رۆژنامەی ھەولێر

دەوڵەت: حاڵەت و سیفەت

فازڵ میرانی
لە ڕووی زمانەوانییەوە، “حاڵەت” گۆڕاوە، بەڵام ‘سیفەت’ جێگیر و هەمیشەییە. دەوڵەت حاڵەتێکی سیاسییە کە سیفەتێکی یاسایی هەیە. گۆڕانی سەرکردەی ڕژێمەکان، گۆڕانکاریی نێو سیستەمی حوکمڕانیی دەوڵەت، یان دامەزراندنی دەوڵەتێکی نوێ، لە پاڵ ماناکانی دیکەیدا گوزارشتە لە گۆڕانی حاڵەتەکە؛ واتە گۆڕان لە ئەدا، کارکردن و بەرنامەکاندا، چ بەرەو پێشکەوتن و سەقامگیری بێت، یان بەرەو پاشەکشە. لەلایەکی دیکەوە، سیفەتی دەوڵەت ڕەنگدانەوەی سیفەتی سەرکردە ڕاستەقینەکانییەتی؛ کە ئەمەش سیفەتێکی دەسەڵاتدارییە و مەرج نییە هەمیشە و بە ڕەهایی خاڵی هاوبەش و کۆکەرەوەی نێوان دەسەڵات و گەل بێت. چونکە هەمیشە بۆشایی و جیاوازییەک لە نێوان ڕەفتاری دەسەڵات و کۆمەڵگەدا دەمێنێتەوە، کە بەپێی ئاستی هۆشیاریی کۆمەڵگە کەم و زیاد دەکات.
بە درێژایی مێژوو، لە ئەنجامی کەڵەکەبوونی ئەزموونی سیاسی و کردەیی، هەروەها وەک بەرهەمی هۆشیارییەک کە باجی گەیشتن پێی زۆر قورس بوو، کارکردنی هاوئاهەنگی نێوان دەنگدەر و کاندید لەسەر بنەمای بەهێزکردنی ‘سیفەت’ لە ئەدای دەزگاکانی حوکمڕانیدا چەسپاوە. یەکێک لە دیارترینیشیان سیفەتی ‘دیموکراسی’یە؛ دیموکراسی بە هەموو بنەماکانییەوە کە ناکرێت تەنها لە پرۆسەی هەڵبژاردنی ئازاددا کورت بکرێتەوە، بەڵکوو سیستەمێکی گەورەی هزری و پراکتیکییە کە هاوتەریب لەگەڵ گەشەکردنی مرۆڤ و مافەکانیدا درێژ دەبێتەوە. هەمان پێوەر بۆ سیفەتی هێزە ئابوورییەکان، دادپەروەری و یەکسانیش ڕاستە.
سەرەڕای ئەمانە، دەوڵەت هەر وەک حاڵەتێک دەمێنێتەوە، نەک تەنها ڕووبەڕووی گۆڕانکاریی ئاسایی یان توندوتیژ دەبێتەوە، بەڵکوو مەترسیی لەناوچوونیشی لەسەرە. لە مێژوودا چەندین دەوڵەت لەناوچوون، تەنانەت ئەگەر لە کاتی سەرهەڵدانیشیاندا خاوەنی کۆمەڵێک سیفەت بووبن کە وا پێشبینی دەکرا ڕێگر بن لە ڕووخانیان. بەڵام لەبەر ئەوەی بیرۆکەی دەوڵەت بەرهەمی پەرەپێدانی پرۆژەی دۆخێکە -وەک چەمکێکی ڕێکخراوەیی مرۆڤایەتی کە قورسە لە چوارچێوەیەکی نەگۆڕ و جێگیردا قەتیس بکرێت- ئەمە وای کردووە کاری سیاسی بخرێتە گەڕ بۆ بەهێزکردن یان بەرهەمهێنانی ئەو سیفەتانەی کە دەوڵەت دەکەنە جێگەی متمانەی ناوخۆیی. هەروەها دەیکەنە پێویستییەک و ژمارەیەکی گرنگ لە نێو خێزانی نێودەوڵەتیدا، کە پەیوەندییەکانی لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش بونیاد نراوە.
بیانووهێنانەوە بە هەڵەی ڕژێمەکانی پێشوو، پاساوێکی قایلکەر نییە بۆ ئەو کەسانەی دەگەنە دەسەڵات، تا شکستی پرۆژەکانیان لە چوارچێوەی دۆخی دەوڵەتدا پێ پەردەپۆش بکەن.
دەوڵەت وەک چۆن دەشێت باش و خزمەتگوزار بێت، بە هەمان شێوەش دەشێت خراپ بێت. دەوڵەت مەعسووم نییە؛ نابێت گوێڕایەڵی بکرێت ئەگەر سیفەتی ئازاردان، خۆبەزلزانین و سەپاندنی فیکریی بەسەر هاووڵاتیانیدا گرتە بەر. ئێمەش لە دێرینترین ئەو کەسانەین کە سیفەتە خراپەکانی دەوڵەتمان ڕەت کردووەتەوە، کارمان بۆ بەهێزکردنی دۆخەکە و دەستەبەرکردنی باشترین سیفەتەکان کردووە، تا ببنە ناسنامە و سیفەتی دەوڵەتێکی شایستە و ڕێزلێگیراو.
لە بابی حیکمەت نییە، کە عەقڵە سیاسییەکان بەدواداچوون بۆ دۆخی دەوڵەت و پێداچوونەوە بە سیفەتەکانی پشتگوێ بخەن. تا چەند ئەم پێداچوونەوە و هۆشیارییە بەدی بێت، تەمەنی دەوڵەت درێژتر دەبێت و متمانە، ڕێز و دڵسۆزیی بۆی زیاتر دەچەسپێت.