رۆژنامەی ھەولێر

ڕووداوێكی هەرەکۆنی جیۆلۆجی بـــاس لە هەڵەبجە دەكات

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

 

زانكۆی سەلاحەدین بڵاوی كردەوە، قوتابییەكی دكتۆرای زانكۆكەیان توانیویەتی ڕووداوێكی جیۆلۆجی مێژوویی هی ١٨٣ملیۆن ساڵ لەمەوبەری پارێزگای هەڵەبجە بدۆزێتەوە؛ ئەوە یەكەم جارە لە عێراقدا وەها کارێک کرابێت.

سامان بەرزنجی لە راگەیاندنی زانكۆی سەلاحەدین بە “هەولێر”ـی گوت: كە مامۆستا عیرفان شەعبان ئەسعەد، قوتابیی دكتۆرا لە بەشی زانستەكانی زەوی و نەوت لە كۆلێژی زانستی زانكۆكە، لە چوارچێوەی پڕۆژەی دكتۆراكەیدا گەیشتووەتە ئەم دەستكەوتە زانستییە بێپێشینەیە.
زانكۆكە ئاماژەی بەوەیش كردووە، ڕووداوە جیۆلۆجییەكە بە “كەمبوونەوەی ئۆكسجینی ئۆقیانۆسەكان لە چاخی تۆرشیان” ناسراوە، كە لە ناو چینە بەردەكانی پێكهاتووی جیۆلۆجی (سێهكانیان) لە دۆڵی سیروانی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە تۆمار كراوە. ئەم توێژینەوەیە لە یەكێك لە بەناوبانگترین گۆڤارەكانی بواری جیۆلۆجی جیهانی بە ناوی (Geological Journal) بڵاو كراوەتەوە.
هەروەها، ئەم قوتابییە كارە پراكتیكییەكانی پڕۆژەكەی لە زانكۆی “یاگۆلینایی” لە وڵاتی پۆڵەندا ئەنجام داوە، ئەمەیش لە چوارچێوەی یاداشتنامەی لێكتێگەیشتنی نێوان هەردوو زانكۆ و بە پاڵپشتیی ڕاستەوخۆی (پڕۆفیسۆر د. كامەران یونس) سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەدین بووە. پڕۆژەكەش لەژێر سەرپەرشتیی (پ.د. محمد فخری) و (پ.د. سەردار باڵەكی)ـدا ئەنجام دراوە