رۆژنامەی ھەولێر

هاروون ئەحمەد بۆچی یانەی زاخۆی هەڵبژارد؟

مامەیارە ئەحمەد – هەولێر

 

هاروون ئەحمەد، یاریزانی یانەی دهۆک، کە چەند وەرزێکە بە ئاستێکی بەرز لە خولی ئەستێرەکانی عێراق دەردەکەوێت، دواجار بڕیاری جێهێشتنی یانەی دهۆکی دا و چووە یانەی زاخۆ، کە پێشتریش لەو یانەیە ئەزموونی هەیە.

لەو ڕووەوە هاروون ئەحمەد، لە لێدوانێکیدا بۆ مێدیاکان، ئاشکرای کرد: پرسیارم لێ دەکرێت، بۆچی یانەی زاخۆم هەڵبژارد؟ من ئەزموونی پێشترم لە یانەی زاخۆ هەیە، پێشتر یاریزانی یانەی زاخۆ بوومە، ئەو کاتەی لێرە بووم، مامەڵەیەکی زۆر باشیان لەگەڵ مندا کرد، تەنانەت من کە لە یانەی دهۆک بووم، سەرەڕای ململانێش هەر ڕێزیان لە من دەگرت و منیان خۆش دەویست، ئەو شتەش وای لێ کردم گەر من لە یانەی دهۆک بڕۆم، بچمە یانەی زاخۆ، پێشتریش وام وتبوو کە نزیکترین یانە بۆ من دوای رۆیشتنم لە یانەی دهۆک، یانەی زاخۆیە.
هاروون ئەحمەد، لە درێژەی ئاخاوتنەکەیدا، وتیشی: پێم باش بوو بچمە یانەیەکی کوردستانی، وەک لەوەی بچمە یانەیەکی باشووری عێراق، هەروەها بیرم لە ماڵباتی خۆم کردەوە، من ناتوانم بچمە بەسڕە یان بەغدا، دوو سێ رۆژ ماڵەوە جێ بهێڵم و بە تەنیا بم.
سەرنجی خستە سەر ئەوەش: من یەکەم کاپتنی یانەی دهۆک نیم، کە لە یانەی دهۆکەوە چووبێتمە یانەی زاخۆ.