مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.
بڕیارێکی لەناکاو، بەنفیکا دانوستانەکانی ریاڵ مەدرید و مۆرینهۆی پچڕاند
جارێکی دیکە ناوی خۆزێ مۆرینهۆی راهێننەر خرایە لیستی ئەو ناوانەی ریاڵ مەدرید دەیەوێ تاوتوێیان بکا تا وەرزی داهاتوو ببێتە راهێنەری یانەکە و باس لەوە کرا کە مۆرینهۆ ناوێکی نزیکە بۆ گەڕانەوەی بۆ سانتیاگۆ بێرنابیۆ.
بەڵام رۆژنامەنووسی ئیتاڵی فابریزیۆ رۆمانۆ، شارەزای بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان و راهێنەران لە ئەورووپا، باسی لەوە کرد، کە کارگێڕیی یانەی بەنفیکای پورتوگالی، چووەتە نێو دانوستانی نێوان ریاڵ مەدرید و خۆزێ مۆرینهۆوە و ڕایگرتووە، دەیەوێ گرێبەستی مۆرینهۆ بۆ راهێنەرایەتیی یانەکە درێژ بکاتەوە.
سەرەڕای ئەوەیش، رۆمانۆ باسی لەوە کردووە، کە راهێنەرە پورتوگالییەکە، ئامادەیە بگەڕێتەوە ریاڵ مەدرید، گەر یانەکە بڕیاری دا ئەو دۆسیەیە بەرەو پێش ببات بە شێوەی فەرمی.
ڕوونیشی کردەوە، کە لە ماوەی هەفتەی داهاتوویش پەیوەندییەکان بەردەوام دەبن، لە چاوەڕوانیی بڕیاری راهێنەر فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەی ریاڵ مەدرید، کە هەموو ئەو بژاردانەی هەن، تاوتوێیان دەکات بۆ ئەوەی گونجاوترینیان وەکوو راهێنەر دەستنیشان بکات.
مۆرینهۆ یەکێکە لە دیارترین راهێنەرەکانی ریاڵ مەدرید لە سەردەمی نوێدا، دوای ئەوەی لە ساڵانی ٢٠١٠ تا ٢٠١٣ سەرپەرشتیی هونەریی یانەکەی کرد و ناسناوی خولی ئیسپانیای بردەوە، کە پێش چوونی ئەو، بەرشلۆنە باڵی بەسەریدا کێشابوو.
مەترسی کەوتە سەر ئمباپێ، ئایا پێکانەکەی لە مۆندیالی دادەبڕێ؟
دوای ئەوەی کیلیان ئمباپێ، بەشداریی یاریی کلاسیکۆی نێوان بەرشلۆنە و ریاڵ مەدریدی لە کامپ نۆ نەکرد، ئێستە ترس لای فەڕەنسییەکان دروست بووە، کە ئەگەر هەیە کاریگەریی ئەو پێکانەی بۆ مۆندیال درێژ بێتەوە، کە ڕەنگە لە یارییەک یان چەند یارییەک دایببڕێنێ، یان کاریگەریی لەسەر ئاستی هەبێت.
کاتێک راهێنەری ریاڵ مەدرید، لیستی یاریزانانی یانەکەی بۆ یاریی کلاسیکۆ ڕاگەیاند، مێدیا و وەرزشوانان تووشی شۆک بوون بە ئامادەنەبوون و نەبوونی ناوی کیلیان ئمباپێ لە لیستەکەدا.
راهێنەر رایگەیاند، بە هۆی بە تەواوی چاکنەبوونەوەی کیلیان، بەشداریی یارییەکەی پێ ناکات. کە لە چوارچێوەی گەڕی ٣٥ی خولی ئیسپانیدایە.
نەبوونی ناوی کیلیان ئمباپێ لە لیستی پێکهاتەی ریاڵ مەدرید بۆ کلاسیکۆ و بەشدارینەکردنی، لە کاتێکدایە ڕۆژی ٢٨ی مانگی ڕابردوو، رایگەیاندبوو: دەمەوێ لە كلاسیكۆ بەشداری بكەم
ئەو کاتە مێدیاکان وایان بڵاو کردەوە، کیلیان ئمباپێ بە هۆی نزیکبوونەوە لە وادەی بەڕێوەچوونی یارییەکانی مۆندیال، دەیەوێ لە یارییەكانی ریاڵ مەدرید خۆی بدزێتەوە، لە کاتێکدا هیوایەکی وایان بۆ بردنەوەی ناسناوەکە نەمابوو.
پێشتر ڕۆژنامەی ئاسی ئیسپانی بڵاوی كردەوە، كە لەگەڵ نزیكبوونەوەی یارییەكانی مۆندیالی 2026، هۆشداری باڵی بەسەر كەمپە مەشقییەكانی ریاڵ مەدرید و یانەكانی دیكەیشدا كێشاوە، بە تایبەت ئەو یاریزانانەی هەست بە ئازاری جەستە و ماندبوون دەكەن، زۆر بە وریاییەوە مامەڵە دەكەن و ئاگایان لە خۆیانە، نەبادا تووشی پێكان بن و لە یارییەكانی مۆندیال دایانببڕێ.
رۆژنامەكە باسی لەوە كردووە، یاریزانانی ریاڵ مەدرید، دەیانەوێ خۆیان لە هەر ئاستەنگێك بە دوور بگرن، لەوەی ڕێ لە گەیشتنیان بە مۆندیال بگرێ، بە تایبەت كە بە تەواوی وزە و جەستەیەكی باشەوە بەشداری مۆندیال بكەن، دوای وەرزێكی درێژ و تاقەتپڕوكێن لەگەڵ یانەكەیان.
بەڵام لە وەڵامی ئەو دەنگۆیەدا، بەرنامەی چێرنجیتۆ دووپاتی كردەوە، كە كیلیان ئمباپێ، دوای دەستنیشانكردنی پێكانەكەی، یاریزانانی ریاڵ مەدریدی ئاگەدار كردووەتەوە، بەوەی دەیەوێ بەشداریی یاریی داهاتووی كلاسیكۆی نێوان بەرشلۆنە و ریاڵ مەدرید بكات.
ئەوکاتە، ڕیاڵ مەدرید لە ڕوونكردنەوەیەكی فەرمیدا، باسی لەوە كرد: دوای پشكنینەكان كە بۆ ئمباپێ كرا لەلایەن تیمی پزیشكیی یانەكەوە، دەركەوت كە پێكانەكەی لە ماسوولكەی نیوەژێیە لە ڕانی چەپیدا.
ریاڵ مەدرید ڕوونی كردووەتەوە، كە ڕەوشی كیلیان ئمباپێ لەژێر چارەسەریدایە.
پێشتر هۆشداریی بە ریاڵ مەدرید درابوو، کە نابێ سەرکێشی بە کیلیان ئمباپێوە بکا و گەر ریاڵ سەركێشی بكا، ئمباپێ دەكەوێتە مەترسییەوە و ڕەنگە لە مۆندیال داببڕێ.
بەهۆی ئازاری بەردەوامی ئەژنۆیەوە، كیلیان ئمباپێ ڕەنگە مەترسیی گەورەی بكەوێتە سەر، بە تایبەت کە لە ماوەی ئەم دوو وەرزەدا چەند جارێک تووشی پێکان بووە.
رۆژنامە فەڕەنسییەكە باسی لەوە كردووە، كە ئەژنۆی چەپی كیلیان ئمباپێ، هێشتاش مایەی ئازارە بۆی، هەمووانیش لە نێو ریاڵ مەدرید هاوڕان لەسەر ئەوەی باشترە یاریی پێ نەكرێ تا چاك دەبێتەوە.
لێدوانەكانی ئەربیلووا و لیكیپی فەڕەنسی دژی یەكن، بە جۆرێك ڕەنگە كارگێڕیی ریاڵ مەدرید سەرەڕای ئازاری ئمباپێ، بەڵام بەشداریی یارییەكانی پێ بكات.
رۆژنامە فەڕەنسییەكە باسی لەوەش كرد، كە بە پێی ئەو زانیارییەی رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی رایگەیاندووە، ئەگەر هەیە بە بەشداریكردنی ئمباپێ لە یارییەكاندا، پێكانەكەی زیاتر و مەترسیدار بێ و تەنانەت كاریگەریی لەسەر بەشداریكردنی لە مۆندیالیش لێ بكات، كە هاوینی ئەمساڵ لە ئەمریكا و مەكسیك و كەنەدا بەڕێوە دەچێ. ئێستەش ئەربیلووا دەرکی بەوە کردووە مەترسی لەسەر ئمباپێ هەیە، بۆیە بەشداریی کلاسیکۆی پێ نەکرد.

