عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر
کۆمەڵەی خۆشنووسانی کوردستان بانگەوازی فەرمی بڵاوکردەوە بۆ هەموو خۆشنووسانی کورد لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان، بۆ بەشداریکردن لە پێشانگەیەکی هاوبەشی شێوەکای بە ناونیشانی “رەهانووسی”؛ پێشانگەیەک کە ئامانجی سەرەکیی بریتییە لە هاندانی داهێنان، ئاڵوگۆڕکردنی ئەزموونی نێوان خۆشنووسان و فراوانکردنی ئاسۆی هونەری خۆشنووسی بە شێوەیەکی ئازاد و نوێ.
مەریوان پیرباڵ، سەرۆکی کۆمەڵەی خۆشنووسانی کوردستان بۆ (هەولێر) گوتی : ناونیشانی “رەهانووسی”، خۆی هێمای ئازادی و دەرچوون لە سنوورە باوەکانی خۆشنووسییە. بۆیە لەم پێشانگایەدا تەنیا جۆری خۆشنووسی سەربەست وەردەگیرێت، چوونکە ئەم شێوازە رێگە بە هونەرمەند دەدات پیت و وشە بە دیدێکی هونەری و داهێنەرانە بگۆڕێتە ئەزموونێکی نوێ، نەک تەنیا دووبارەکردنەوەی شێوازە کلاسیکییەکان. لەبەر ئەوە، جۆرە باوەکانی وەک سولس، نەسخ، روقعە، نەستەعلیق و هاوشێوەکانیان لەم پێشانگەیەدا قبوڵ ناکرێن.
گوتیشی: کۆمەڵەکە ویستیویەتی ئازادی تەواو بە خۆشنووسان بدات لە هەڵبژاردنی بابەتەکان، بۆیە هەر هونەرمەندێک دەتوانێت دەقێک لەسەر خۆشەویستیی نیشتمان، ژیان، ئاشتی، نەفرەتکردن لە جەنگ یان هەر بابەتێکی مرۆیی و کۆمەڵایەتی هەڵبژێرێت، بە مەرجێک لە چوارچێوەی رێزگرتنی گشتی و بنەماکانی کۆمەڵگە دەرنەچێت.
مەریوان پیرباڵ باس له شێوازی جێبەجێکردنی کارەکان دەکات و دەڵێت: هونەرمەندان لە شێوازی جێبەجێکردنی کارەکانیشدا ئازادن و دەتوانن کارەکانیان بە شێوەی هونەرکاری پیت یان نووسینەوەی تێکست ئەنجام بدەن، بەڵام ئەگەر کارەکە نووسینەوەی تێکست بێت، پێویستە بە زمانی کوردی بێت، چوونکە یەکێک لە ئامانجەکانی پێشانگەکە پاراستن و گەشەپێدانی جوانیناسی نووسینی زمانی کوردییە.
سەرۆکی کۆمەڵەی خۆشنووسانی کوردستان لەرووی تەکنێکییەوە باس لە پێشانگەکە دەکات و دەڵێت: لە رووی تەکنیکییەوە، هەموو کارەکان دەبێت لەسەر کانڤاس و بە چوارچێوەی دارینی ناوەوە ئامادە بکرێن. هەر خۆشنووسێک دەتوانێت یەک یان دوو تابلۆ پێشکەش بکات و پابەند بێت بە یەکێک لە قەبارە دیاریکراوەکان، کە بریتین لە 150×150، 150×100، 100×100 و 70×70. هەروەها لە هەڵبژاردنی رەنگی تێکست و باکگراونددا تەواو ئازادی بۆ بەشداربووان هەیە.
مەریوان پیرباڵ ئاماژەی بەوەش دا: هەموو کارە پێشکەشکراوەکان لەلایەن لێژنەیەکی پسپۆڕەوە هەڵدەسەنگێندرێن و تەنیا ئەو کارانە رێگەیان پێدەدرێت کە ئاستێکی بەرزی هونەرییان هەبێت و پابەند بن بە مەرجەکانی پێشانگە، چوونکە ئەم هەڵسەنگاندنە بۆ پاراستنی ئاستی هونەری پێشانگەکە و پێشخستنی ئەزموونی خۆشنووسی کوردی گرنگە.”
وەرگرتنی کارەکانی پێشانگەی هاوبەشی شێوەکاری “رەهانووسی”، لە 14 تاوەکوو 20ی ئابی 2026 بەردەوام دەبێت و دوای تەواوبوونی پێشانگەکەش، هەموو تابلۆکان بۆ خاوەنەکانیان دەگەڕێندرێنەوە.

