یەکێک لە سەرەکیترین ئەو چاوەڕوانییەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەمریکا و عێراقییەکانیش لە سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق هەیانە ئەوەیە کۆتایی بە گرووپە میلیشیاکان بهێنێت
یەکێک لە سەرەکیترین ئەو کێشانەی عێراقی فیدراڵی لانی کەم لە چەند کابینەی ڕابردوودا بەدەستی ناڵاندوویەتی ئەوە بووە حکوومەت بەهێز نەبووە و دەسەڵاتی بەرامبەر بە گرووپ و حزب و لایەنە سیاسییەکان و تەنانەت گرووپە میلیشیاکان لاواز بووە و هەر بۆیەش نەیتوانیوە لە کاتی خۆیدا بڕیاردەر بێت و کاتێکیش بڕیارێکی دەرکردبێت نەیتوانیوە جێبەجێی بکات.
سەرۆک وەزیران ئەگەر پاڵپشتیی زۆرینەی پەرلەمانی هەبێت و بەشێکی بەرچاو لە کورسییەکان هی سەرۆک وەزیران بێت ئەوا کاریگەری لەسەر پێگەی حکوومەت و چەسپاندنی یاسا و دەرکردنی بڕیاری پێویست هەیە بەڵام کاتێک حکوومەت لاواز بێت و حکوومەتی بەهێزتر کە زۆر جار بە دەوڵەتی قووڵ ناوی دەهینرێت هەموو جومگەکانی دەسەڵاتی لابێت ئەوا حکوومەتی دەستنیشانکراو لاوازە تەنیا لە ڕاستای ئەجیندا و بەرژەوەندی ئەو لایەنانە فەرمانڕەوایی دەکات کە متمانەیان پێی داوە.
دواجار چوارچێوەی هاوئاهەنگی عەلی زەیدی وەک پاڵێوراوی خۆی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەستنیشان کرد دواتر سەرۆک کۆماری عێراق لە مەرسوومێکدا پاڵێوراوی نوێی ڕاسپارد بۆ ئەوەی کابینەی نوێێ عێراق پێکبهێنت.
عەلی زەیدی کە کەسایەتییەکی نەناسراوی گۆڕەپانی سیاسیی عێراقە و هیچ پۆستێکی سیاسی نەبووە، یەک مانگ دەرفەتی هەیە تا بتوانێت ئەندامانی کابینەکەی دەستنیشان بکات و بە پەرلەمانی بناسێنێت و متمانەی پەرلەمان دەستەبەر بکات و پاشان بۆ ماوەی چوار ساڵ فەرمانڕەوایی دەسەڵاتی جێبەجێکردنی عێراق بکات.
دەستنیشانکردنی زەیدی بەرهەمی ناکۆکییەکی قووڵ و درێژخایەنی چوارچێوەی هاوئاهەنگییە دوای ئەوەی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکی فراکسیۆنی ئاوەدانکردنەوە و نووری مالیکی سەرۆکی فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا لە مافی خۆپاڵاوتن کشانەەوە، ئەوان پێشتریش دوو کەسی دیکەیان هێنابووە ناو ڕەکابەرییەکان بەڵام هیچ کامێکیان دەنگی دوو لەسەر سێی چوارچێوەی هاوئەهەنگی دەستەبەر نەکردبوو.
بە هەوڵی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و ژمارەیەک لە لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کەسایەتییەکی نوێ ناسێنرا کە تا ڕۆژی دووشەممە کەمتر ناوی لەسەر ڕۆژنامە و میدیا و تەلەڤزیۆنەکان دەهێنرا. ئەو کەسە نە حزبی هەیە و نە فراکسیۆن، بەڵکوو ناکۆکیی سیاسیی لایەنەکان وایکردووە هەڵۆی بەختەوەری لەسەر شانی ئەو بنیشێت.
پرسیاری بنچینەیی لەوەدایە ئایا عەلی زەیدی دەتوانێت متمانەی زۆرینەی لایەنە سیاسییەکانی عێراق لە پەرلەمان دەستەبەر بکات و لەسەر کورسیی سەرۆک وەزیران دانیشێت، دووەم پرسیار ئەوەیە ئەگەر قۆناغی یەکەمیشی بەسەرکەوتوویی تێپەڕ کرد ئایا دەتوانێت بەسەر کێشە و قەیرانەکانی عێراقدا زاڵ بێت و ئەوە بکات کە محەمەد شیاع سوودانی و سەرۆک وەزیرانەکانی پێشتری عێراق نەیانتوانی جێبەجێی بکەن.
بە حوکمی ئەوەی زەیدی وەک سوودانی و مالیکی لە بەغدا فراکسیۆنی تایبەت بە خۆی نییە هیچ چارەیەکی نییە جگە لەوەی کە ئەجیندای چوارچێوەی هاوئاهەنگی جێبەجێ بکات. ئەجیندای چوارچێوەی هاوئاهەنگیش بەسەر کۆمەڵێک ئەجیندای دیکەدا دابەش بووە. بەشێک لەو لایەنانەی لەنێو چوارچێوەکەدان خۆیان لەمپەرن لەبەردەم پڕۆسەی سیاسیی عێراق و خاوەندارێتی چەک و گرووپی میلیشیاکان دەکەن.
یەکێک لە سەرەکیترین ئەو چاوەڕوانییەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەمریکا و عێراقییەکانیش لە سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق هەیانە ئەوەیە کۆتایی بە گرووپە میلیشیاکان بهێنێت و چەک تەنیا لە دەستی سوپا و دەوڵەتدا بێت و هیچ کەس لە عێراق بۆی نەبێت هێرش بکاتە سەر ناوەندە گشتی و دیپلۆماسییەکان، سەروەت و سامانی عێراق لە قازانجی خۆیدا بەکار نەهێنێت. جگە لەمە بەگوێرەی دەستوور هەڵسوکەوت بکات و خۆی بە سەرۆک وەزیرانی هەموو پێکهاتەکانی عێراق بزانێت.
کەسێک دەتوانێت ئەو ئەرکە قورسە جێبەجێ بکات کە دەسەڵاتێکی زۆری لە پەرلەمان هەبێت و بە پاڵپشتی ئەو کورسییانەی لە پەرلەمان هەیەتی پلانی خۆی جێبەجێ بکات بەڵام کارێکی ئەستەمە لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی خۆیان کەسێک دەستنیشان بکەن کە هەر ئەو کەسە لە دژی ئەجیندای ئەوان هەنگاو بنێت.
بەلەبەرچاوگرتنی کەسایەتی و ئەزموون و ڕابردووی پاڵێوراوی نوێی سەرۆک وەزیران، ڕووداوە سیاسییەکانی عێراق و دۆخی ناوچەکە واپێدەچێت حکوومەتی داهاتوو لە حکوومەتی سوودانی بەهێزتر نەبێت و هاوشێوەی جاران و بگرە زیاتر لە جاران دەوڵەتی قووڵ باڵ بەسەر جومگەکانی دەسەڵاتدا بکێشێت.

