رۆژنامەی ھەولێر

بە نوكە دەرزییەك شكۆی شاخێكی خۆڕاگر ناڕوخێت

كاوە میران
لە مێژووی بزاڤی خەباتی ڕزگاری خاكێكی زەوتكراو. كاكە حەمە كەمی بۆ كوردستان نەكردووە، محەممەدی حاجی مەحموود پێشمەرگەیەكی دێرینی گیانفیدای بست بەبستی خاكی كوردستان و، ڕەمزی ئازایەتی و بەوری كوردستانە.
لەسەرەتای ڕووبەڕووبوونەوەی داگیركەر، تاكو دوا هەناسەكانی شەڕی داعش، كاكە حەمە نەسرەوت تاكو سەركەوت. كاكە حەمە بە پێشكەشكردنی گیانی شیرینی كوڕێكی خۆی بە ئازادی و سەربەخۆیی كوردستان و سەروەری گەلەكەی، مەدالیای شكۆ و شانازی و نەمری هەتاهەتایی وەرگرت.تازە ببڕای ببڕا، هیچ مەرام و پاساو و ئامانجێكی سیاسی پشت پەردە، ناتوانن لە شكۆ و گەورەیی، نەبەزین، قارەمانێتی و دڵسۆزی كاكە حەمە كەم بكەنەوە.
لەم ماوەیەدا هەڵمەتێكی ناڕەوا، بە پاساوی جۆراوجۆر لەدژی كاكە حەمە دەستی پێكردوەو یارییەكی منداڵانە دەكرێت، دوای سی ساڵ لە بوونی بارەگایەكی لە ناوچەی چەمچەماڵ، لە ڕێگەی دادگاو میدیای چەواشەوە دەیانەوێت ئەو ڕەمزی خۆڕاگرییە لەكەدار بكەن؟ ئاخر ئامانجەكە چییە و بۆچی دوای 30 ساڵ خەبەرتان دەبێتەوە بارەگایەك لە حزبەكەی وەرگرنەوە!؟
هیچ گومانێك لەوەدا نییە كە بابەتەكە سیاسییە، بەڵام فێڵەكە لەوەدایە: كە دەیانەوێت بە نوكە دەرزییەك شاخێكی خۆڕاگری بڕوخێنن یان كون بكەنە ناوبانگ و شۆرەتی. ئەویش چۆن؟ ڕاستییەكەی، یارییەكە ئەوەندە بچوك و منداڵانەیە، مرۆڤ شەرم دەكات لەبەرانبەر كەسایەتییەكی مێژووی ئەم نەتەوەیەدا نوكە دەرزییەكی ئاوا بەكاربهێنرێت.
چونكە ئەوە بڕاوەتەوە كاكە حەمە قەدوباڵایەكی پڕ لەشكۆی هەیە، كەم كەس دەتوانن شان لەشانی بدەن، هیچ درێغییەكی نەكردووە لە خزمەتكردن بە نەتەوەكەی، ئاخر ئەو نە خیانەتی كردووە و نەدرەنگیش هاتووە. بۆیە دەیانەوێت لەو شكۆیە بدەن.
باسی پارچەیەك زەوی دەكەن كە بەخوێن لە بەعسی گرتووەو، سیی ساڵە چالاكی حیزبی” كە چالاكی حیزبیش بابەتێكی گشتییە نەك تایبەت” لەسەر ئەو پارچە زەوییە دەكرێت، بۆ بابەتی بەرژەوەندی شەخسیش بەكارنەهاتووە. بەڵكو خودی حیزبەكەو پارچە زەویییەكەش موڵكی گشتین. دەی ئایا ئەوە مێرولەیەك نییە دەیەوێت بچێ بە قوولەی قافا، لەچاو گەورەیی مێژووی كاكە حەمە؟.
داواكردنی هەق دەبێت ئەقڵ و لۆژیكی لەگەڵدا بێت، هەر لەبەر ئەوەیە دەڵێن: هەموو هەقێك داوا ناكرێت، یان مەرج نییە هەرچی هەق بوو بگوترێت.. بۆیە تەنانەت ئەگەر هەقێكیش لای كاكە حەمەبێت، گریمان ئەو داوایە ڕاستیش بێت، دەبوو ڕێوشوێن و كات و ساتی داواكردنی بەشێوەیەك بایە بگونجایە لەگەڵ شان وشكۆ و شەوكەتی باوكی شەهیدێكدا كە ڕۆحی خۆی بە خاكی كوردستان بەخشیوە، نەك شەڕی دوو سەد مەتر زەوی سیی ساڵ لەمەوبەری لەگەڵ بكرێت بەهاندانێكی سیاسی بێ بەها. بۆیە ئەگەر ویستتان داوای هەقێك لەكاكە حەمە بكەن، سەرەتا ئەوەتان بیر بێت كە چەند فیشەكی بۆ كورد تەقاندووە تاكو كورد ببێتە خاوەنی ئەم قەوارەیە كە ئێستا ئێوە بە ئازادی و بەئیسراحەت فەرمانی گرتنی بۆ ئەو دەردەكەن.