رۆژنامەی ھەولێر

بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی بەشداریی لە کۆنفرانسی یەکێتیی دیموکراسیی نێودەوڵەتی لە بەرلین کرد

هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان بەشداری لە کۆنفرانسی یەکێتی دیموکراسی نێودەوڵەتی کرد لە شاری بەرلین پایتەختی ئەڵمانیا. کۆنفرانسەکە دەربارەی مەترسییەکانی زیادبوونی هەڵکشانی دەنگەکانی پارتەکانی پۆپۆلیستی بوو بە تایبەتی پارتە پۆپۆلیستەکانی ڕاسترەوی وەک پارتی ئەلتێرنەتیڤ بۆ ئەڵمانیا لە هەلبژاردنی گشتی ساڵی ٢٠٢٥ دا ئەم پارتە زیاتر لە دە ملیۆن دەنگی هێنا کە دەکاتە ٢٠٪ دەنگدەران.

هەموو پارتەکانی ڕاست و چەپی سێنتەر نیگەرانن بەرامبەر بەهێزبوونی ئەم پارتە. کۆنفرانسەکە لە کاتێکدا بوو کە هەڵبژاردنە نێوخۆییەکان و شارەوانییەکان بەڕێوەن و لە هەندێک لە هەرێمەکان بە تایبەتی ئەوانەی ڕۆژهەڵاتی ئەڵمانیا لە ڕاپرسییەکاندا ڕێژەی پشتگیرییان بەشێوەی بەرچاو زیادی کردووە. هەرچەندە سیستەمی هەڵبژاردن لە ئەڵمانیا سیستەمی نوێنەرایەتی ڕێژەییە (PR) و زۆر زەحمەتە پارتێک بە تەنیا زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانی فیدراڵی یان هەرێمی بەدەست بهێنێ و هەموو پارتەکانیش دژی هەموو جۆرە هاوپەیمانییەکن لە گەڵی پارتی ئەڵتێرنەتیڤ بۆ ئەڵمانیا، بۆیە زەحمەتە لە ناو حکوومەتی فیدراڵی یان هەرێمی بتوانێت بەشداری لە حوکەتدا بکات، بەڵام لایەنە سیاسییەکان بە گشتی نیگەرانن بەرامبەر بەهێزبوونی ئەم پارتە.
هەندێک لە پەنالیستەکان ئاماژەیان بەوە دا کە هەرچەندە پارتە پۆپۆلیستەکان بەڵێنی گەورە دەدەن و کێشەی کۆچبەران بەکاردەهێنن بۆ ڕاکێشانی سەرنجی خەڵک و زیادکردنی دەنگەکانیان، ئەوەشیان خستەڕوو کە پارتە حوکمڕانە تەقلیدییەکانیش بۆخۆیان بەشێکن لە هۆکاری زیادبوونی جەماوەری پارتە ڕاسترەوە ڕادیکاڵەکانی وەک AfD ئەوان لایان وابوو کە متمانەی دەنگدەران بە پارتەکان لاواز بوە وچەندین هۆکاریش هەن بۆ ئەم کەمی متمانەیە.
بابەتەکانی کۆنفرانسەکە زیاتر دەربارەی ستراتیژی و تەکنیکەکانی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن بوو. ئەو بابەتانەی وەک هۆکاری سەرەکی کەمبوونەوەی ڕێژەی دەنگدان لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا تیشکی خرانە سەر کە بۆتە هۆی کەمبوونەوەی متمانە بە پارتەکان و زیادبوونی دەنگەکانی پارتە ڕاستڕەوە ڕادیکالەکان، لاوازی حوکمڕانی و بەڵێنی گەورە لە کاتی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن و لاوازی پەیوەندی نێوان نوێنەرەکانیان لە پەرلەمان و دەنگدەران و شێواز و تاکتیکەکانی هەڵبژاردن. یەکێک لە قسەکەرەکان لای وابوو کە لە کاتێکدا پێویستە ناوەرۆکی سیاسەت و پەیامی پۆپۆلیستەکان ڕەتبکرێتەوە، پێویستە سوود لە شێواز و فۆرماتی پەیوەندییان لە گەل خەڵک و هەڵمەتەکانی هەلىبژاردنیان وەربگیرێت.
بەشێک لە پەنێڵەکان تەرخان کرابوون بۆ سوود وەرگرتن لە ژیریی دەسکرد و سۆشیال میدیا لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا. هەندێک لایان وابوو کە ژیریی دەسکرد وەک ئاسانکاری تەکنەلۆجی و خێراکردنی پرۆسە و هەنگاوەکان گرنگە، بەڵام نابێت جێگەی سۆز و کاریگەریی مرۆڤەکان و پەیوەندی ڕووبەڕووی بەرپرسانی پارتەکان و دەنگدەران بگرێتەوە. رۆڵی سۆشیال میدیای وەک ئینستاگرام و تیکتۆک و فەیسبووک و ئێکس واتسئەپ وئەوانی تر لە گەیاندنی خێرای پەیامەکان و پەیوەندی دوو لایەنە بە فاکتەری گرنگی گەیاندنی پەیامەکان جەختی لەسەر کرایەوە.
بەشی دوەمی سەردانەکەی هۆشیار سیوەیلی بۆ بەرلین بریتی بوو لە کۆبوونەوە لەگەڵ هەندێک لەو هاووڵاتییە کوردە ئەڵمانییانەی کاندیدن بۆ پەرلەمانی هەرێمەکان و شارەوانییەکان و لەم میانەشدا چاوی کەوت بە قاسم تاهیر سالح ئەندامی پەرلەمانی فیدرالی لەسەر لیستی کەسک و ژیان عومەر ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی بەرلین لەسەر لیستی پارتی کەسک کە جارێکی تر لە لایەن پارتەکەیەوە بەربژێر کراوەتەوە. لە هەمان ڕۆژدا هۆشیار سیوەیلی چاوی کەوت بە پرشنگ کاکەیی لەسەر لیستی پارتی سۆشیال دیموکرات و زەکریا عەبدولکەریم و سالار میرزا لەسەر لیستی پارتی کریستان دیمۆکرات کە کاندیدن بۆ پۆستی پارێزگار و ئەندامانی شارەوانییەکان لە هەریمەکانی خۆیاندا.
لەم دیدارانەدا هەڤاڵ بەهجەت مەسیفی ئەندامی کارگێڕی لقی شەش و بەرپرسی پەیوەندییەکانی لقی شەش ئامادەبوون.