كامەران حاجی ئەلیاس
هونەرمەند تەحسین فایەق تۆفیق، لە شاری هەولێر لەدایك بووە. دەرچووی بەشی موزیكی پەیمانگەی هونەرە جوانەكانە. ساڵی 1980 ئاشنای جیهانی هونەر دەبێت، كاتێ لە قوتابخانە لەسەر دەستی مامۆستا “جەلیل” بەشداری سەرجەم چالاكییەكانی قوتابخانە دەكات، وەكو (خۆشنووسی، نیگار، شانۆ و، هتد) دواتر لە رێگەی هونەرمەندانی كۆچكردوو (تەحسین شەعبان و هاشم زەینەل)ـەوە لە “دار فن” بەشداری چەندین ئۆپەرێت و شانۆگەری دەكات؛ ساڵی 1985 بەشداری چەندین كاری شانۆیی دەكات دواتر لەگەڵ چەندین تیپی شانۆیی وەكو ئەكتەر بەشداری چەند شانۆگەرییەك دەكات. ساڵی 1986 رژێمە لەناوچووەکەی بەعس پێی دەزانێتەوە کە لە كاری رێكخستنی ناو شاردایە و دەستگیری دەکەن؛ دوایی دەکەوێتە بەر لێبووردنە گشتیەکەی ساڵی 1988 و، ئازاد دەكرێت.
تەحسین فایەق بە شانۆوە دەستی بە كاری هونەری كردووە؛ لە بواری نووسینیشدا خاوەن قەڵەمێكی باشە، بەڵام دوایی لە بواری سینەما دەگیرسێتەوە و زیاتر وەك فیلمسازێك دەناسرێت. خاوەنی چەندین كاری سینەماییە؛ بۆیە لەم دیدارە هونەرییەدا پرسیارەكانمان زیاتر لە بواری سینەماوە ئاراستە كردووە.
*سەرەتا با بزانین چۆن ئاشنا بوویت بە هونەری سینەما؟
– سەرەتای ئاشنابوونم بە هونەری سینەما لە شانۆوە سەرچاوەی گرتووە، بەڵام بەر لە راپەرینی بەهاری 1991ی گەلەكەمانەوە، كامێرا و تەكنیكی وێنەگرتن لە كوردستان قەدەغە بوو، بەعس وەكو چەكێكی كاریگەر و پڕمەترسی سەیری دەكرد، بۆیە ئەوسا تەنیا بینەرێكی سەرسەخت بووم، چێژ و وزە و ئیلهامم لێ وەردەگرت بۆ ئەزموون و كارە شانۆییەكان.
*سینەماكارانی كورد لە فیستیڤاڵەكان، چەندین خەڵاتی جیهانیان بەدەست هێناوە، ئایا ئەمە ئەوە دەگەیێنێت كە سینەمای كوردی لە ئاست سینمای جیهانیدایە؟
– دەتوانم بڵێم سینەمای كوردی لە باشوور ئەو تەمەنە درێژ و ئەزموونە زۆرەی نیە كە بتوانێت هاوشانی سینەمای جیهانی هەنگاوی خێرا بنێت و كێبڕكێ لەگەڵ سینەمایەكدا بكات كە تەمەنی سەرووی ( 120) ساڵە، بەڵام پێویستە شانازی بكەین كە فیلمسازان و سینەماكارانمان توانیویانە لە دەرگا و پەنجەرەی فیستیڤاڵە جیهانییەكان بدەن و، خەڵاتی فیستیڤاڵەكان بەدەست بهێنن، ئەمە لە كاتێكدایە كە ماوەی (10) ساڵ حكومەت پاڵپشتی (فۆند)ی بۆ گەشەی سینما تەرخان كرد نێوەی زیاتری دەدرا بە دەرهێنەرانی دەرەوەی باشوور، ئەوەش بووە هۆی بێئومێدیەک لە ناو سینەماكارانی ناخۆدا و هیچ سوودێكی بەو تەوژمە سینەماییە نەگەیاند، تەنانەت ستافی ناوخۆشیان فەرامۆش كرد و هیچ ئەزموونێكیان فێری لاوە فیلمسازەکان نەكرد.
* ئەو گرفت و ئاریشانە چین كە دەبێتە بەربەست بۆ سینەماكارانی كوردستان؟
– ئێستاکە ئێمەی كورد لە لایەنە هونەریەكانی دروستكردنی فیلم هەنگاوی زۆر تۆكمەمان ناوە ئەو فیلمە “كۆمێرشاڵ”انەی ئێستا دروست دەكرێن شایەتی ئەو ڕاستییەن، بەڵام گەشەی كولتووری لە هەموو دنیا و وڵاتان میزانییەی ساڵانەی نەبڕاوەی بۆ تەرخان دەكەن، بۆ ئەوەی بە هاوكاریی فۆندی حكومی بتوانێ بەردەوام بێت، بەتایبەت لای ئێمە كە، كەرتی تایبەت، سینەما هێشتا نەبووە بە كولتوور و پارەی خۆی ناهێنێتەوە ئەمەش گرفتی سەرەكی سینەماكاری كوردە وێڕای لۆكاڵیی سیناریۆ و كۆپیكردنی ژانر و ئەزموونەكانی دەوروبەرمان.
* هۆڵەكانی سینەما لە كوردستان تا چەند گونجاون بۆ نمایشی فیلم؟
– دەتوانم بڵێم ئێستاکە، هۆڵەكانی سینەما لە ناو مۆڵەكاندا لە ئاست ستانداردی جیهانیدان لە هەموو پارێزگاكانی كوردستان هۆڵی زۆر باش هەن.
* كردنەوەی بەشی سینەما لە كۆلیژەكانی سلێمانی و هەولێر و دهۆك تاچەند فاكتەر بووە بۆ پێشڤەچوونی سینەمای كوردی؟
– هەڵبەت ئەو هەنگاوە بوێر ودڵسۆزانەیەی دكتۆر (سەلمان فایەق) بووە بەردی بناغە بۆ هەرسێ پارێزگاکەی هەرێمی كوردستان، كە سینەما بە زانستی بخوێنرێ، دوای كردنەوەی بەشی سینەمای كۆلێژی هونەرە جوانەكان، چەندین پۆل لەو سینەماكارانە دەرچوون، بەشێكیان وەكو توێژەر و ڕێبەر و ڕێنیشاندەر و مامۆستا و سەرۆك بەشن لە هەمان كۆلێژ بەشەكەی تریان، لە بوارە پراكتیكییەكە بەردەوامن لە كاری سینەمایی، ئەوەش وادەكات كە فیلمی كوردی و سینەمای كوردستان لە ئایندەدا بگاتە دۆخی زێڕینی خۆی.
* رەخنە و رەخنەگری سینەما لەكوردستان چۆن دەبینیت؟
-ڕەنگە وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە ئاسان نەبێت، چوونكە هونەری سینەما لای ئێمە هێشتا نەگەیشتۆتە شوناس، ئەوەی كەتا ئێستا هەیە لاساییكردنەوەی ژانرە باوەكانە، زۆر كات نائاگایانە ئاوێتەكردنی چەند ژانرێكە، پێموایە هێشتا زووە بڵێین ڕەخنەگری سینەماییمان هەیە.
* تاچەند سینەمای كوردی توانیویەتی گوزراشت لە ناسۆرییەكانی گەلەكەی بكات؟
– زۆربەی هەوڵەكان لەو سۆنگەیەوە سەرچاوەیان گرتووە، بەڵام تا ئەمڕۆ هیچ كامیان تینوویەتیمانی نەشكاندووە؛ پێویستە ئەو چیرۆكە پڕ تاسە و جەرگبڕانەی نەتەوەكەمان ببنە هەوێنی دەیان شاكاری سینەمایی. ئێمە كێشەی گەورەمان لەگەڵ كوردبوونی خۆماندا هەیە لە هەموو بوارێکدا، نەك تەنیا سینەما، ئەوەتا فەرهەنگ و كولتووری نەتەوەییمان بەدەستی خۆمان خەتەنە دەكەین؛ مناڵەكانمان ئاشنای زمانە بیانییەكان و ئەنتی كولتووری خۆمان دەكەین، پێم وایە دە ساڵی تر كوڕ و كچەكانمان گەورە دەبن و هاوسەرگیری دەكەن زمانێك نامێنێت بۆ ئاخاوتن لە نێوانیاندا جگە لە زمانە بیانییەكان، ئەو نەوەیەی كە ئەوان دەیخەنەوە ئیدی تەواو نامۆیە بە كۆمەڵگە و كولتوور و مێژووی نەتەوەیەك كە ناوی كوردە.
هونەرمەند تەحسین فایەق و وێستگە هونەرییەكانی:
– ئامادەكردن و دەرهێنانی شانۆگەریی (مانگێكی دی دێت) نووسینی “عەزیز نەسین” وەرگێڕانی پڕۆفیسۆر “هیمداد حوسێن” ١٩٨٥
– دەرهێنانی شانۆیی”دایكە ئازاكە” نووسینی گەروە نووسەر و دەرهێنەری ئەڵمانی برتۆڵد برێخت 1986.
– ئەكتەری سەرەكی (مۆنۆدرامای نامۆ) كە نمایشێكی پانتۆمایم بوو، نووسینی”پشتیوان عەبدوڵا، دەرهێنان “حوسێن زارین” ١٩٨٦
– ئامادەكردن و دەرهێنانی شانۆگەریی “ڕێبواری هەژار و خۆشەویستی” نووسینی” گەوهەر موراد” ١٩٨٦
– نووسین و دەرهێنانی شانۆگەریی “ڕاپەڕین” ١٩٩٢
– نووسین و دەرهێنانی شانۆگەریی “برسییەكانی سەردەم” ١٩٩٣
– نووسین و دەرهێنانی “كەرنەڤاڵی ئەنفال” وەك شانۆیی سەرشەقام بەهاوبەشی لەگەڵ هونەرمەند “لالۆ ڕەنجــدەر” ١٩٩٣
– ئامادەكردن و دەرهێنانی شانۆی وێنەیی “لە پشت دەرگا داخراوەكان” نووسینی ” ژان پۆل سارتەر” ١٩٩٤
– دەرهێنانی شانۆگەری “مەرگ و تارماییەكان” نووسینی حاكم “عوسمان یاسین” ١٩٩٤
– نووسین و دەرهێنانی شانۆگەریی “دۆزەخی هەمیشەیی” ١٩٩٤
– ئامادەكردن و دەرهێنانی نمایشی” براكوژی” كە ژانری شانۆی ڕەش بوو، لە دەقێكەشیعرێکی “جاك بریڤەر” ١٩٩٥
– نووسین و دەرهێنانی شانۆگەری “مەملەكەتی ئەفیون” ١٩٩٥
– ئامادەكردن و دەرهێنانی شانۆگەری “وێرانەخاك” نووسینی : ت. س. ئەلیوت
. – ئامادەكردن و دەرهێنانی شانۆگەری”میدیاشا” نووسینی”یۆرپیدس” ١٩٩٧
– ئامادەكردن و دەرهێنانی پێرفۆرمانسی “پەنجەكانی شەیتان” ٢٠٠٥
ناوی بەرهەمە سینەمایی و تەلەڤیزیۆنیەكان:
– نووسین و دەرهێنانی زنجیردراما (٧) ئەڵقەییەکەی “نەگبەت” بەرهەمی تەلەڤیزیۆنی گەلی كوردستان ١٩٩٢-١٩٩٣ هەولێر.
– دەرهێنانی فیلمی “ڕەشەبای مەرگ” بەرهەمی كۆمەڵەی هونەرە جوانەكان ١٩٩٥ – ١٩٩٦ هەولێر.
– سیناریۆ و دەرهێنانی كورتە فیلمی “هەرمان” چیرۆكی شێرزاد پۆلیس، بەرهەمی وەزارەتی ڕۆشنبیری. ١٩٩٩ – ٢٠٠٠ سلێمانی.
– سیناریۆ و دەرهێنانی كورتە فیلمی “وێران” بەرهەمی وەزارەتی ڕۆشنبیری. ٢٠٠٠-٢٠٠١ سلێمانی.
– سیناریۆ و دەرهێنانی كورتە فیلمی ” سێبەری خۆر” بەرهەمی وەزارەتی ڕۆشنبیری ٢٠٠١ – ٢٠٠٢ سلێمانی.
– سیناریۆ و دەرهێنانی فیلمی دۆكیۆمێنتەری “دڕندەكانی ڕۆژ” بەرهەمی وەزارەتی ڕۆشنبیری. ٢٠٠٣ سلێمانی.
– سیناریۆ و دەرهێنانی كورتەفیلمی “جەلاد و فڕین” نووسینی “بەختیار عەلی” بەرهەمی كۆمەڵەی هونەرە جوانەكان مەڵبەندی گشتی سلێمانی. ٢٠٠٤
– سیناریۆ و دەرهێنانی كورتە فیلمی “گومان” بەرهەمی فیستیڤاڵی ئاڵای زێڕین هەولێر 2005.
– سیناریۆ و دەرهێنانی كورتەفیلمی “سایكۆبات” بەرهەمی بەڕێوەبەرایەتی سینەمای سلێمانی. ٢٠٠٦
– سیناریۆ و دەرهێنانی فیلمی “منیش قسەم هەیە” بەرهەمی گروپی شوناسی هونەری. ٢٠٠٦
– سیناریۆ و دەرهێنانی فیلمی “ناسنامەی دۆزەخ” سەبارەت بە كارەساتی ئەنفال. بەرهەمی وەزارەتی ڕۆشنبیری. ١٩٩٧
– سیناریۆ و دەرهێنانی فیلمی ئێكسپێرمێنتالی “دیوار” بەرهەمی بەڕێوەبەرایەتیی سینەمای سلێمانی. ٢٠٠٨
– یاریدەری دەرهێنەری فیلمی “شەوی حیساب”ـەکەی بەختیار عەلی، بەرهەمی بەڕێوەبەرێتی سینەمای سلێمانی. ٢٠٠٨ – ٢٠٠٩
– سیناریۆ و دەرهێنانی فیلمی دۆكیۆمێنتەری “لاوكی خەزان” بەرهەمی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی سینەما هەولێر. ٢٠١٠
– سیناریۆ و دەرهێنانی فیلمی “پەیكەرە لمینەكان” بەرهەمی بەڕێوەبەرایەتیی سینەمای هەولێر. ٢٠١١ – ٢٠١٢
– سیناریۆ و دەرهێنانی فیلمی “بەهەشتی ژیان” بەرهەمی بەڕێوەبەرایەتیی سینەمای هەولێر. ٢٠١٩
ئەو پێگە و پۆستانەی كە خزمەتی تێدا كردووە:
*دامەزرێنەر و سەرۆكی تیپی شانۆی هاوچەرخ لە ١٩٨٦ تا ١٩٩٦
*ئەندامی دەستەی كارگێڕیی یەكێتیی هونەرمەندانی كوردستان لە ١٩٩٧ـەوە هەتا ٢٠٠١
*سەرۆكی لقی هەولێری كۆمەڵەی پاراسایكۆلۆژی كوردستان. ١٩٩٨ تا ٢٠٠٢
*سەرۆكی تیمی خۆبەخشی ڕێكخراوی مانگی سووری عێراقی لە ساڵی. ٢٠٠٠ تا ٢٠٠٤
*دامەزرێنەری گروپی شوناسی هونەری ٢٠٠٥
*بەڕێوەبەری نووسینگەی سلێمانی تەلەڤیزیۆنی (العراقیە) ٢٠٠٦ – ٢٠٠٨
*دامەزرێنەر و خاوەنپشكی كۆمپانیای “دراما فیلم” لە سلێمانی ٢٠٠٨ تا ٢٠١٠
*ئەندامی لقی هەولێری دەستەی كارگێڕی سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان (٢٠١١_٢٠٢٦)
*دامەزرێنەرو سەرۆكی ڕێكخراوە سینەمایی نەتەوەییەکەی (NCO) لە ٢٠١٤ – ٢٠٢٦ بۆگەشەپێدانی بواری ڕۆشنبیری سینەمایی.

