرد، بەڵام یانەی بەرشلۆنە لەپێناو یاریزانێکی دیکە ئەوی فەرامۆش کرد.
ئەو یاریزانەی یانەی ئەتلەتیک بلباو کە لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بووە پاڵەوانی مۆندیال، ئاستێکی زۆر باشی پێشکەشی کرد و درێژەی بە کاروانە سەرکەوتووەکەی دا، بەڵام سەرەڕای ئەوەش، نەچووە نێو پلانی یانەی بەرشلۆنە بۆ وەرزی ٢٠٢٦/٢٠٢٧. ئەوەیش بە پێی زانیارییەکانی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانییە.
هانز فلیک، هەست بەوە ناکات کە ئێستا پێویستیان بە یاریزان بێ بۆ هێڵی بەرگری و پێی وایە ژمارەی پێویستیان هەیە ئەگەر هیچ یاریزانێکیان ڕیزەکانیان جێ نەهێڵێ.
هەروەها ئەو راهێنەرە ئەڵمانییە، متمانەی تەواوی بە جێرارد مارتن هەیە، بەوەی لە هێڵی بەرگریی چەپ ئاستێکی باش پێشکەش بکات. هەروەها ئیریک گارسیا و ئەندریاس کریستنسن و ڕۆناڵد ئەراوخۆشی دەبێ ئەگەر یانەکە جێ نەهێڵێن، لەگەڵ جۆل کۆندی و ئەلڤارۆ کۆرتیسی بەرگریکاری لاو.
لەلایەکی دیکەوە، زانیارییەکان کە گەیشتوون بە بەرشلۆنە، گرێبەستی لاپۆرت، مەرجسزای هەڵوەشاندنەوەی نییە، ئەمەش واتەی ئەوەیە دەتوانن یەکسەر لەگەڵ یانەی ئەتلەتیک بلباو بکەونە گفتوگۆی ڕاستەوخۆ، لە کاتێکدا ئەگەر هەیە ئەو یاریزانە تا ساڵی ٢٠٢٨ لەو یانەیە بمێنێتەوە.
بەرشلۆنە نایەوێت بچێتە نێو کێشەی دیکەوە، دوای ئەو کێشانەی لە دۆسیەی نیکۆ ویلیامز لە هاوینی ٢٠٢٤ – ٢٠٢٥ بۆی دروست بوو، ئەمەش وا لە بەرشلۆنە دەکات هیچ هەوڵێک بۆ دەستخستنی ئەو یاریزانە نەدات.
بەرگریکارە فەڕەنسییەکەی یانە باکسییەکە، بە کردار لەنێو بیرکردنەوە و پاشخانی بەرشلۆنەدا بوو ئەو کاتەی لویس ئێنریکی راهێنەری بەرشلۆنە بوو، بەڵام ئەتلەتیک بلباو خواستی دانوستان لەسەر ئەو یاریزانەی لەگەڵ یانە کاتەلۆنییەکە نەبوو و تەنیا ئاماژەی بە مەرجسزای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی کرد کە دەگەیشتە ٦٥ ملیۆن یۆرۆ. لە کۆتاییدا مانچستەر سیتی ئەو بڕەی لە ساڵی ٢٠١٨ـدا بۆ واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵیدا.
لەو کاتەی لە ئینگلتەرا بوو، لاپۆرت هەوڵی دا لە بەرشلۆنە نزیک بێتەوە و زیاتر لە جارێکیش ئەو هەوڵەی دا، بەڵام ڕێوشوێن و بەندە داراییەکان کە بەرشلۆنە بە دەستیەوە دەیناڵاند، ڕێی لە تەواوکردنی ئەو گرێبەستە گرت، پێش ئەوەی ئەو یاریزانە کاروانەکەی لەگەڵ یانەی نەسری سعوودی لە وەرزی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ دەست پێ بکات.
لە ئەیلوولی ٢٠٢٥ـدا، بەرگریکارەکە گەڕایەوە ئەتلەتیک و کاروانەکەی لە یاریگەی سان مامێس دەستی پێ کردەوە.