بەڕێوەبەرایەتیی ڕێکخستنی پسوولەی خۆراکی هەولێر ئاگادارییەک ئاراستەی ئەو هاووڵاتییانە دەکات کە مامەڵەی گواستنەوەی خێزانیان لە پارێزگایەکەوە بۆ پارێزگایەکی دیکە هەیە و چەند ڕێنماییەکی نوێی بڵاوکردەوە.
دوێنێ، بەڕێوەبەرایەتیی ڕێکخستنی پسوولەی خۆراکی هەولێر ڕایگەیاند: ئەو هاووڵاتییانەی مامەڵەی گواستنەوەی پسوولەی خۆراکیان لەنێوان پارێزگاکاندا هەیە، پێویست ناکات سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکە بکەن، دەتوانن هەر لە ڕێگەی مۆبایلەکانیانەوە مامەڵەکانیان جێبەجێ بکەن.
هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ئەو خێزانانەی کە دەیانەوێت پسوولەکانیان بۆ ناوچەکانی مادەی 140 وەک پارێزگاکانی (کەرکووک، مووسڵ، دیالە و سەڵاحەددین) بگوازنەوە، داوایان لێ دەکرێت جارێ سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکە نەکەن بە مەبەستی وەرگرتنی نووسراوی لاری نەبوون (عدم ممانعة).
بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوەش داوە: ئەم جۆرە مامەڵانە (ناوچەکانی مادەی 140) ڕاگیراون تا ئەو کاتەی ڕەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیرانی حکوومەتی لێ دەردەچێت. هەر کاتێک بڕیاری نوێ درا، لە ڕێگەی پەیجی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتییەکەوە هاووڵاتییان ئاگادار دەکرێنەوە.

