شیڤان شێرزاد – هەولێر
٢١ی حوزەیران، تەنیا گۆڕانی وەرزێک نییە، بەڵکوو ڕۆژی یەکگرتنی دڵەکانە بە زمانی گەردوونیی موزیک، بۆیەبە بۆنەی ڕۆژی جەژنی موزیکی جیهانییەوە، تۆڕی میدیایی کوردستان لە کەشێکی ئەفسوناوی و لە باوەشی سرووشتی پارکی شانەدەردا، کۆنسێرتێکی ناوازە و قەشەنگی موزیک و گۆرانی سازکرد.
ئەم ئێوارە کۆنسێرتە، ئاوێتەبوونێکی هونەریی بێوێنە بوو لە نێوان ڕەسەنایەتی و مۆدێرنیتەدا، کە تێیدا هەردوو گرووپی داهێنەر:
ئۆرکێسترای کوردستان تیڤی
تیپی کەنارەی سۆمەری
بە پێشکەشکردنی تابلۆ و ئاوازە بەپێزەکانیان، ئامادەبووانیان بردبووە جیهانێکی پڕ لە جوانی و ئارامی، و سەلماندیان، کە موزیک هەمیشە پردی پێوەندی نێوان کولتوور و گەلانە.
جەژنی موزیکی جیهانی، کە لە زۆربەی وڵاتان بە ناوی فەرەنسییەکەیەوە ناسراوە (Fête de la Musique)، مێژوو و گرنگییەکی تایبەتی هەیە، سەرەتای دامەزراندنی: ئەم بیرۆکەیە بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٨٢ لە لایەن وەزیری ڕۆشنبیری
ئەو کاتی فەرەنسا (جاک لانگ) و بە هاوکاری ئاوازدانەر (مۆریس فلۆرێت) لە پاریس ڕاگەیەندرا.
فەلسەفەی ڕۆژەکە: دروشمی سەرەکی ئەم جەژنە ئەوەیە کە “موزیک لە هەموو شوێنێک بێت و بۆ هەمووان بێت”. لەم ڕۆژەدا هاندانی موزیکژەنە (پرۆفیشناڵەکان) دەکرێت کە بێنە سەر شەقام و باخچە گشتییەکان و بە خۆڕایی موزیک پێشکەش بکەن.
ڕەنگە بپرسن بۆچی ٢١ ـی حوزەیران دیاری کراوە؟، دەستەی سەرپەرشتیاری ئەم پڕۆژه هونەرییە پێیان وایە
ئەم ڕێککەوتە هاوکاتە لەگەڵ (هاوینەهەوڵان – Summer Solstice)، کە درێژترین ڕۆژی ساڵە لە نیوەگۆی باکووری زەویدا، وەک هێمایەک بۆ بەخشینی درێژترین کات بە ڕووناکی و موزیک.
ئێستای ئەم جەژنە: ئێستا لە زیاتر لە ١٢٠ وڵات و ٧٠٠ شاری جیهاندا، بە شێوازی جۆراوجۆر و بە سازکردنی کۆنسێرتی زیندوو لە شوێنە گشتییەکاندا ئەم یادە بەرز ڕادەگیرێت.

