چواس خالید – هەولێر
دوای ئەوەی لە چەند فەرمانێکی وەزاریدا، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندی نیشاندا بە خەرجکردنی گوژمەی پێویست، حەوت پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە هەولێر جێبەجێ دەکرێت.
هەولێری پایتەخت شایەتی تەوژمێکی نوێیی پەرەپێدانی ژێرخان و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان دەبێت، ئەوەش دوای ئەوەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندی نیشانداوە لەسەر دابینکردنی بودجەی پێویست بۆ جێبەجێکردنی کۆمەڵێک پڕۆژەی گرنگی خزمەتگوزاریی لە سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر.
ئەو پڕۆژه خزمهتگوزارییانەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕەزامەندی نیشانداوە بودجەی پێویستیان بۆ دابین بکات، حەوت پڕۆژەی خزمەتگوزاریی گرنگی سێکتەرەکانی ئاو و ڕێگەوبانن، کە قیرتاوکردنی دوو سایدی شەقامی حاکم ڕەشید عەبدولقادر یەکێکیانە و ڕۆنان و دروستکردنی شەقامی بەحرکە لە نێوان شەقامی ١٢٠ مەتری و شەقامی ١٥٠ مەتری پڕۆژەیەکی دیکەیە، کە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی قەرەباڵغی.
هاوکات یەکێک لە شەقامە بازنەییەکانی هەولێر، کە شادەماری سەرەکی هاتوچۆی شارەکەن، شەقامی ١٠٠ مەترییە و بەهۆی لۆدی زۆری ئۆتۆمبێلەوە، لە ڕابردوودا بەشێکی تێکچووە و بڕیاردراوە شوێنە خراپبووەکانی جاکبکرێتەوە و دووبارە قیرتاو بکرێتەوە، لەگەڵ ئەویشدا چەند شەقامێکی دیکە هەر لە سنووری شارەوانی هەولێر قیرتاو دەکرێت.
جیا لەوانە و پڕۆژەی قیرتاوکردنی شەقامی سەرەکی هەولێر – گوێڕ، یەکێکی دیکەیە لەو پڕۆژانەی وەزارەتی شارەوانی بڕیاری تەرخانکردنی بودجەی پێویستی داوە و دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە ئەم شەقامە ڕێڕەوێکی بازرگانی و گواستنەوەی گرنگە و بە تەواو بوونی پڕۆژەکە، سەلامەتی هاتوچۆ بۆ هەزاران شۆفێر دابین دەکات.
لەپاڵ کارە کۆنکرێتی و قیرتاوکردنەکاندا، پڕۆژەیەک بۆ ڕووپێوکاری ئاسمانی بۆ چەند شوێنێکی هەولێر تەرخان دەکرێت، کە یارمەتیدەرە لە ڕێکخستنی شارسازی و نەخشەسازی نوێ بۆ پایتەخت بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێ.
دوای ئەوەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاریی ئاو، دانیشتوانی هەولێری تا سی ساڵی دی لە بێ ئاوی ئەرخەیان کرد، لەبەر بەفیڕۆ نەچوونی ئاو، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەو پڕۆژانەی دی بڕیاریداوە بە گۆڕینی تۆڕی ئاو لە گەڕەکی برایەتی لە سنووری شارەوانی هەولێر، ‘برایەتی’ کە یەکێکە لە گەڕەکە دێرینەکانی هەولێر، تۆڕی ئاوەکەی کۆن بووە و زۆر جار بووتە هۆی لێچوون و بەفیڕۆ چوونی ئاوێکی زۆر، گۆڕینی تۆڕی ئاوی ئەم گەڕەکە، هۆکارێکە لە پاراستنی سامانی ئاو لە شاری هەولێر.
یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی بڕیارەکەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، شێوازی دابینکردنی دارایی پڕۆژەکانە، کە پشت بە داهاتی ناوخۆیی شارەکە دەبەستێت، بەپێی فەرمانە وەزارییەکە گوژمەی جێبەجێکردنی ئەو حەوت پڕۆژە خزمەتگوزارییە لەسەر ڕێژەی ١٧%ی داهاتی کۆکراوەی ئاو لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەولێر و ڕێژەی ١٥%ی داهاتی شارەوانی لە سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێرە.
ڕاگەیاندنی ئەو حەوت پڕۆژە خزمەتگوزارییە، هیوایەکی نوێ دەبەخشێت، چاوەڕوان دەکرێت بە جێبەجێکردنیان، ئاسانکاری گەورەی هاتوچۆ لەو شوێنانەی شار بێتە دی و دیمەنێکی شارستانیتر بە پایتەخت ببەخشێت.

