رۆژنامەی ھەولێر

پارێزگاری هەولێر، پڕۆژەی دروستکردنی قوتابخانەیەکی 9 پۆلی لە گوندی عەوێنە بەسەردەكاتەوە

ئەمڕۆ سێشەممە 2026.5.5، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە یاوەری سەنگەر کانەبی، بەرپرسی لقی 23ی قەرەچووغی پارتی و بەڕێوەبەرانی ناحیەکانی گوێڕ و شەمامک، بە مەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کارەکان، پڕۆژەی دروستکردنی قوتابخانەیەکی بنەڕەتی 9 پۆلی تێکەڵاوی لە گوندی “عەوێنە”ی سنووری ناحیەی گوێڕ بەسەرکردەوە.

ئەم پڕۆژەیە لە چوارچێوەی پڕۆژە هاوبەشەکانی نێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیای (ئۆپی هەولێر کوردستان) دەست بە دروستکردنی کراوە. پارێزگاری هەولێر لە بەسەرکردنەوەکەیدا جەختی لە گرنگی پڕۆژەکە کردەوە بۆ خزمەتکردنی کەرتی پەروەردە لە ناوچەکە و دابینکردنی ژینگەیەکی گونجاوی خوێندن بۆ قوتابیانی گوندەکە، هەروەها دەستخۆشی لە تیمە جێبەجێکارەکان کرد و ڕێنمایی پێویستی دانێ بۆ ئەوەی پڕۆژەکە لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا و بە کوالێتییەکی بەرز تەواو بکرێت.

جێگەی باسە، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی پلانەکانی پارێزگای هەولێر و حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ گەیاندنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان و ناوچە جیاجیاکانی سنوورەکە.