رۆژنامەی ھەولێر

د. سالار عوسمان لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر سیمینارێکی بەناونیشانی (خوێنەری کتێب لەنێو زانکۆ و کاریگەرییەکانی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا) پێشکەش کرد.

ڕۆژی سێشەممە، ٣ی ١١ی ٢٠٢٦، لە هۆڵی کتێبخانەی کۆلێژی تەکنیکی کارگێڕیی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، لیژنەی ناوچەی زانکۆ و پەیمانگاکانی سەر بە لقی منارەی هەولێر (لیژنەی نوێنەرایەتیی کۆلێژی تەکنیکی کارگێڕی – یەکێتیی قوتابییان و لاوانی کوردستان)، سیمینارێکی بۆ د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەژێر ناونیشانی «خوێنەری کتێب لەنێو زانکۆ و کاریگەرییەکانی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا» ساز کرد.

سیمینارەکە بە ئامادەبوونی د. ئیدریس هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستایان و قوتابییانی زانکۆکە بەڕێوە چوو.

لە سیمینارەکەدا، د. سالار عوسمان بە وردی تیشکی خستە سەر دۆخی خوێنەری کتێب لەنێو زانکۆ و کاریگەرییەکانی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا. ناوبراو باسی لە بایەخی کتێب و خوێندنەوە لە بنیادنانی کەسایەتیی زانستی و هۆشیاریی فکریی قوتابییانی زانکۆ کرد، هاوکات شیکردنەوەی بۆ ڕۆڵ و کاریگەرییەکانی تەکنەلۆژیای سەردەم کرد و جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە تەکنەلۆژیا لە خزمەتی گەشەپێدانی زانست و مەعریفەدا بەکار بهێنرێت، نەک ببێتە جێگرەوەی کتێب
و هۆکارێک بۆ ساردبوونەوەی قوتابییان لە خوێندنەوە.

لە کۆتاییی سیمینارەکەشدا، دەرگای گفتوگۆ بەڕووی ئامادەبوواندا کرایەوە و مامۆستایان و قوتابییانی زانکۆ بە پرسیار، سەرنج و تێبینییەکانیان ناوەڕۆکی سیمینارەکەیان دەوڵەمەندتر کرد.