رۆژنامەی ھەولێر

مەحــــــــــــــــــــــــــــــــــــــاڵ

فەرەیدوون سامان
ببە بە مشتێ ھەتاو
ژووری تاریکی ناخم رۆشن کەوە
وەک چۆڕێ ئاو
کێڵگەی تینوویەتی گەرووی
منی خنکاو، تێراو بکە
بگەڕێوە تا هاوارم نەگاتە کەشکەڵانی ئاسمانت،
من ئێستا ماسییەکم لە نێو حەوزێکی لیخندا
شەپۆلی بەردینی پەژیوانی، دەمخنکێنێ،
ڕۆژگارم تۆفانی پۆڵایین ئاسا تێدەپەڕێ
بەشی ئەڤین و کینە ناکات..
کۆشکی کریستاڵی خەیاڵ وێران دەبن
چراکانی چاوەڕوانی دەکوژێنەوە
گوڵە جوانەکان دەپوکێنەوە..
تۆش دەرگاکانی چاوەڕوانی دادەخەی
لە نێو ئاوێنە تێکشکاوەکانی سەراب دا
دەبیتە مەحاڵ
ون دەبیت…