رۆژنامەی ھەولێر

پەیامێک لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

سوپاس و پێزانینێکی زۆرم بۆ خەڵکی خۆشەویست و جوامێر و مرۆڤدۆستی پارێزگەی هەڵەبجە و هەورامان هەیە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هەوڵێکی بێوچان و کۆششێکی بێوێنەیان کرد لە دۆزینەوەی تەرمی گەشتیارێکی جوانەمەرگی خەڵکی کەربەلا بە ناوی ڕوقیە، کە ئەمەش هەرگیز نامۆ نییە بە کولتووری مرۆڤدۆستی و بەخشندەییی خەڵکی کوردستان، بە تایبەتی دەستخۆشی لە پارێزگاری هەڵەبجە و هێزە ئەمنییەکان و تیمەکانی بەرگریی شارستانی و هەموو ئەو خۆبەخش و کەسانە دەکەم ڕۆڵیان لە دۆزینەوەی تەرمەکەدا هەبوو.

پرسە و سەرەخۆشیی قووڵی خۆم ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری خوالێخۆشبوو دەکەم و هاوخەمیانم. خودای مەزن گیانی بە بەهەشت شاد بکات و سەبر و ئارامییان پێ ببەخشێت.

بە داخەوە لەم ماوەیەدا، ڕووداو و کارەساتی دڵتەزێنی خنکان زۆر بوون، دەبێ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت ڕێکار و ڕێنماییی پێویستی سەلامەتی لە شوێنە گەشتیارییەکان توندوتۆڵتر بکەن بە تایبەتی لە نزیک ڕووبار و بەنداو و سەرچاوەکانی ئاو، هەروەها داوا و تکا لە هاووڵاتییان و گەشتیارانی بەڕێز دەکەم کە ئەو ڕێنماییانە لەبەرچاو بگرن و ئاگاداری سەلامەتیی خۆیان و کەسوکاریان بن.

نزاکارین لە خودای مەزن کە هەموو لایەک بپارێزێت.

مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی