رۆژنامەی ھەولێر

ڕاهێنەری هەڵبژاردەی سعوودیە لەژێر فشاردایە و ڕەنگە دوور بخرێتەوە

مامەیارە ئەحمەد – هەولێر

 

ڕاهێنەری هەڵبژاردەی سعوودیە لەژێر فشاردایە
دوای شكستە گەورەكەی هەڵبژاردەی سعوودیە بەرانبەر هەڵبژاردەی میسڕ لەو یارییە دۆستانەی هەینیی ڕابردوو بەڕێوە چوو، فشاری زیاتر كەوتە سەر راهێنەری فەڕەنسیی هەڵبژاردەی سعوودیە هێرڤی ڕینارد.
لە یارییەكی دۆستانەی ئامادەكاریی بۆ مۆندیالی 2026ـدا، میسڕ و سعوودیە بە یەك گەیشتن و سعوودییەكان تاڵاوی شكستێكی گەورەیان تووش هات و ئەو شكستە گەورەیە هەرایەكی گەورەی لەنێو شەقام و كەرتی وەرزشیی سعوودیەدا دروست كردووە، بە تایبەت كە ئاستی هونەریی هەڵبژاردەی سەوزەكان زۆر لەخوار بوو، بۆیە ئەوە داهاتووی ڕێناردی خستە سەر پرسیار و چارەنووسی خستە بارێكی نادیارەوە و ڕەنگە پێش مۆندیالیش ئەركە هونەرییەكەی لە دەست بدات.
یارییە دۆستانەی نێوان سعوودیە و سڕبیا، دەبێتە سەنگی مەحەك بۆ دیاریكردنی چارەنووسی ڕیناردی فەڕەنسی، كە هەر ئەنجامێكی خراپ، یان داكشانێك لە ئاستی سعوودیەدا، ڕەنگە دەستوبرد ئەو راهێنەرە دوور بخەنەوە. لە كاتێكدا گومانەكان زیاتر بوونە لەسەر توانای ئەو راهێنەرە بۆ سەركردایەتیی سعوودیە.
بەشێكی مێدیاكارانی سعوودیە و ڕەخنەگرانی ئەو وڵاتە، هەڵمەتێكی فراوانی ڕەخنەگرتنیان دژی ڕینارد دەست پێ كردووە، تۆمەتباری دەكەن بەوەی توانای جێگیریی ئاستی هونەریی سعوودیەی نییە و نكارێ بژاردەیەكی دروستی هەبێ لە تێكهەڵكێشیی نێوان یاریزانە نوێ و دێرینەكانی سعوودیەدا، ئەوەیش ڕەنگدانەوەی نەبوونی گونجاوییە لە نێو یانەكەدا، دژی ئەو دیدگەیە تەكتیكییەیە كە لەو راهێنەرە چاوەڕێ دەكرا.
رۆژنامەی وەئامی سعوودیە لەو چوارچێوەیەدا باسی لەوە كردووە، كە ڕەنگە سیمیۆنی ئینزاگی، بەڕێوەبەری هونەریی یانەی هیلال، بژاردەیەكی دیار بێ بۆ سەركردایەتیی سعوودیە لە ماوەكانی داهاتوودا.
ڕۆژنامەكە باسی لەوەش كردووە، كە ئەو پێشنیازە لەژێر تاوتوێكردندایە بۆ ئەوەی ببێتە راهێنەری سعوودیە لە ماوەی مۆندیالی 2026ـدا بە شێوەیەكی كاتی، ئەوەیش دوای تەواوبوونی پابەندییەكانی لەگەڵ یانەی هیلال لە هەردوو پاڵەوانیەتیی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئاسیا و خولی تۆپی پێی سعوودیە (رۆشەن).
ئەو پێشنیازە، بە جۆرێكە كە ئینزاگی بە شێوەی خواستن تەنیا لە ماوەی مۆندیالدا سەركردایەتیی هەڵبژاردەی سعوودیە بكات، لە كاتێكدا ماوەیەكی كەم لە دوای تەواوبوونی ئەركەكەی بۆ مۆندیال دەمێنێ، بەڵام بەرپرسانی سعوودیە پێیان وایە ئەو راهێنەرێكی بەئەزموونە لە بەڕێوەبردنی یارییە گەورەكاندا.

ناگیلسمان پرسی تیر شتیگنی لە مۆندیالدا یەكلا كردەوە و باسی چەند یاریزانێکی دیکەش دەکا
یۆلیان ناگیلسمان، بەڕێوەبەری هونەریی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، ڕووبەرووی چەند ئاڵنگارییەك دەبێتەوە لە ڕێكخستنەوەی پێكهاتەی هەڵبژاردەی ئەو وڵاتە پێش هاوینی داهاتوو.
بە تایبەت كە پێكان بووەتە بەربەستێكی گەورە لەبەردەم ئەو راهێنەرە لاوە و بێبەشی كرد لە چەند یاریزانێكی سەرەكی لە هێڵی ناوەڕاست و بەرگری لە كەمپی مانگی ئاداردا.
ناگیلسمان، پێشتر متمانەی بە ئەلێكسندەر پاڤلۆڤیش و فلێكس نمیشا دابوو، لە لێدوانێكیشدا بۆ گۆڤاری كیكەر، ڕایگەیاندبوو: ئەو هەلی ئەوەیان لەبەردەستدایە كە شوێنی سەرەكی لە پێكهاتەدا بگرن، بەڵام ڕەوشی تەندروستییان ڕێگر بووە لەوەی ئەمجارە بچنە نێو لیستی هەڵبژاردەكەوە. ئەمەش پلان و حساباتی دەستەی هونەریی لە كاتێكی هەستیاردا پەك خست.
هەروەها لە هێڵی ئیرتیكازی بەرگریدا، كێشەی هەیە، لە كاتێكدا نائامادەیی پاڤلۆڤیش، بەهرەوەری بایرن میونشن، تەنیا بە ڕێوشوێنێكی خۆپارێزی بۆ سەلامەتییئەو یاریزانە دادەنرێ، بەڵام دۆخی فلێكس نمیشای یاریزانی یانەی بوڕووسیا دۆرتمۆند، زیاتر ئاڵۆز و جێی نیگەرانییە.
نمیشا، لە بەستەری دەرەكیی ئەژنۆیدا تووشی پێكان هاتووە و ئەوەیش وای كرد راهێنەر دان بەوەدا بنێ كە مەترسییەكی راستەقینە لەسەر ئەو یاریزانە هەیە بۆ بەشداریكردن لە مۆندیال.
لەگەڵ ئەوەیشدا، راهێنەر گەشبینە بە توانای یاریزانە 25 ساڵانەكەیان بۆ چاكبوونەوە و ئاماژەی بە توانای جەستەیی بەهێز و جۆش و خرۆشی بۆ نوێنەرایەتیكردنی ئەڵمانیا دا، دووپاتی كردەوە كە نائامادەبوونی، بریتییە لە شكستێكی ئاشكرا، ئەوەیش بە هۆی توانای جەستەیی و هێزی لە ڕووماڵی بەرگریدا.
لە ئاستی گۆڵپارێزانیشدا، دیمەنەكە بۆ گۆڵپارێزی یانەی بەرشلۆنەی بە خواستن چوو بۆ بەرشلۆنە (مارك ئەندریە تیر شتیگن) تاریكترە.
هەرچەندە ناگلیسمان ئەو گۆڵپارێزەی بە شێوەی سەرەكی لە پاییزی ساڵی 2024ـدا بەشداریی پێ كرد، بەڵام زنجیرەیەك پێكانی بەدوای یەك، وای كرد كاروانە نێودەوڵەتییەكەی مەترسیی بكەوێتە سەر.
لە پچڕانی ژێی پەنجەیەوە تا كێشەكانی پشتیەوە، لەگەڵ پێكانەكەی ئێستەی ڕانی لە كاتی هەوڵدان بۆ گەڕانەوە بۆ یارییەكان، هیواكانی گۆڵپارێزە دێرینەكەی لە پەیوەندیكردن بە مۆندیالەوە كاڵ كردەوە. لەکاتێکدا هەڵسەنگاندنە تەکنیکییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە چانسی بەشداریکردنی لە لیستی کۆتاییدا “زۆر بەرتەنگە” بە لەبەرچاوگرتنی دابڕانی نزیکەی ساڵێک لە یاریگاکان.
سەرەڕای ئاڵۆزبوونی دیمەنەكە، ناگلیسمان پێداگرە لەوەی ئاماژە بە ڕۆڵی سەركردایەتی و گیانی بەكۆمەڵی تیر شتیگن بدا، ئاماژەی بەوەش كرد كە بەردەوام لە پەیوەندیدایە لەگەڵ و ئەوە بەرز دەنرخێنێ كە سەردانی هاوڕێكانی دەكات لە كاتێكدا ئەو لە كاتی وەرگرتنی پرۆسەی چارەسەریدا بوو.
ڕاهێنەر ڕوونی كردەوە، كە تیر شتیگن تەنیا بە یاریزانێك بۆ گرتنی شوێنێك دانانرێ، بەڵكوو ڕهەند و كۆڵەكەیەكی كاریگەرە لە جێگیركردنی ژووری جلگۆڕیندا، لە هەمان كاتدا دووپاتی كردەوە دەرگەكە بە تەواوی دانەخراوە بە ڕوویدا، وەكوو ڕێز بۆ پێگە و مێژووی.
بەڵام بە روونی ئاماژەی بەوە كرد كە لۆژیكی تۆپی پێ، ئەوە دەسەپێنێ، بە ڕوانین لە كەمیی یاریكردنی لە دواوەرزدا، پێوانەیەكی گرنگە و ناكرێ لە كاتی هەڵبژاردنی پێكهاتەی مۆندیال، نادیدە بگیرێ.
لە كۆتایی قسەكانیدا، ناگلیسمان پێداگر بوو لەوەی كە پێوانەی سەرەكی بۆ هەڵسەنگاندن، ئامادەیی تەواو و توانای بەخشینە بێ بەربەست و ئازار، داوای كرد تیر شتیگن لەم فۆناغەدا سەرنجی ورد بخاتە سەر هەوڵ و كۆشانی بۆ تەواو چاكبوونەوەی.

مۆرینیۆ: پورتوگال بەبێ رۆناڵدۆ، تیپێكی ئاساییە و لاوازە
هەڵبژاردەی پورتوگال، لەو یارییەی لە مەكسیكۆ سیتی بەڕێوە چوو، بەبێ گۆڵ لەگەڵ هەڵبژاردەی مەكسیك یەكسان بوو و مۆرینیۆ رایگەیاند، پورتوگال بەبێ كریستیانۆ، تیپێكی ئاساییە.
لەو یارییەدا كریستیانۆ ڕۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی و یانەی نەسڕ سعوودی، بە هۆی پێكانەوە ئامادە نەبوو.
لەو یارییەدا چەندان یاریزانی سەرەكیی پورتوگال بەشدارییان كرد، وەكوو نۆنۆ مێندیز، كۆنسیساو، بڕۆنۆ فێرناندێز، جواو كانسیلۆ، فیتینیا و جواو نیڤێز.
بەڵام خۆزێ مۆرینیۆی راهێنەری یانەی بەنفیكای پورتوگالی، تێچینی خۆی لەسەر یارییەكە دا و رایگەیاند ئەو هەڵبژاردەیە بەبێ كریستیانۆ رۆناڵدۆ لاواز دەبێ.
سایتی گۆڵ، لێدوانەكەی مۆرینیۆی بڵاو كردووەتەوە، كە دەڵێ: سەرلەنوێ لاوازیی ئاستی پورتوگالمان بەبێ هەڕەشەكانی كریستیانۆ رۆناڵدۆ بینی.
دەشڵێ: كریستیانۆ رۆناڵدۆ لە وێنایەكە دەربكەی، پورتوگال وەكوو تیپێكی ئاسایی دەردەكەوێ.
دەشڵێ: خەڵك بەردەوام پێمان دەڵێن بانگی مەكە، باشە، ئەمڕۆ یاریی نەكرد و ئەنجامەكەتان بینی، هیچ هەڕەشەیەك نەبوو، هیچ ترسێك لەسەر تیپی بەرانبەر نەبوو، تیپەكە تەنیا رووبەڕووی فشاری مەكسیك بووەوە.
لە كۆتاییشدا وتی: ئەو كاتەی رۆناڵدۆ لە یاریگەیە، تیپی بەرانبەری دوو جار بیر دەكەنەوە، بەڵام بەبێ ئەو، بە هیچ جۆرێك بیر ناكەنەوە.