رۆژنامەی ھەولێر

هەولێر …. هەڵمەتێكی چاندنی نەمام بەڕێوەچوو

لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ پەرەپێدان، پاراستنی ژینگە، زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی و جوانترکردنی سیمای هەولێری پایتەخت، ئەمڕۆ یەکشەممە 2026.5.24، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و زانا مەلا خالید، بەرپرسی لقی 2ی پارتی و کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانی هەولێر، لە ڕێورەسمێکدا هەڵمەتێکی بەرفراوانی چاندنی نەمام لەسەر شەقامی سەرەکیی ڕێگای مەخمور دەستیپێکرد، کە لەلایەن ڕێکخراوی کوردستان فاوندەیشن ڕێکخرابوو.

لە ڕێورەسمەکەدا، کە ژمارەیەک لە ئەندازیاران، بەڕێوەبەرانی بەشە جیاوازەکان و کارمەندانی شارەوانی و ئەندازەی پارک و باخچەکان ئامادەی بوون، بەشداربووان دەستیان بە چاندنی سەدان نەمام لەسەر شۆستە و ناوەندە ناوەڕاستەکانی شەقامەکە کرد، بە ئامانجی کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و ڕازاندنەوەی دەروازەکانی شار.

لای خۆیەوە، پارێزگاری هەولێر، وێڕای دەستخۆشی لە کوردستان فاوندەیشن و سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتی ئەندازەی پارک و باخچەکان بۆ ڕێکخستنی ئەم هەڵمەتە، جەختی لە گرنگی پاراستنی پاکوخاوێنی و ڕەخساندنی ژینگەیەکی تەندروست بۆ هاوڵاتییان کردەوە و ڕایگەیاند: “زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی و جوانترکردنی سیمای شەقام و کۆڵانەکان، بەشێکە لە ئەولەویەتی کارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئیدارەی پارێزگا، هاوشانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی دیکە، بەردەوام دەبین لە دابینکردنی ژینگەیەکی پاک و شایستە بۆ دانیشتووانی پایتەخت”.

جێگەی باسە، ئەم هەڵمەتە لە چوارچێوەی زنجیرە پڕۆژە و چالاکییە ژینگەییەکانی پارێزگای هەولێردایە، کە تێیدا هەوڵ دەدرێت لە ڕێگەی چاندنی درەخت و نەمامی گونجاو لەگەڵ کەشوهەوای ناوچەکە، سیمایەکی شارستانی و سروشتیی سەرنجڕاکێش بە سەرجەم دەروازە و شەقامە سەرەکییەکانی شاری هەولێر ببخشرێت.