سلێمان تاشان – ههولێر
ئەگەر گەشەی ژمارەی دانیشتووان بۆ زۆربەی وڵاتانی پێشکەوتوو و پیشەسازی دەرفەت بێت و بە پلان و بەرنامەی جیاواز هەوڵی بۆ بدەن و هێزی کاری وڵاتیان گەنج بکەنەوە ئەوا لە عێراق دۆخەکە پێچەوانەیە و گەشەکە لە ڕووداندایە بەڵام خوێندنەوەی مەترسیدار بۆ لێکەوتەکانی دەکرێت.
دواین ئامار و داتای دامەزراوەکانی حکوومەتی عێراق ئاماژەی مەترسیداریان تێدایە و ئەگەر زۆر بە خێرایی مشووری ئەو دۆخە نەخورێت و چارەیەکی بنچینەیی بۆ نەدۆزرێتەوە ئەوا چاوەڕوانی سەرهەڵدانی کۆمەڵێک قەیران دەکرێت.
بەپێی ئامارەکەی حکوومەتی عێراق ژمارەی دانیشتووانی وڵات زۆر بە خێرایی لە پەرەسەندندایە و عێراق کەوتووەتە قۆناغێکی نوێ لە گەشەی دانیشتووان کە لەو قۆناغەدا هێزی کاری گەنج زۆر بە خێرایی زیاد دەکات و ئەگەر بە هەمان ئاستی گەشەی هێزی کار دەرفەتی کاریش دابین نەکرێت ئەوا قەیرانی ئابووری، کۆمەڵایەتی بەرۆکی حکوومەتەکانی داهاتووی عێراق دەگرێت.
رێژەی گەشەی دانیشتووانی عێراق ئێستا لەسەدا دوو و نیوە و بە واتایەکی دیکە لە هەر ملیۆنێک کەس ساڵانە بیست و پێنج هەزار کەسی پێوە زیاد دەبێت کە بۆ کۆی ژمارەی دانیشتووانی عێراق سالانە ملیۆنێک تێپەڕ دەکات.
بەلەبەرچاوگرتنی دواین سەرژمێری، ژمارەی دانیشتووانی عێراق چل و شەش ملیۆن کەسی تێپەراندووە و بەپێی پێشبینیی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئەو ژمارەیە تا ساڵی ٢٠٣٠ دەگاتە پەنجا ملیۆن کەس و تا ساڵی ٢٠٥٠ دەگاتە هەفتا و سێ تا هەشتا ملیۆن کەس.
ئەم گەشە بەرچاوە لە ژمارەی دانیشتووانی عێراق لەکاتێکدا ڕوودەدات کە ژێرخانی ئاوەدانکردنەوە و سەرجەم کەرتە جیاوازەکانی وڵات لە ژێر کاریگەریی دەیان ساڵ ناسەقامگیری و نادادپەروەری لە دابەشکردنی داهات و نەرەخساندنی هەلی کار زۆر نالەبارە و ئەمەش داهاتووی توێژی گەنجانی نادیار و لێڵ کردووە.
ئەو هەمووە پارە و بودجەیەی کە ساڵانە هاتووەتە گیرفانی عێراق، لە چوارچێوەی پلانێکی تۆکمەدا سوودی لێ وەرنەگیراوە، لەجیاتی گرنگیدان بە کەرتی بەرهەمهێنان، کەرتی سەربازی پێ گەورە کراوە و بە ملیۆنان کەس بوونەتە بار بەسەر بودجەی عێراق بێ ئەوەی بەرهەمێکی دیاریکراویان هەبێت و ڕۆڵێکی ئەوتۆیان لە گەشەسەندنی ئابووریدا هەبێت.
خالید بیتال وەزیری پلاندانانی عێراق ڕایگەیاند لە عێراق چوار ملیۆن کەس لە کەرتی گشتی یان حکوومیدا کار دەکەن کە لەو ژمارەیە لەسەدا شەست و دوویان لە سێکتەری سەربازی وئەمنیدان.
ئەم ئامارە هەر خۆی ئاماژەی زۆر مەترسیداری تێدایە چونکە بە واتای لاوازی و سستیی کەرتەکانی خزمەتگوزاری و بەرهەمهێنان دێت. لەگەڵ ئەم دۆخەی کە بەسەر عێراقدا زاڵە پێشبینییەکە ئەوەیە ژمارەی هێزی کار بە خێرایی زیاد بکات و هەر ئێستا بە ملیۆنان کەس لە دانیشتووانی عێراق بێکارن و پێویستییان بەوە هەیە کاریان بۆ دابین بکرێت بەڵام ساڵانە بە ژمارەی ئەو بێکارانە زیاد دەکات و کەسیش نییە چارەیەکی ئەو ژمارە زۆرە بێکارە بکات.
کێشە هەرە سەرەکییەکەی عێراق ئەوەیە لەسەدا نەوەد و شەشی بودجە پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت و ژیان و گوزەرانی خەڵکی عێراق بەو نەوتە گرێ دراوە کە هەناردە دەکرێت و کەرتەکانی بەرهەمهێنان و تایبەت زۆر ناچالاکن و ئەگەر هەلی کار بۆ ئەو ژمارە زۆرە هێزی کاری گەنجە دابین نەکرێت ئەوا لە داهاتوودا ڕۆڵیان لە هاووڵاتییەکی ئاسایی بۆ خۆپێشاندەر دەگۆڕدرێت.
ئەو خاڵەشمان بیر نەچێت لە کۆتایی شوباتی ئەمساڵەوە هەناردەی نەوتی عێراق لە هورمز بەهۆی دۆخی جەنگ وەستاوە و عێراق لە هەناردەکردنی لانی کەم سێ ملیپۆن بەرمیل نەوت بێبەش بووە کە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر بودجە و داهاتی گشتیی وڵات هەیە و درێژەکێشانی ئەو دۆخە دەتوانێت بۆ عێراق زۆر مەترسیدار بێت.
بە گریمانەی ئەوەی کێشەتی هورمز و هەناردەی نەوتیش چارەسەر بکرێت ئەوا بە واتای کۆتاییهاتنی قەیرانەکە نییە و عێراق پێویستی بەوە هەیە بیر لەو ژمارە زۆرە بێکار و گەنجە بکاتەوە کە چاوەڕوانی هەلی کار و ژیان دەکەن. دامەزراندن لە کەرتی گشتی بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت وەڵامدەری ئەو ژمارە زۆرە بێکار و دەرچووانی زانکۆکان نییە و تاکە ڕێگا هەر ئەوەیە کەرتی تایبەتی بەهێز بکرێت، مافی کرێکاران لەو کەرتەدا گەرەنتی بکرێت .

