لە چوارچێوەی جێبەجێ کردنی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ دابینکردنی هاوسەنگی لە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان لەنێوان سەنتەری شارەکان و ناوچە سنوورییە دوورە دەستەکاندا، پڕۆژەی دروستکردنی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی قەزای باتیفا لە قۆناغی کۆتاییدایە و ڕێژەی تەواوبوونی کارەکانی گەیشتووەتە ٨٠٪ .
ئەم نەخۆشخانەیە کە بەشێوەیەکی تایبەت بۆ فریاکەوتن دیزاین کراوە، پێک دێت لە ٤٠ تەخت و تێیدا سەرجەم پێداویستییە سەرەکییە تەندروستییەکان دابین کراون و گرنگترین بەشەکانی بریتیین لە:
• بەشی پێشوازیی نەخۆش
• هۆڵەکانی نەشتەرگەری
• تاقیگە
• بەشی چاودێریی چڕ
• بەشی تیشک
نەخۆشخانەکە لە تەمووزی ٢٠٢٣، بەردی بناغەی دانراوە و بەتەواوبوونی، جگە لە دانیشتووانی سەنتەری قەزای باتیفا، هاووڵاتییانی ١٤ گوندی سنووری قەزاکە، ڕاستەوخۆ لە خزمەتگوزارییە پزیشکییەکانی ئەم نەخۆشخانەیە سوودمەند دەبن.

