رۆژنامەی ھەولێر

٩٥%ـی مووچەخۆرانی سلێمانی لە هەژماری من خۆیان تۆمار کردووە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بەمەبەستی خۆتۆمارکردن لە پڕۆژەی ھەژماری من، ھاووڵاتییانی شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان ڕوو دەکەنە بانکەکان، ئەمەش پاش ئەوەی وەزارەتی دارایی عێراق ٣١ـی مانگی داھاتوو وەکو دوا وادە بۆ خۆتۆمارکردن دیاری کرد، دژایەتییە بەردەوامەکانی ئەو پڕۆژەیە لە سلێمانی وای کرد ئێستا ھاووڵاتییانی ئەو شارە توشی زەحمەتییەکی زۆر ببنەوە تا بتوانن خۆیان تۆمار بکەن.

پڕۆژەی ھەژماری من یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی کابینەی نۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کە ئامانج لێی بە دیجیتاڵیکردنی سیستەمی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستانە، لە پڕۆژەکەدا جگە لە فەرمانبەران، خانەنشینانیش سوودمەندن.
پڕۆژەی ھەژماری من کە لە ساڵی ٢٠٢٣ لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستانەوە وەک بەشێکی سەرەکی لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەت ڕاگەیەندرا، ئامانجی مۆدێرنکردنی خزمەتگوزارییە بانکییەکان و فەراھەمکردنی گشتگیریی داراییە لە سەرتاسەری ھەرێمدا، تائێستا زیاتر لە ٩٥٠٠٠٠ مووچەخۆری کەرتی گشتی ناوی خۆیان لەم پڕۆژەیەدا تۆمار کردووە و لەو ژمارەیەش زیاتر لە ٩١٥٠٠٠ کەس کارتە بانکییەکانیان وەرگرتووەتەوە، ئەمەش نیشانەی خێرایی پرۆسەی گۆڕانکارییە لە سیستمی دابەشکردنی مووچە لە شێوازی نەختێنەییەوە بۆ دیجیتاڵی.
بۆ ئاسانکاریی مووچەخۆران، بانکە بەشداربووەکان تائێستا ٦٤٠ ئامێری ڕاکێشانی پارەیان (ATM) لە ناوچە جیاوازەکانی ھەرێمی کوردستان جێگیر کردووە کە بە شێوەیەکی ٢٤ کاتژمێری خزمەتگوزاری پێشکەش دەکەن، ڕاکێشانی پارەش لە ئامێرەکان بە خۆراییە.
ئامانج لە پڕۆژەکە ھەوڵی مۆدێرنکردنی کەرتی بانکی و بەرەوپێشبردنی گەشەی ئابوورییە لە ھەرێمی کوردستان و خێراترکردنی پڕۆسەی بە دیجیتاڵکردنی حکوومەتە، کە بەشێکی سەرەکییە لە دیدگای مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەرەوپێشبردنی چاکسازی و گۆڕانکاری ڕیشەیی و پاڵپشتی پارەدانی دیجیتاڵی لە ھەرێمی کوردستان.
لە سلێمانی تەنیا بنکەکانی خۆتۆمارکردن نین کە فشارێکی زۆریان لەسەرە، بەڵکو ئەو شوێنانەشی کە کارتی بانکی لێوەردەگیرێتەوە مەینەتییەکی دیکەی مووچەخۆران و خانشینانی سلێمانییە، ئەوان ڕەخنەی توند ئاراستەی ئەو کەسانە دەکەن کە نەیان ھێشت ھەژماری من بکەن، لە کاتێکدا ئێستا خۆیان مووچەکانیان لە ھەژماری من وەردەگرن، بۆیە پێیانوایە قسەی ھەندێک لایەن لە کاتی ھەڵبژاردن دژی ئەم پڕۆژەیە جگە لە زیان گەیاندن پێیان ھیچ بەرھەمێکی دیکەی نەبوو.
وەکو مووچەخۆران و خانەنشینان بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێن، بەرپرسانی ئێرە پێشتر نەیان ھێشت خۆمان تۆمار بکەین و گوتیان تەوتین دەکەین، کەچی خۆیان لە پڕۆژەکە تۆمار کردوو و ئێمەشیان فریودا، ئێستاش بە ئێمە دەڵێن ئەگەر خۆتان تۆمار نەکەن مووچەکەتان دەبڕێت، ئەوەش ھۆکار بوو کە خەڵک ھەموو پێکەوە ڕوو لە بانکەکان بکەن بۆ خۆتۆمارکردن.
٩٥%ی مووچەخۆرانی سلێمانی ئێستا خۆیان لە ھەژماری من تۆمار کردووە و مووچەکانیان بە ئەلیکترۆنی وەردەگرن، ئەوانەشی کە ماون تا ٣١ی مانگی داھاتوو خۆیان تۆمار نەکەن ڕاستەوخۆ مووچەکانیان لە بەغداوە ڕادەگیرێت.
دواجار دەرکەوت بۆ مەبەستی حیزبی و کۆکردنەوەی دەنگ ھەندێک کەس لە خۆتۆمارکردن لە ھەژماری من دوورخرانەوە ئەگەر پێشتر مووچەخۆرانی سلێمانی خۆیان تۆمارکردبایە، ئێستا چەند کاتژمێرێک پێویستیان بەوە نەدەبوو چاوەڕێ بکەن، ئەو ڕاستییەش نەشی شاردەوە بەڵێنەکانی ئەو لایەنانە کە پێشتر دژایەتی ئەو پڕۆژەیان دەکرد تەنیا قسە بوون، چونکە دەرکەوت کردار لە بەڵێن و قسە کاریگەرترە.