ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر
لە گەڕی ٣٨ی خولی پلەیەکی تۆپی پێی تورکیا، یانەی ئامادسپۆری باکووری کوردستان، یارییەکی یەکلاکەرەوە بۆ گەیشتن بە سوپەرلیگی ئەو وڵاتە ڕکەبەریی یانەی ئێرکسپۆر دەکات.
یانەی ئامادسپۆر، لە یاریی گەڕی پێشکۆتایی خولی پلەیەکی تۆپی پێی تورکیادا، لە دواساتدا گۆڵی یەکسانبوونی لێ کرا و گەیشتنی بە سوپەر لیگ مسۆگەر نەکرد، بەڵام دواگەڕی لەبەردەمدا وەکوو دواهەل ماوە و گەر سەرکەوتن بە دەست بهێنێ، دەگاتە خولی سوپەرلیگی ئەو وڵاتە.
رۆژی ٢٦ی نیسانی ٢٠٢٦، یانەی ئامەد سپۆر لە باکووری کوردستان و لە گەڕی 37 خولی پلە یەکی تورکیا، رووبەڕووی یانەی بۆدروم بووەوە، بە بردنەوە لەم یارییە، چانسی سەرکەوتنی راستەوخۆی بۆ سوپەر لیگ دەبوو، بەڵام لە دواساتی یارییەکەدا گۆڵی یەکسانبوونی لێ کرا.
یانەکەی باکووری کوردستان بەر لە یارییەکەی گەڕی 37 بە کۆکردنەوەی 72 خاڵ و بە جیاوازی تەنیا یەک خاڵ لەگەڵ دووەمی ریزبەندی خولی پلە یەکی تورکیا لە پلەی سێیەمی ریزبەندی دەهات.
دوای تەواوبوونی گەڕی ٣٧ی خولی پلەیەکی تۆپی پێی تورکیا، ئێستە یانەی ئەرزەڕووم ٨٠ خاڵی هەیە و خانەی یەکەمی گرتووە، یانەی ئامادسپۆر٧٣ خاڵی هەیە و خانەی دووەمی گرتووە و یانەی ئێرکسپۆر ٧٣ خاڵی هەیە و خانەی سێیەمی گرتووە.
شایانی باسە، یانەی ئامەدسپۆر، دوو یاریی لەگەڵ یانەی ئیرۆکسپۆر کردووە و هەردوو یارییەکەیشی لێ بردووەتەوە و بۆ دیاریکردنی ڕیزبەندی، ناگەڕێنەوە جیاوازیی گۆڵ و یارییەکانی نێوانیان بە هەند وەردەگیرێ، بۆیە بە بردنەوە لە دواگەڕدا، بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەنجامی یارییەکەی ئێرۆکسپۆر دەگاتە خولی نایاب (سوپەر لیگ)ی تورکیا.
لە ئەگەری ئەوەی ئامەد سپۆر نەتوانێت بلیتی راستەوخۆی سوپەر لیگ بەدەست بهێنێت، چانسێکی دیکەی دەمێنێت بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەی ئەویش قۆناغی پلەی ئۆفە، ئەگەر بتوانن پارێزگاری لە پلەی سێیەمی ریزبەندی بکەن، ئەوان لە قۆناغی پلەی ئۆف ئەرکیان ئاسانتر دەبێت.
بە گشتی شێوازی سەرکەوتنی یانەکانی خولی پلە یەکی تورکیا بۆ سوپەر لیگی ئەم وڵاتە بەم شێوەیەی خوارەوە دەبێت:
سەرکەوتنی ڕاستەوخۆ
دوای تەواوبوونی یارییەکانی خول (وەرزی ئاسایی)
ئەو دوو تیپەی پلەی یەکەم و دووەمیان بەدەست هێناوە، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ سەردەکەون بۆ سوپەر لیگ.
قۆناغی پلەی ئۆف
تیپەکانی سێیەم تا چوارەم لە قۆناغی پلەی ئۆف رووبەڕووی یەکتر دەبنەوە، ئەویش بەم شێوەیە:
تیپی پلەی سێیەم: ئەم تیپە هەلێکی گەورەی هەیە، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەچێتە یاری کۆتایی پلەی ئۆف و چاوەڕێی براوەی قۆناغەکانی پێشوو دەکات.
قۆناغی یەکەم:
تیپی پلەی چوارەم بەرامبەر تیپی پلەی حەوتەم یاری دەکات.
تیپی پلەی پێنجەم بەرامبەر تیپی پلەی شەشەم یاری دەکات.
ئەم یارییانە تەنها یەک یارییە و لە یاریگای ئەو تیپەدا دەکرێت کە پلەکەی بەرزتر بووە (چوارەم و پێنجەم).
قۆناغی دووەم – نیوەی کۆتایی
دوو براوەکەی قۆناغی پێشوو ڕووبەڕووی یەک دەبنەوە.
ئەم قۆناغە بە شێوازی چوون و هاتن (دوو یاری) ئەنجام دەدرێت.
یاری کۆتایی
براوەی قۆناغی دووەم ڕووبەڕووی تیپی پلەی سێیەم دەبێتەوە.
ئەم یارییە لە یاریگایەکی بێلایەن ئەنجام دەدرێت و تەنها یەک یارییە.
براوەی ئەم یارییە وەک تیپی سێیەم دەگاتە سوپەر لیگ.

