سلێمان تاشان – ههولێر
ئەمڕۆ مانگێک بەسەر دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لە گەڵ ئێراندا تێدەپەڕێت و کاریگەرییەکانی ئەو جەنگە لەسەر ناوچەکە و جیهان ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر بەدیار دەکەوێت. عێراق لەو ماوەیەدا یەکێک بووە لە ئاڵۆزترین شوێنەکانی ڕۆژهەڵاتی نیوەڕاست و گرووپە میلیشیاکانی بەرەی مقاوەمە لەو ماوەیەدا مەترسییان بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری لە عێراق هیناوەتە کایەوە و لە نوێترین پێشهاتیشدا لە هەوڵدان بە فەرمی عێراق ڕاپێچی جەنگێکی نەخوازراو بکەن.
لەوەتەی جەنگ دەستی پێ کردووە جگە لەو مووشەک و درۆنانەی لە لایەن ئێرانەوە ئاراستەی هەرێمی کوردستان کراون کە بە داخەوە ژمارەیەک شەهید و برینداری لێکەوتووەتەوە، زیاتر لە چوارسەد درۆنیش لە لایەن ئەو گرووپانە ئاراستەی هەرێمی کوردستان کراون کە بە بەرەی مقاوەمە خۆیان ناساندووە، ئەو گرووپانە ڕەحمیان بە عێراقیش نەکردووە و شوێنە گشتی و ناوەندە دیپلۆماسییەکانیان کردۆتە.
ئەو گرووپانە بە فەرمی هیرشەکانیان بە ئەستۆ گرتووە و بە قسەی خۆیان شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دەکەن بەڵام زیان و هێرشەکانیان بۆ سەر خەڵکی ئاسایی و مەدەنی کوردستان و عێراق بووە. حکوومەتی عێراق هەرچەندە دەسەڵاتی بەسەر ئەو گرووپانەدا نەشکاوە و نەیتوانیوە ڕێگری لە هێرش و کردەوە تیرۆریستییەکانیان بکات بەڵام لە هەمان کاتدا هەڵوێستێکی میانڕەوانەی بەرامبەر بە لایەنەکانی جەنگ هەبووە و تا ڕادەیەک توانیویەتی پێش بەوە بگرێت دامەزراوە فەرمییەکانی لە جەنگەکەدا تێوەبگلێن بەڵام دیار نییە تا کەی لە ژێر پاڵەپەستۆ و هەژموونی دەوڵەتی قووڵ دەتوانن پارێزگاری لەو هەڵوێستەیان بکەن.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا گرووپە میلیشیاکان بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە عێراق بەمزووانە بە فەرمی دەچێتە ناو جەنگ و بەرەیەکی گەورەی شەڕ لە خاکی عێراق بە قسەی خۆیان دژی ئەمریکا و ئیسرائیل ڕادەگەیەنن.
ئەو پرسە تەنانەت حکوومەتی عێراق و دامەزراوە فیدراڵییەکانی نیگەران کردووە چونکە هەر خۆی عێراق بەهۆی جەنگ زیانێکی زۆری بەرکەوتووە و جگە لەوەی کە هیچ نەوتێک لە باشووورەوە هەناردە ناکات بەهۆی پڕبوونی کۆگەکان تەنانەت بەرهەمهێنانیش بۆ ئاستێکی زۆر نزم دابەزیوە و وەزارەتی نەوتی عێراق تەنیا بەشی پیداویستییەکانی ناوخۆ بە بەنزین و نەوتی سپی و گازئۆیل نەوت بەرهەم دەهێنێت و هاوردەی کاڵاش لە باشوورەوە بە تەواوی وەستاوە و تەنیا لە کوردستانەوە کەمێک لە نەوت هەناردەی بازاڕەکان دەکرێت.
بەهۆی دەستەوەستانی حکوومەتی عێراق و ئاڵۆزتربوونی دۆخەکە دامەزراوەی دادوەری هاتووەتە سەر خەت و ڕۆژی هەینی فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق ڕایگەیاند بڕیار و هەڵوێستی یەکلایەنەی گرووپە چەکدارەکانی عێراق و چوونیان بۆ ناو جەنگ هەڕەشەیەکی زۆر مەترسیدارە بۆ سەر سەروەریی یاسا، سەقامگیریی وڵات و سیستمی دیموکراسی.
ئەو پێی وایە بڕیاردانی تاکلایەنەی گرووپەکان بە بێ هیچ حساب کردنێک بۆ دامەزراوە یاساییەکان و دەوڵەت و پەلکێشکردنی وڵات بەرەو جەنگێکی نەخوازراو دەرهاویشتەی زۆر مەترسیداری بۆ سەر دەوڵەت و حکوومەت دەبێت.
زێدان جارێکی دیکە داوای کرد چەک لە دەستی حکوومەتدا کۆ بکرێتەوە و دامەزراوە یاساییەکان گەرەنتی ئاسایش و سەقامگیری بکەن و حکوومەتی بەهێز لەسەر بنەمای یاسا و دەستوور و ڕەوایەتیی جەماوەری دابمەزرێنن.
ئەو قسانەی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەیکات ڕاستە قسەی جوانن بەڵام پێشتریش خۆی و کەسانی دیکەش لە حکوومەتی عێراق کردوویانە، پرسیار لەوەدایە بۆچی هیچ ڕێکار و هەڵوێستێک بەرامبەر ئەو گرووپانە نەگیراوەیە بەر و تەنانەت ناتوانن وەک میلیشیاش ئاماژە بە ناوەکانیان بکەن، بۆچی هێشتا ئەو گرووپە میلیشیایانە لە بودجە و داهاتی عێراق دەخۆن بەڵام هەڕەشە لە سامانی گشتیی عێراق دەکەن.
لەو ماوەیەی کە جەنگ دەستی پێ کردووە ژمارەیەکی زۆری کۆمپانیا عێراقیان جێهێشتووە وژمارەیەکی دیکە کارەکانیان ڕاگرتوون و کرێکار و فەرمانبەرەکانیان بۆ وڵاتانی دیکە گواستۆتەوە و لە ئەگەری ڕووداوی نەخوازراو قەیرانەکە زۆر قووڵتر دەبێتەوە و قەیرانی جیاواز بەربینگی عێراق دەگرن.
لە نوێترین ڕووداودا سەرجەم كارمەندانی پرۆژەی ئێف سی سی لە پاڵاوگەی بەسرە عێراقیان جێهێشت و بەرەو ئوردن ڕۆیشتن. پێشتریش کارمەندانی بریتیش پێترۆلیۆم و کۆمپانیای دیکەش عێراقیان بەرەو ئوردن جێهێشتبوو.
بڕیاری جێهێشتنی پرۆژەكە بەهۆی خراپی بارودۆخی ئاسایشی عێراقە، پرۆژەی ئێف سی سی بە گەورەترین پرۆژەی پاڵاوتن دادەنرێت لە عێراق كە ماوەیەكە دەستی پێ كردووە و كۆمپانیایەكی ژاپۆنی سەرپەرشتی پرۆژەكە دەكات و تێچووی پرۆژەكە چوار ملیار دۆلارە و تایبەتە بە بەرهەمهێنانی سووتەمەنی وەك نەوتی سپی و بەنزین بەڵام عێراق لەمەودوا لەو داهاتەش بێبەش دەبێت.
ئەگەر جڵەوی ئەو گرووپانە نەکرێت و دامەزراوە یاساییەکان ڕۆڵی خۆیان نەگێڕن ئەوا چاوەڕوان دەکرێت عێراق تووشی دۆخێکی نالەباری سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی ببێتەوە.

