رۆژنامەی ھەولێر

یانەی هەولێر دەیەوێ بە لای کەمەوە لە سێ خانەی یەکەم دوور نەکەوێتەوە

مامەیارە ئەحمەد – هەولێر

 

ئەمڕۆ و سبەی، یارییەکانی گەڕی ٣٤ی خولی ئەستێرەکانی عێراق بەڕێوە دەچێ، تێیدا یانەی هەولێر جەنگ لەسەر سێ پلەکەی پێشەوە دەکات، کە ئێستە لە دوای یانەی شوڕتەی خاوەن ٧٠ خاڵ، بە ٦٧ خاڵ لە خانەی سێیەمی خولەکەدایە.

یانەی هەولێر سبەی دووشەممە، لە دەرەوەی یاریگەی خۆی دەبێتە میوانی یانەی نەجەف، یانەی هەولێر گلەیی و ڕەخنەیەکی زۆری لە ناوبژیوانان هەیە و پێیان وایە گەر بڕیارەکانی ناوبژیوان نەبووایە، ئێستە لە پێشەنگی خولەکەدا دەبوون. لەو ڕووەوە یانەکە چەندان بەیاننامە و ڕاگەیاندراوی ناڕەزایی بڵاو کردووەتەوە، راهێنەری یانەکە و یاریدەدەرەکەیشی و سەرۆکی یانەی هەولێریش ڕەخنەیان لە ناوبژیوانان هەیە، تەنانەت دکتۆر سەفین یاسین، سەرۆکی یانەی هەولێر بە کەناڵی کوردستان ٢٤ی ڕاگەیاند: چەندان یاری زوڵممان لێ کرا، وەکوو کاپتن باسم قاسم باسی کرد گەر ئەو زوڵمە نەکرایە، لە خانەی یەکەم دەبووین، هەر لەبەر ئەوەیە داوام لە یەکێتیی تۆپی پێی عێراق کردووە بۆ یارییەکەمان بەرانبەر شورتە، ناوبژیوانی دەرەکی بێت، چونکە یارییەکی چارەنووسسازە بۆ هەردوولامان، بۆ ئەو مەبەستە بە فەرمییش نووسراو دەکەین.
سەرۆکی یانەکە لەبارەی ئەگەری رۆیشتنی کومەیل سەعدی گۆڵپارێزی ئاستباڵای یانەکە، کە بەم دواوییە دەنگۆی رۆیشتنی بڵاو بووەوە، ڕایگەیاند: خۆم قسەم لەگەڵ کومەیل کرد، وتی شتی وا نییە، وەک دەزانرێ ئەمساڵ نرخی یاریزانان سێ قات و چوار قاتی پارساڵە، خۆی حەزی لێیە لە یانەی هەولێر بمێنێتەوە، گەر ئێمە لەگەڵیدا ڕێک بکەوین لەگەڵ ئێمە دەمێنێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، سەفین یاسین ڕایگەیاند: گەر پلەی یەکەمی خولەکە بە دەست بهێنین، هەر یاریزانێکی سەرەکی و ئەوەی یاری دەکا، ئۆتۆمبێلێکی بە دیاری بۆ دەکڕین، خۆ گەر دووەم و سێیەمیش بین و بەشداریی خولێکی دەرەکی بکەین، هەر خەڵاتیان دەکەین و لەگەڵ راهێنەر باسم قاسم، ڕێک کەوتووین.
هاوکات یانەی هەولێر بەهۆی یەکسانبوونی لەگەڵ یانەی کارەبا لەنێو یاریگەی خۆیدا، بڕیاری سزادانی یاریزانێکی دا و هۆشداریی بە چەند یاریزانێکی دیکە دا. یانەی هەولێر ڕایگەیاند: لەسەر بڕیاری ستافی ڕاهێنەران، بڕیاردرا بە دوورخستنەوەی هێرشبەری پیشەگەر (کریستۆفەر) بۆ یەک یاری لە یاریی داهاتووی خولی ئەستێرەکانی عێراق بەرانبەر نەجەف و سەپاندنی سزای دارایی کە لە مووچەکەی دەبڕدرێت. اوکات هۆشداری درایە بەشێک لە یاریزانەکان بەهۆی ئەنجامی دوایین یاریی تیپەکە بەرانبەر کارەبا.
یانەکە باسی لەوە کردووە: ستافی ڕاهێنەران ئاگاداری چەند یاریزانێکی کردەوە کە سزای توندتر لە گەڕەکانی داهاتووی خولی ئەستێرەکانی عێراق دەسەپێندرێت ئەگەر ئەو هەڵانە دووبارە بکرێنەوە.
لەلایەکی دیکەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە، یانەی دهۆک لە نێو یاریگەی خۆیدا میوانداریی یانەی قاسم دەکات. هەروەها یانەی نەورۆز لە دەرەوەی یاریگەی خۆی دەبێتە میوانی یانەی کارەبا. سبەی دووشەممەش زاخۆ لەنێو یاریگەی خۆیدا میوانداریی یانەی دیالە دەکات. ئەمە لە کاتێکدایە کە یانەی زاخۆ دوو ڕۆر بە هۆی پێنەدانی مووچەکانیانەوە، مانیان لە مەشقەکان گرتبوو.

خشتە و کاتی بەڕێوەچوونی یارییەکانی گەڕی ٣٤ی خولی عێراق
ئەمڕۆ یەکشەممە ١٠/٥/٢٠٢٦
دهۆک – قاسم، کاتژمێر ٠٥:٣٠ی ئێوارە
مینا – زەورا، کاتژمێر ٠٥:٣٠ی ئێوارە
نەوتی میسان – نەوت، کاتژمێر ٠٥:٣٠ی ئێوارە
شوڕتە – غەڕڕاف، کاتژمێر ٠٨:٠٠ی ئێوارە
گەرمە – قوەی جەوییە، کاتژمێر ٠٨:٠٠ی ئێوارە
سبەی دووشەممە ١١/٥/٢٠٢٦
کارەبا – نەورۆز، کاتژمێر ٠٥:٣٠ی ئێوارە
کەرخ – ئەمانەی بەغدا، کاتژمێر ٠٥:٣٠ی ئێوارە
نەجەف – هەولێر، کاتژمێر ٠٥:٣٠ی ئێوارە
زاخۆ – دیالە، کاتژمێر ٠٨:٠٠ی ئێوارە.
مووسڵ – تەڵەبە، کاتژمێر ٠٨:٠٠ی ئێوارە.
خشتە و کاتی بەڕێوەچوونی یارییەکانی گەڕی ٣٥ی خولی ئەستێرەکانی عێراق
یارییەکانی پێنجشەممە ١٤/٥/٢٠٢٦
نەوتی میسان – گەرمە، کاتژمێر ٠٥:٣٠ی ئێوارە
نەوت – مینا، کاتژمێر ٠٥:٣٠ی ئێوارە
زەورا – قاسم، کاتژمێر ٠٨:٠٠ی ئێوارە.
یارییەکانی هەینی ١٥/٥/٢٠٢٦
ئەمانەی بەغدا – کارەبا، کاتژمێر ٠٥:٣٠ی ئێوارە
غەڕڕاف – کەرخ، کاتژمێر ٠٥:٣٠ی ئێوارە
مووسڵ – دهۆک، کاتژمێر ٠٥:٣٠ی ئێوارە
دیالە – شوڕتە، کاتژمێر ٠٨:٠٠ی ئێوارە
قوەی جەوییە – تەڵەبە، کاتژمێر ٠٨:٠٠ی ئێوارە
هەولێر – نەورۆز، کاتژمێر ٠٨:٠٠ی ئێوارە
زاخۆ – نەجەف، کاتژمێر ٠٥:٣٠ی ئێوارە
ڕیزبەندیی یانەکان پێش گەڕی ٣٤:
1- یانەی جەییە ٧٧ خاڵ
2- یانەی شوڕتە ٧٠ خاڵ
3- یانەی هەولێر ٦٧ خاڵ
4- یانەی زەورا ٦٢ خاڵ
5- یانەی تەڵەبە ٦١ خاڵ
6- یانەی گەرمە ٥٤ خاڵ
7- یانەی کەرخ ٥٢ خاڵ
8- یانەی زاخۆ ٥١ خاڵ
9- یانەی نەورۆز ٤٧ خاڵ
10- یانەی دهۆک ٤٥ خاڵ
11- یانەی دیالە ٤٢ خاڵ
12- یانەی مووسڵ ٤١ خاڵ
13- یانەی نەوت ٤٠ خاڵ
14- یانەی غەڕڕاف ٣٩ خاڵ.
15- یانەی مینا ٣٥ خاڵ
16- یانەی کارەبا ٣٤ خاڵ
17- یانەی ئەمانەی بەغدا ٣٤ خاڵ
18- یانەی نەوتی میسان ٢٧ خاڵ
19- یانەی نەجەف ١٨ خاڵ
20- یانەی قاسم ٤ خاڵ