ڕائیب جادر – هەولێر
ڕۆژبەڕۆژ بەشداربووانی پڕۆژەی ھەژماری من لە ھەرێمی کوردستان زیاتر دەبن بۆ مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەران زیاتر لە ٨٣٥٠٠٠ مووچەخۆری مەدەنی، سەربازی، خانەنشین و خانەوادەی شەھیدان، مووچەکانیان لەڕێگەی ٦٤٠ ئەی تی ئێمەوە وەردەگرن، ئەمە لە کاتێکدایە زیاتر لە ٩٥٠٠٠٠ مووچەخۆری کەرتی گشتی ناوی خۆیان لەم پڕۆژەیەدا تۆمار کردووە و لەو ژمارەیەش زیاتر لە ٩١٥٠٠٠ کەس کارتە بانکییەکانیان وەرگرتووەتەوە.
پڕۆژەی ھەژماری من یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی کابینەی نۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کە ئامانج لێی بە دیجیتاڵیکردنی سیستەمی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستانە، لە پڕۆژەکەدا جگە لە فەرمانبەران، خانەنشینانیش سوودمەندن.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەت، کۆی گشتیی ئەو مووچەخۆرانەی مانگی شەش مووچەکانیان بە دیجیتاڵی بۆ گەڕاوەتەوە گەیشتووەتە ٨٣٦,٤٦٠ کەس، کە زۆرینەیان لە پارێزگای ھەولێرن بە ٣٨٠,٤٥٠ سوودمەند، دوای ئەویش پارێزگای سلێمانی دێت بە ٢٥٥,١٠٠ کەس، ھەروەھا لە دھۆک ١٨٥,٧٠٠ و لە ھەڵەبجەش ١٥,٢١٠ مووچەخۆر لەم سیستمە نوێیە سوودمەند بوون، داتاکان نیشانی دەدەن کە وەرگرتنی مووچە بە شێوازی دیجیتاڵی گەشەکردنێکی بەردەوامی بەخۆیەوە بینیوە، لە کاتێکدا زیاتر لە ساڵێک لەمەوبەر تەنیا ١٣٠,٥٠٠ کەس لەم سیستمەدا بوون، ئەم ژمارەیە لە مانگی ئاداردا بۆ ٧٣٦,٠٠٠ بەرزبووەوە، لە نیساندا گەیشتە ٧٦٢,٠٠٠، لە ئایاردا بوو بە ٧٩٥,٧٥٠، و لەم مانگەشدا کە مانگی تەمووزە گەیشتووەتە لووتکەی خۆی بە ٨٣٦,٠٠٠ سوودمەند.
پڕۆژەی ھەژماری من کە لە ساڵی ٢٠٢٣ لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستانەوە وەک بەشێکی سەرەکی لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەت ڕاگەیەندرا، ئامانجی مۆدێرنکردنی خزمەتگوزارییە بانکییەکان و فەراھەمکردنی گشتگیریی داراییە لە سەرتاسەری ھەرێمدا، تائێستا زیاتر لە ٩٥٠٠٠٠ مووچەخۆری کەرتی گشتی ناوی خۆیان لەم پڕۆژەیەدا تۆمار کردووە و لەو ژمارەیەش زیاتر لە ٩١٥٠٠٠ کەس کارتە بانکییەکانیان وەرگرتووەتەوە، ئەمەش نیشانەی خێرایی پرۆسەی گۆڕانکارییە لە سیستمی دابەشکردنی مووچە لە شێوازی نەختێنەییەوە بۆ دیجیتاڵی.
بۆ ئاسانکاریی مووچەخۆران، بانکە بەشداربووەکان تائێستا ٦٤٠ ئامێری ڕاکێشانی پارەیان (ATM) لە ناوچە جیاوازەکانی ھەرێمی کوردستان جێگیر کردووە کە بە شێوەیەکی ٢٤ کاتژمێری خزمەتگوزاری پێشکەش دەکەن، ڕاکێشانی پارە لە ئامێرەکان بە خۆراییە، ھەر ئامێرێک ١٠٠ بۆ ٣٠٠ ملیۆن دینار پارە تێدا شوێن دەبێتەوە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پلانی ھەیە تا کۆتاییھاتنی قۆناغەکانی پڕۆژەکە، ژمارەی ئامێرەکان بگەیەنێتە زیاتر لە ھەزار دانە، ئەمەش ھاوتایە لەگەڵ ڕێسا و ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی بانکی ناوەندیی عێراق، ئەم ھەنگاوە لە کاتێکدایە کە ئیدارەی ترەمپ لە واشنتن و دامەزراوە داراییە جیھانییەکان جەخت لەسەر شەفافیەت و چاکسازیی دارایی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا دەکەنەوە، پڕۆژەی ھەژماری من وەک یەکێک لە خاڵە وەرچەرخانەکانی کابینەی نۆیەم دەبینرێت بۆ ڕێکخستنەوەی میلاکات و زامنکردنی گەیشتنی شایستە داراییەکان بە دەستی مووچەخۆران بەبێ ئاستەنگ و جەنجاڵی.
پڕۆژەکە ئاسانکاری دەکات بۆ دەست ڕاگەیشتن بە خزمەتگوزاریە بانکییە مۆدێرنەکان وەک قەرز، پاشکەوت کردن و پارەدانی دیجیتاڵی بۆ نزیکەی یەک ملیۆن فەرمانبەر فەراھەم دەکات، ھەروەھا پشت بەستن بە مامەڵەی کاش کەمدەکاتەوە و کارایی حکوومەت و شەفافیەتیش زیاتر دەکات، ئاسانکاریەکی زۆر بۆ مامەڵە بانکییەکان دەکات، لەڕێگەی پڕۆژەی ھەژماری منەوە مووچەخۆران ھەر مووچە نا، بەڵکو لە ١٩ خزمەتگوزاریی بانکی و چەندین جۆری قەرز و پێشینە سوودمەند دەبن، لە ھەمان کاتدا پڕۆژەکە ڕێگری لە سپیکردنەوەی پار دەکات و گەندەڵی کەم دەکاتەوە.
ئامانج لە پڕۆژەکە ھەوڵی مۆدێرنکردنی کەرتی بانکی و بەرەوپێشبردنی گەشەی ئابوورییە لە ھەرێمی کوردستان و خێراترکردنی پڕۆسەی بە دیجیتاڵکردنی حکوومەتە، کە بەشێکی سەرەکییە لە دیدگای مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەرەوپێشبردنی چاکسازی و گۆڕانکاری ڕیشەیی و پاڵپشتی پارەدانی دیجیتاڵی لە ھەرێمی کوردستان.
پڕۆژەکە چەندین سوودی جۆراوجۆری بۆ ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان ھەیە لە بواری ئاسانکاری و سەلامەتی ھەژمارەکان دەبێتە ھۆی پێدانی مووچەی فەرمانبەران بەشێوەیەکی ڕێکوپێک و لە کاتی خۆیدا، بەبێ بوونی نۆرە و کاتی زۆر، ھەروەھا توانای دەستڕاگەیشتن بە پارە لە ھەر شوێنێک بە بەکارھێنانی بانکی مۆبایل – ئەنتەرنێت بەبێ سەردانی لقەکان، ھەروەھا کاریگەری دەبێت لەسەر داھاتی زیادە لە دانانی پارەی نەختینەیی ناکاو لە پاشەکەوتدا و کڕینی کاڵا یان خزمەتگوزاری یان پارەدان بە خەرجییە کەسییەکان لەڕێی قەرزی ئاسانەوە، ھەروەھا لەو ڕێگەیەوە دەتوانرێت پارە بدرێت بۆ کڕینی کاڵا و خزمەتگوزارییە ئۆنلاینەکان و حەواڵە لە نێوان ھەژمارە جیاوازەکان و وەرگرتنی حەواڵەی نێودەوڵەتی بێ ئەوەی پێویست بە سەردانی نووسینگەی ئاڵوگۆڕی دراو بکات، لە ھەمانکاتدا ئەم ھەنگاوە دەبێتە ھۆی بەشداریکردنی ھاووڵاتییان لە کەرتی بانکیدا و ھەنگاو بە ھەنگاو زیادبوونی بەرھەمی ناوخۆیی لێدەکەوێتەوە، خەرجی بەکاربەرانیش بەھۆی زیادبوونی قەرزی تاکەکەسی زیاد دەبێت و دەرفەتی کاری زیاتریش لە کەرتی بانکیدا دەڕەخسێنێت.
شارەزایانی بواری ئابووری، باس لەوە دەکەن ھەنگاوەکانی حکوومەت بە ئاراستەی پێشکەوتن و گەشەسەندنی ھەرێمی کوردستانە، لە چوارچێوەی بە ئەلیکترۆنیکردنی کارەکان بە ھەمانشێوەی وڵاتانی دنیا، بۆیە ئەوەی حکوومەت کردوویەتی، جێگەی گرنگیدانە و لە بەرژەوەندیی ھاووڵاتییانە، پڕۆژەی ھەژماری من، دەبێتە خاڵێکی گرنگی پێشووەچوونی ھەرێم لە قۆناغی بەئەلیکترۆنیکردنی کارەکان، سەرۆکی حکوومەت ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی پڕۆژەکە دەکات، سیستمی دابەشکردنی مووچە لە وڵاتان لە ڕێگەی بانکەوەیە، کە کاری ڕۆتین ناھێڵێت و ئەو گرفتانەی بانکەکان ھەیە چارەسەری دەکات، فەرمانبەریش ھێندە لە چاوەڕوانی ھاتنی مووچەدا نابێت.
ڕزگار کامەران، شارەزای بواری ئابووری، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت، پڕۆژەی ھەژماری من، پڕۆژەیەکی حکومییە و بۆ خزمەتی فەرمانبەران کراوە، ھەر کەس و لایەنێک دژایەتی پڕۆژەکە بکات لە بەرانبەر سەرکەوتنەکەیەتی، ئەو ھەژمارە بۆ فەرمانبەرانە و بۆ بەمۆدێرنکردنی کەرتی بانکی و دروستکردنی متمانەیە لە نێوان بانک و ھاووڵاتییان ئەوەش گەشەپێدانی ئابووریی ھەرێمی کوردستانی لێ دەکەوێتەوە، ھەروەھا ھەنگاوێکی گرنگە بۆ جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، کە بەپێی ماددەی ١٣ لە یاساکە ھەژمارێکی بانکی بۆ سەرجەم فەرمانبەران دەکرێتەوە، ئەوەش ھەنگاوێکی گرنگە و کاریگەری لەسەر کەمکردنەوەی ڕۆتین و کاری دابەشکردنی مووچە بە دەست و پشێوی بانکەکان و گرفتی کەم و زۆری پارە دەبێت.
دەشڵێ: یەکێکی دیکە لە سوودە سەرەکییەکانی پڕۆژەی ھەژماری من، پشتبەستنی فەرمانبەران بە پارەی کاش کەمدەکاتەوە، ئەمەش لەڕێگەی پارەدان بەشێوازی دیجیتاڵی بە سوودوەرگرتن لە کارتی بانکی و ئامێری ئەی تی ئێم کە ئامێرەکە تایبەتە بە گواستنەوەی پارە لە ھەژماری کڕیارەوە بۆ فرۆشیار، ھەروەھا لەو ڕێگەیەوە دەتوانرێت پارە بدرێت بۆ کڕینی کاڵا و خزمەتگوزارییە ئۆنلاینەکان و حەواڵە لە نێوان ھەژمارە جیاوازەکان و وەرگرتنی حەواڵەی نێودەوڵەتی.
نازم عیماد، شارەزا لە بواری کارگێڕیی و دارایی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: حکوومەتی ھەرێم بەرپرسیارانە ھەنگاوی نا بەرەو بە سیستمکردنی بانکەکانی ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنماییەکانی بانکی نێودەوڵەتی و بانکی ناوەندیی عێراق، بە ئەنجامدانی پڕۆژەی ھەژماری من بۆ مووچەخۆران، بە بەشداری چەندین بانکی باوەڕپێکراو لەسەر ئاستی عێراق و ھەرێمی کوردستان.
ئەو شارەزایەی بواری کارگێڕیی دارایی، ئاشکراشی کرد: پڕۆژەی ھەژماری من، ھەموو ئەو پاکێجە داراییانەی کە لە جیھاندا ھەیە دەتوانن بە ماوەیەکی کەم پێشکەش بکەن، ھەروەھا پڕۆژەکە لە بەرژەوەندیی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستاندایە و زۆریش لە تەوتین فراوانتر و دەوڵەمەندترە و فەرمانبەرانیش زیاتر سوودی لێ وەردەگرن، ئەو بانکانەی کە لە پڕۆژەکەدا بەشدارن، ھەمووی لە بانکی ناوەندی تۆمار کراون، ئەو ھەوڵانەی دەدرێن بۆ دژایەتیکردنی ئەو پڕۆژەیە، شکست دەھێنن، لەبەر ئەوەی دیارە ئامانجی دژایەتیکردنی پڕۆژەکە بۆ لاوازکردنی ھەرێمی کوردستانە.

