رۆژنامەی ھەولێر

سه‌عات سێ…سۆنەرێكی ئەقڵم بۆ نووسیوی.. لەگەڵ تیشكی تەنووری مێشك و ئیكۆی دۆپلەری دەماغ

مقداد شاسواری
بەشێوەیەك لەناو گەرمەی خەودا، ڕاچەنی دەتگۆت درۆنێك لەبناگوێی دا كەوتە خوارێ و تەقییەوە. ئاوڕێكی لای ژنەكەی دایەوە هێشتا پەنجەی شایەتومانی لەسەر شاشەی مۆبایلەكەی بوو، خەوی لێ كەوتبوو. هەندێ چاوەكانی خۆی هەڵگڵۆفت و خێرا سەیری سه‌عاتەكەی كرد، كە لە بەرامبەر سیسەمەكەیدا لەنێو دوو باڵی پەپوولەیەكی پەمەییدا بە دیوارەكەوە داكوترابوو. ئەوجا سەیری سەعاتەكەی مەچەكی كرد، دواتر پەلاماری مۆبایلەكەی دا، كە لەسەر تەپڵەكەكەی تەنیشتی دانرابوو، سەیری سه‌عاتەكەی كرد و دایناوە شوێنی خۆی. وەكو شێت لەسەر جێ خەوەكەی دابەزی و، لە سه‌عاتەكەی هۆڵێ ڕاما، كە لەنێوان دوو شاخی بزنە كێوییەك بە دیوارەكەوە داكوترابوو. هەر بە دوو شەقاو خۆی گەیاندە ژووری پێشوازی و چاوەكانی زەق كردەوە و نیگای زووم كرد بەسەر سه‌عاتەكەی ئەوێش، كە لەنێوان دوو منارە لەسەر سینگی گومەزی مزگەوتێكی پیرۆزدا بە دیوارەكەوە داكوترابوو. ئەوجا وەكو دیوارێكی داڕزاو بەسەر تاكە قەنەفەیەكدا داڕووخاو دانیشت. هەموو سه‌عاتەكان وەك ئەوەی كەسێك تەوقیتیانی كردبێ، لەسەر سه‌عات سێ داچەقیبوون. تازە هیچ گومانێكی نەما، كە ئەو تووشی نەخۆشییەكی كوشندە بووە و لەوانەیە بەم زووانە بمرێ. جارێكیتر لەناو زەینیدا گەڕایەوە سەر ئەو هەواڵەی چەند رۆژ پێشتر لە گەشتێكیدا بەناو ئەكاونت و پەیجەكانی فەیسبووكدا، لەسەر زاری پزیشكێكی گەنج خوێندبوویەوە كە نووسرابوو” هەركەسێ سێ شەوی بەدوای یەكدا سه‌عات سێی تەواو لە خەودا ڕاچڵەكێ و بەخەبەر بێت ئەوا دەبێت بەخێرایی موراجەعەی پزیشك بكات چونكە ئەگەری هەیە ئەو كەسە تووشی نەخۆشییەكی كوشندە بووبێ و پێی نەزانێ”! هەرچەندە ژنەكەی پێی گۆتبوو زۆر باوەڕ بە دوو كەس مەكە، بەو پزیشكە بێ شەهادە هەڵتۆقیوانەی ناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، كە هەمووی بوونەتە شارەزای خۆراك و پسپۆڕی ئەنواعی نەخۆشی و، دووهەمیش ئەو بانگخوازە عەنتیكانەی بوونەتە دەڵاڵی بەهەشت و جەهەنەمی خەڵك. بەڵام ترس وای لێكرد، عەسرەكەی رۆژی پاشتر، حەیەڵڵا خۆی كرد بە عەیادەی پزیشكێكداو ژمارەی نەوەت و حەوتی وەرگرت و لێی دانیشت. دوای چەندین سه‌عات چاوەڕوانی، سكرتێرەكە كردییە ژوورەوە و پزیشكەكە لێی پرسی:
– فەرموو، كێشەت چییە؟
– من… لە ڕاستیدا… هیچ كێشەیەكی تەندروستیم نییە..
– ئەی بۆچی هاتووی؟
– من كێشەم ئەوەیە، سێ شەوە سه‌عات سێ واگا دێم…
– ئێ…
– ئێ چی؟
– بۆچی واگا دێی؟ بۆ میزكردن؟… خەونی ناخۆش دەبینی؟ گوێت لە زرمەو دەنگێك دەبێ… بۆچی واگا دێی؟.. هیچ نەخۆشی درێژخایەنت هەیە؟
– نە كورتخایەن و نە درێژخایەن. هیچ نەخۆشیەكم نییە.
ئەوجا حیكایەتی ئەوەی بۆ دكتۆر گێڕایەوە، كە هەر كەس سێ شەو بەدوای یەكدا، سه‌عات سێ واگا بێ…
دكتۆرەكە قسەی پێ بڕی و گۆتی: باشە.. تێگەیشتم.. هەواڵەكەم بەرچاو كەوتووە! ئێستا هەندێ تیشك و پشكنین و فحوصاتت بۆ دەنووسم. بچۆ هەموویان بكەو بیانهێنەوە لای خۆم..
– هی چین دكتۆر..
– سۆنەرێكی ئەقڵم بۆ نووسیوی.. لەگەڵ تیشكی تەنووری مێشك و ئیكۆی دۆپلەری دەماغ.. ئەو پشكنینانە تایبەتن بۆ ئەو كەسانەی سێ شەو سه‌عات سێ بەبێ هیچ هۆكارێك واگا دێن.
– پێتوایە كێشەم چییە دكتۆر؟
– كێشەت هەر ئەوەیە شەوان سه‌عات سێ واگا دێی..
– ببوورە … مردن و شتی تێدایە؟…
– تۆ جارێ بڕۆ ئەو فحوساتانە بكە… ئاگادار بە تەنها لەو تاقیگەیە بیكە كە بۆتم نووسیوە. نەچیتە شوێنی دیكە!
***
ئێوارە لە ماڵەوە ڕووی لە ژنەكەی كرد و گۆتی: هەست دەكەم گەمە بە ئەقڵ و شعورم كرایە.. لەكوێی دنیا ئەم جۆرە تیشك و پشكنین و فحوساتانە هەیە؟!
ژنەكە پێی گۆت: هەیە… هەیە پیاوەكە.. هەتا تۆ هەبی ئەو فحوساتانەش هەیە!