سیروان بارزانی، خاوەنی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم لە لێدوانێکی تایبەتدا بە کوردستان 24ـی راگەیاند، بڕیارەکانی پێشووی سەرۆکی دەستەی گەیاندنی عێراق دژی کۆڕەک تیلیکۆم بێبنەما و نایاسایی بوون.
ئاماژەی بەوەش دا، ئەمڕۆ یەکشەممە 23ـی ئابی 2026، دادگای رەسافە لە شاری بەغدا فەرمانێکی کاتیی دادوەریی (ئەمر وەلائی) دەرکردووە بۆ راگرتنی جێبەجێکردنی سەرجەم ئەو بڕیارە نادادپەروەرانەی دژی کۆمپانیاکە دەرکرابوون.
خاوەنی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم جەختی لەوە کردەوە، ئەم هەنگاوەی دادگای رەسافە کاردانەوەیەکە بەرانبەر بەو ستەمەی لێیان کرابوو، هەروەها دووپاتی کردەوە ئەوان هەمیشە متمانەیان بە دادپەروەری و رێکارە یاساییەکان هەبووە.
لە ماوەی رابردوودا دەستەی گەیاندنی عێراق رایگەیاندبوو، کۆڕەک تیلیکۆم بڕی نزیکەی یەک ملیار و 500 ملیۆن دۆلار قەرزداری دەوڵەتە، بۆیە لە چەند رۆژی رابردوودا بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، نووسینگەی سەرەکیی کۆمپانیاکەی لە ناوچەی جادریە و سێ بنکەی دیکەی فرۆشتنی لە بەغدا داخست. هەروەها هەڕەشەی راگرتنی تەواوەتیی خزمەتگوزارییەکانی کۆڕەک تیلیکۆم و دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵەکانی کردبوو.
لە بەرانبەردا، کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم ئەو هەنگاوانەی بە نایاسایی و سیاسی لە قەڵەم دا، بەتایبەتی دوای ئەوەی لە ساڵی 2025ـدا رێککەوتنێکیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و پێدانی مۆڵەتی نەوەی چوارەم واژۆ کردبوو، بەڵام دەستەکە رێککەوتنەکەی هەڵوەشاندەوە.

