ئەمڕۆ سێشەممە 2026.5.5، بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، مەراسیمی چلەی ماتەمینی دەرهێنەر و سینەماکاری ناوداری کورد، خوالێخۆشبوو ( مەهدی ئومێد ) بەڕێوەچوو.
مەراسیمەکە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی هونەری سینما و بە پاڵپشتی پارێزگای هەولێر، لەسەر ئارامگەی کۆچکردوو لە گۆرستانی کەسنەزان ڕێکخرابوو. تێیدا بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری، سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای هونەرمەندان، ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەندان، هاوڕێیان و بنەماڵەی کۆچکردوو ئامادەی بوون.
لە مەراسیمەکەدا، پارێزگاری هەولێر، تیشکی خستە سەر ڕۆڵ و خزمەتە گەورەکانی هونەرمەند ( مەهدی ئومێد ) لە بواری سینەمای کوردیدا، پارێزگاری هەولێر وێڕای دەربڕینی هاوخەمی بۆ بنەماڵە و ناوەندی هونەری، دوپاتی کردەوە کە کۆچکردوو یەکێک بووە لەو دەنگە دیارانەی بەرهەمەکانی بۆ هەمیشە لە مێژووی هونەری ئێمەدا بە زیندوویی دەمێننەوە.
جێگەی باسە، خوالێخۆشبوو ( مەهدی ئومێد )، یەکێکە لە دەرهێنەر و سینەماکارە پێشەنگەکانی کوردبوو، کە ڕۆڵێکی کاریگەری گێڕاوە لە ناساندنی دۆزی کورد لە ڕێگەی شاشەی سینەماوە. ئەم هونەرمەندە لە شاری کەرکووک لەدایکبووە و دەرچووی ئەکادیمیای هونەرە جوانەکانی بەغدایە، دواتر لە وڵاتی سوید نیشتەجێ بووە و لەوێوە بەردەوامی بە کارە هونەرییەکانی داوە و بەوە دەناسرێتەوە کە لە بەرهەمەکانیدا، بەتایبەت لە فیلمی ناسراوی (تونێل)، بە قووڵی ڕووچۆتە ناو ئازارەکانی مرۆڤی کورد و پرسی ناسنامە و مێژووی پڕ لە کارەساتی نەتەوەکەی. ئەو تەنها دەرهێنەر نەبوو، بەڵکو وەک ئەرشیڤوانێکی ویژدانی، لەو سەردەمەی کە سینەمای کوردی لە قۆناغی سەرەتاییدا بوو، توانی بە کەرەستەی کەم و گوزارشتی هونەریی بەهێز، واقیعی کۆمەڵگەی کوردی بگەیەنێتە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکان و سینەما بکاتە زمانێک بۆ گێڕانەوەی خەبات و قوربانییەکانی گەلی کورد. بەداخەوە لە 2026.3.28 لە تەمەنی 71 ساڵیدا و بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.

