رۆژنامەی ھەولێر

یەکەم گەشتی فەرمی کۆمپانیای فڕۆکەوانی «فلای ئەربیل» بۆ بەغدا دەستیپێکرد

ئەمڕۆ یەکشەممە، 1.11.2026 بە بەشداری ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، سەفین دزەیی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت ، د. محەمەد شوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، هێمن قادر جێگری پارێزگارو گەیلان حاجی سەعید, سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکومی و کەسایەتییەکان، لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا، یەکەم گەشتی فەرمی کۆمپانیای فڕۆکەوانی فلای ئەربیل، بۆ بەغدا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە دەستی پێکرد.
ئەمەش دوای ئەوە هات کە کۆمپانیاکە بڕوانامەی فەرمی مۆڵەتی کارکردنی فڕۆکەوانی (AOC) لەلایەن دەستەی فڕۆکەوانی مەدەنی عێراقەوە بەدەستهێنا و بەمەش توانی لە قۆناغی کارکردن لەژێر ناوی کۆمپانیاکانی دیکەوە بگوازرێتەوە بۆ کارکردن وەک کۆمپانیایەکی سەربەخۆی فڕۆکەوانی.
دەستپێکردنی گەشتە فەرمییەکانی فلای ئەربیل، به‌ هەنگاوێکی گرنگ لە مێژووی گەشەسەندنی کەرتی فڕۆکەوانی لە هەرێمی کوردستاندا هەژمار دەکرێت؛ هەنگاوێک کە چاوەڕوان دەکرێت ڕۆڵێکی بەرچاو لە پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەکانی گواستنەوەی ئاسمانی، فراوانکردنی هێڵەکانی گەشت و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی هەولێر لەگەڵ شار و وڵاتانی جیهاندا بگێڕێت. هاوكات دەستپێکردنی چاڵاکییە فەرمییەکانی ئەم کۆمپانیایە هەنگاوێکی ئەرێنییە لە پشتیوانیکردنی کەرتی تایبەت، هاندانی وەبەرهێنان و بەهێزکردنی پێگەی هەولێر وەک ناوەندێکی گرنگی گواستنەوەی ئاسمانی و بازرگانی لە ناوچەکەدا. لە هەمان کاتدا، دەتوانێت بەشدارییەکی کاریگەر لە بووژانەوەی کەرتی گەشتیاری و ئابووری بکات و ئاسانکاریی زیاتر بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان و جوڵەی بازرگانی لەنێوان هەرێمی کوردستان و دەرەوەی وڵات دابین بکات.