نوح چارنی
خالید حسەینی نووسەری ڕۆمانی کۆلارەباز (The Kite Runner) و هەزار خۆری درەوشاوە (A Thousand Splendid Suns) کە وەک کتێبە دڵخوازەکانی میت ڕامنی (Mitt Romney) ناویان هێنراوە، لەم گفتوگۆیەدا باس لە چۆنیەتیی دەستپێکردنی یەکەمین بەرهەمی خۆی واتە (کۆلارەباز) دەکات.
• چۆن و بۆچی (دامەزراوەی خالید حسەینی)ـت دامەزراند؟
خالید حسەینی: ئیلهامی بنیاتنانی دامەزراوە خێزانییەکەمان، لە گەشتێکی ساڵی ٢٠٠٧ بوو بۆ ئەفغانستان کە وەک باڵیۆزی نیازپاکی (UNHCR) و بۆ کاروباری پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجامم دا. لەوێ خێزانە پەنابەرە گەڕاوەکانم بینی کە بە کەمتر لە یەک دۆلار لە ڕۆژێکدا دەژیان و زستانانیش لەناو خێوەت یان ژێرزەمینەکاندا دەژیان و، هەموو زستانێک لە گوندەکانیان منداڵەکانیان بەهۆی سەرماوە لەدەست دەدا. منیش وەک باوکێک، زۆر کاری تێکردم. بڕیارم دا کە گەڕامەوە بۆ ئەمریکا، هەوڵ بدەم دەنگی ئەو خەڵکە بگەیەنم و ئەوەی لە توانامدا بێت بۆ باشترکردنی ژیانیان بیکەم.
– چەند نووسەرێکی گەورەی ئەفغانی هەن کە پێویستە خوێنەران بیانناسن، بەڵام لە دەرەوە زۆر ناسراو نین؟
خالید حسەینی: فەریبا نەوا) نووسەری ڕۆمانی نەتەوەی ئەفیون (Opium Nation)، عەتیق ڕەحیمی براوەی خەڵاتی گۆنکۆر لە فەرەنسا (Prix Goncourt ) و نووسەری ڕۆمانی بەردەنیان (The Patience Stone)، تەمیم ئەنساری نووسەری ڕۆمانی ڕۆژئاوای کابول، ڕۆژهەڵاتی نیویۆرک: چیرۆکێکی ئەفغانی ئەمریکایی (West of Kabul، East of New York: An Afghan American Story).
• ئەدەبیات بە زمانی دایکی لای جەنابت، چ جیاوازییەکی لەگەڵ ئینگلیزی هەیە؟ ئایا نووسین بە کامیان ئاسانترە؟ هەیانە لە دەربڕینی هەندێک شتدا باشتر بێت؟
خالید حسەینی: من ئێستا تەنها بە ئینگلیزی دەنووسم. ڕەنگە بتوانم بە فارسی چیرۆکێکی زۆر کورت بنووسم، بەڵام بەگشتی من خاوەنی دەنگی گێڕانەوە نیم بە زمانی فارسی؛ هەروەها هەست بە کێش و ئاوازی ڕستەکان ناکەم لە مێشکمدا، چونکە چەندین دەیەیە چیرۆکم بە فارسی نەنووسیوە. ئینگلیزی بۆ من بووەتە زمانێکی زۆر ئاسوودە.
• باس لە ڕۆتینی بەیانیانت بکە.
خالید حسەینی: لە خەو هەڵدەستم و وەرزش دەکەم. دەگەڕێمەوە ماڵەوە بۆ ئەوەی منداڵەکان بەڕێ بکەم بۆ قوتابخانە (بەتایبەت ئەو ڕۆژانەی کە نۆرەی منە، چونکە من و هاوسەرەکەم بە نۆرە ئەو کارە دەکەین). نان دەخۆم، ڕۆژنامە دەخوێنمەوە، سەرەتا لاپەڕەی یەکەمی. هەموو هەواڵەکانی ئەفغانستان چێک دەکەم. پاشان لاپەڕەی وەرزش هەڵدەدەمەوە بۆ هەواڵی تیمی (San Francisco 49ers)، دواتر دەست بە نووسین دەکەم، بە زۆری لە ٨:٣٠ تا ٢ی دوانیوەڕۆ، کە ئەو کاتە دەچمە دووی منداڵەکانم لە قوتابخانە.
• خوویەکی جیاواز یان تایبەتمەندییەکی خۆت هەیە؟
خالید حسەینی: ناتوانم سەیری تەلەفزیۆن بکەم بەبێ خواردنی فستق. مەحاڵە.
• چۆن بیرۆکەی کتێبێک دادەڕێژیت؟
خالید حسەینی: من بە هیچ شێوەیەک پلانی پێشوەختە (Outline) دانانێم، بە لامەوە سوودبەخش نییە و حەز ناکەم گەمارۆ بدرێم بە پلانێک. حەزم لە سەرسوڕمان و خۆڕسکبوونە، حەز دەکەم چیرۆکەکە خۆی ڕێگەی خۆی بدۆزێتەوە. بەم هۆیەوە، نووسینی ڕەشنووسی یەکەم بۆ من زۆر قورس و تاقەتپڕووکێنە. زۆربەی کات بێهیواکەریشە، چونکە دەگمەنە ئەو شتەی لێ دەرچێت کە لە خەیاڵمدا بووە، بەڵام عاشقی دووبارە نووسینەوە و پێداچوونەوەم. ڕەشنووسی یەکەم لای من تەنها تەڵخە – وێنەیەکە کە دواتر چین و ڕەهەند و سێبەر و ڕەنگی بۆ زیاد دەکەم. نووسین لای من واتە دووبارە نووسینەوە. لەو پڕۆسەیەدا مانا شاراوەکان و پەیوەندییەکان دەدۆزمەوە.
• ئایا هیچ ڕێوڕەسمێکی نامۆت لە کاتی نووسیندا هەیە ؟
خالید حسەینی: کە منداڵەکان لە قوتابخانەن و ماڵ بێدەنگە، ئەوجا دەنووسم. خۆم لە ژووری کارەکەم بە کۆمپیوتەرێک و کوپێک قاوەوە گۆشەگیر دەکەم. ناتوانم گوێ لە مۆسیقا بگرم، هەرچەندە تاقیشم کردووەتەوە. زۆر هاتوچۆ بە ژوورەکەمدا دەکەم. پەردەکان دادەدەمەوە. پشووی کورت کورت وەردەگرم، بۆ ماوەی ٢-٣ خولەک بە خراپی گیتار دەژەنم. هەوڵ دەدەم ڕۆژانە ٢ بۆ ٣ لاپەڕە بنووسم. کاتژمێر ٢ کە منداڵەکان دەهێنمەوە، دەچمە سەر مۆدی باوکایەتی.
• ئایا هیچ شتێکی جیاواز لە شوێنی کارەکەت هەیە؟
خالید حسەینی: لە پشت مۆنیتەرەکەمەوە، ئەو وێنە کۆنانەم هەڵواسیوە کە منداڵەکانم بۆیان کێشاوم؛ پەلکەزێڕینە، ماسی، دار، شتی زۆر دڵخۆشکەری دیکە. مۆدێلێکی بچووکی ئۆتۆمبێلی مۆستانگی ١٩٦٥م هەیە. ڕەفەکانم پڕ کردوون لە کتێب، بە زۆری ڕۆمان. گیتارەکەم لە تەنیشت مێزەکەمەوەیە. ڕۆژژمێرێکی گەورە کە ژوانەکانمی تێدا دەنووسم؛ هێشتا بە کاغەز دەیکەم هەرچەندە هاوسەرەکەم دەڵێت مۆبایل بەکار بهێنە. ژێرماوسەکەم (Mouse pad) فەرشێکی بچووکی ئەفغانییە.
• چ دەستەواژەیەک زۆر بەکار دەهێنیت؟
خالید حسەینی: کە خەڵک پرسیارم لێ دەکەن لەسەر نووسینەکانم، بە زۆری دەڵێم خەریکە دەگەمە شوێنێک.
• چیرۆکی پشت بڵاوکردنەوەی یەکەم کتێبت چییە؟
خالید حسەینی: ڕۆژێکی سەرەتای ساڵی ١٩٩٩، سەیری کەناڵەکانی تەلەفزیۆنم دەکرد و هەواڵێکم لەسەر ئەفغانستان بینی. باسی تاڵیبان و ئەو سنووردارکردنانەی دەکرد کە خستبوویانە سەر خەڵک، بەتایبەت ژنان. ئاماژەی بەوە کرد کە یەکێک لەو شتانەی تاڵیبان قەدەغەی کردووە کۆلارەبازییە، کە من و براکەم و ئامۆزاکانم لە کابول لەگەڵی گەورە ببووین. ئەمە کاریگەرییەکی شەخسیی لێ کردم، تەلەفزیۆنەکەم کوژاندەوە و لەپڕ بینیم لە بەردەم کۆمپیوتەرەکە دانیشتووم و چیرۆکێکی کورت دەنووسم. پێم وابوو چیرۆکێکی سادەی نۆستالۆژی لەسەر دوو کوڕ و خۆشەویستییان بۆ کۆلارەبازییە، بەڵام خۆت دەزانیت کە چیرۆکەکان بە پێی ویستی خۆیان دەڕۆن؛ بۆیە چیرۆکەکە گۆڕا بۆ گێڕانەوەیەکی تاریک لەسەر خیانەت، لەدەستدان، پەشیمانی، باوک و کوڕ و، لەدەستدانی نیشتمان.
ئەو چیرۆکە کورتە ٢٥ لاپەڕەییە بۆ دوو ساڵ مایەوە. خۆشم دەویست، بەڵام هەستم دەکرد کەموکووڕیی زۆرە. لەگەڵ ئەوەش دەمزانی کە دڵێکی گەورەی تێدایە. ناردم بۆ گۆڤارە گەورەکانی وەک نیویۆرکەر و ئەتڵانتیک، بەو هیوایەی ڕەت بکرێتەوە و، ڕەتیش کرایەوە. دوای دوو ساڵ، هاوسەرەکەم چیرۆکەکەی لە گەراجەکە دۆزییەوە. دووبارە خوێندمەوە و بینیم دەکرێت ببێتە کارێکی درێژتر. لە ئازاری ٢٠٠١ دەستم کرد بە فراوانکردنی تا وەک ڕۆمانی لێبێت.
شەش مانگ دواتر، کاتێک دوو لەسەر سێی ڕۆمانەکەم تەواو کردبوو، دوو تاوەران لە ١١ی سپتەمبەر ڕووخان. هاوسەرەکەم پێشنیاری کرد (لە ڕاستیدا داوای کرد) کە دەستنووسەکە بنێرم بۆ بڵاوکەرەوەکان. من دژ بووم. پێم وابوو کەس لە ئەمریکا نایەوێت گوێ لە ئەفغانییەک بگرێت بەتایبەت لەو کاتەدا کە برینەکان تازە بوون و خەڵکی تووڕە بوون. پێم وگت: “ئەفغانییەکان ئێستا وەک دوورخراوە وان، ئێمە خەڵکی ئەو وڵاتەین کە تیرۆریستەکانی لێ بوون”، هەروەها دەترسام وا دەربکەوێت کە بازرگانی بەسەر تراژیدیایەکەوە دەکەم.
هاوسەرەکەم کە پارێزەر بوو، بە شێوەیەکی قایلکەر بەرگری لە ڕاکەی خۆی کرد. گوتی ئەمە باشترین کاتە بۆ گێڕانەوەی چیرۆکێکی ئەفغانی. گوتی زۆربەی ئەوەی لەسەر ئەفغانستان دەنووسرێت تەنها باسی تاڵیبان و بن لادن و جەنگی تیرۆرە، کتێبەکەی تۆ دەتوانێت “ڕووکارێکی جیاواز و مرۆییانەتر بە ئەفغانستان ببەخشێت. تا مانگی ١٢ دوام خست و ئەوە بوو گەڕامەوە سەر نووسین و فراوانکردنی.
کە تەواو بوو، ناردم بۆ کۆمەڵێک چاپەر و زیاتر لە ٣٠ جار ڕەت کرایەوە، تاوەکو ئیلین کۆستەر (Elaine Koster) پەیوەندیی پێوە کردم و بوو بە چاپەرم. تەنانەت دوای بڵاوکردنەوەش گومانم هەبوو کەس بیخوێنێتەوە، چونکە چیرۆکێکی تاریک بوو؛ زۆربەی کارەکتەرە باشەکان دەمردن. بۆیە زۆر سەرسام بووم بەو پێشوازییەی لێی کرا. هێشتا سەرسامم کاتێک نامەم لە هیندستان، ئیسرائیل، لەندەن و شوێنە جیاوازەکانەوە بۆ دێت. لەو نامانەدا دەبینم چۆن چیرۆک لە ڕێگەی ئەزموونە گەردوونییەکانی وەک شەرمەزاری، پەشیمانی، ئەشق و لێبوردەیی، دەتوانێت خەڵک بەیەکەوە گرێ بدات.
• بۆ ئەوەی هەست بکەیت ڕۆژێکی بەرهەمدارت هەبووە لە نووسیندا، دەبێت چەندت نووسیبێت؟
خالید حسەینی: بە لایەنی کەمەوە سێ ڕستەی باشم نووسیبێت و، بیرۆکەیەکم هەبێت بۆ ئەوەی بەیانی چ دەنووسم. نابێت بەیانی بە “سەری سپی” (بێ بیرۆکە) دەست پێ بکەمەوە، دەبێت تۆوەکە ئەمڕۆ چێنرابێت.
• شتێکی خۆش و کۆمیدیمان بۆ باس بکە کە لە کاتی گەشتەکانت بۆ ناساندنی کتێبەکانت ڕووی دابێت؟
خالید حسەینی: جارێکیان لە لەندەن بانگهێشت کرابووم بۆ کۆڕێکی خوێندنەوە، بەداخەوە پانێڵەکە بۆ نووسەرانی چیرۆکیورووژێنەر (Erotica) بوو!
• چ ئامۆژگارییەکت بۆ نووسەرانی گەنج و تازەکار هەیە؟
خالید حسەینی: زۆر کەس دەبینم دەڵێن “کتێبێک لە ناخمدایە”، بەڵام یەک وشەیان نەنووسیوە. بۆ ئەوەی ببیتە نووسەر، دەبێت لە ڕاستیدا بنووسیت. دەبێت هەموو ڕۆژێک بنووسیت، چ تاقەتت هەبێت چ نەتبێت. لەوەش گرنگتر، بۆ تەنها یەک بینەر (خوێنەر) بنووسە: “خۆت”. ئەو چیرۆکە بنووسە کە خۆت دەتەوێت بیخوێنیتەوە. مەحاڵە بزانیت خەڵک چییان دەوێت، بۆیە کاتت بەوەوە بەفیڕۆ مەدە. هەروەها دەبێت زۆر بخوێنیتەوە و سەرنج بدەیت. لە هەر نووسەرێک کە دەیخوێنیتەوە فێری شتێک ببە.
• حەز دەکەی چی لەسەر کێلی گۆڕەکەت بنووسرێت؟
خالید حسەینی: “هیچ کەس لە خۆشەویستانی، هەرگیز گومانیان لە خۆشەویستییەکەی نەبوو. ”
• پرۆژەی ئایندەت چییە؟
خالید حسەینی: ئێستا خەریکی نووسینی ڕۆمانێکی نوێم کە بەشێکی لە ئەفغانستان ڕوو دەدات.

