فازڵ میرانی
دوور لە باقوبریقی ڕاگەیاندنی ئاڕاستەکراو، دوور لە دەربڕینی کڵێشەگەلێک، کە خاوەنەکەیان تەنیا وتار دەفڕۆشن بێ ئەوەی توانای جێبەجێکردنیان هەبێ چ لەبەر دەستەوسانی بێت، یان فێڵ و تەڵەکەبازی بە جیاکردنەوەی ڕاستییەکان لە کردار و ڕەفتاری ئەو کەسانەی هاتوونەتە ناو سیاسەتەوە بێ ئەوەی هیچ ئامانجێکی بەسوودی گشتییان هەبێت؛ دەبێت بزانین باشیی کارەکان بەپێی دەستکەوتی سەر عەرز هەڵدەسەنگێندرێت: ئایا هاتووەتە دی؟ جۆرەکەی چۆنە؟ بۆ کێ کراوە؟ بە چەند و لە ماوەی چەنددا؟
لە سەرەتادا وا باشە وەبیر خۆمان و کەسانی پێوەندار بهێنینەوە، کە سیاسەت و کارکردن تێیدا، چ لە ناو دەسەڵاتدا بێت یان لە دەرەوەی، تاقیکردنەوەیەکە دەبێت لە گرنگییەکەی تێبگەین، نابێت کەس ئەنجامی بدات مەگەر کەسێکی شارەزا و توانا بێت. هەروەها نابێت بابەتەکان تێکەڵ بکرێن، بەرگری لە هەڵە و گوناه بکرێت، یان پاساویان بۆ بهێنرێتەوە بەوەی کە لەوانی ترەوە دەردەچێت، جا چ ڕامیاری بێت، یان کارگێڕی لە بەڕێوەبردنی کاروباری فەرمانڕەوایەتیدا.
سیاسەت و کاری گشتی، ئەگەرچی قۆرغ نەکراون بۆ هیچ تاکێک یان کۆمەڵەیەک، بەڵام ئەمە بە هیچ جۆرێک بۆ سەرکەوتن بێ مەرج نییە، چ بابەتی بێت یان خۆیی. چونکە سەرکەوتن لە سیاسەتدا پێویستی بە ئاشنابوونی ئەو سەرکەوتنەیە کە لە چیدا ڕوویداوە و چی بەدەست دەهێنێت. ئەمە سەرکەوتنێکە جیاواز لە زۆربەی ئەوەی ئەمڕۆ باوە لە هەڵپەکردن بۆ بەرژەوەندیی تەسک —ئەوانەی بە دەستی کەسانێک دەجوڵێنەوە کە لە پشت ناوە جۆربەجۆرەکان خۆیان شاردووەتەوە و کۆمەڵگەیان ڕووبەڕووی ئەو هەموو ئازار و تاڵانییە کردووەتەوە، کە زۆربەی بەها جێگیرەکانی ناو دەوڵەتی تێکشکاندووە.
تەنانەت لە ناوەندە گەورەکانی کاری سیاسیی جیهانیشدا، ڕاستی و دروستیی بڕیارەکان کێش و بەهایان دەستنیشان دەکات، تەنانەت ئەگەر تێگەیشتن لەو دروستییە دواش کەوتبێت. ئەرکی ئێمە هەرگیز ئاسان نەبووە؛ چونکە دۆزەکەمان لە بنەڕەتدا نە سووک بووە و نە سادە. دۆزێکە لە بەردەم ئەو عەقڵییەتانەی لە ناوچەکەماندا دەستاودەستی دەسەڵاتیان کردووە، ڕووبەڕووی قۆناغی زۆر سەخت و ئاڵۆز بووەتەوە. هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ نەگۆڕیی بیرکردنەوە و ڕەفتاری فەرمانڕەواکان، کە ساڵنامەیەکی ڕەشیان لە تاوان لە دژمان تۆمار کردووە کە بە درێژایی ساڵ درێژدەبێتەوە. ئەرکی ئێمە خۆی لەوەدا دەبینییەوە: پاراستنی نەتەوە، کاریگەریدانان لەسەر بڕیاری فەرمانڕەواکان، دوورخستنەوەی سەرجەم دەرئەنجامەکانی ئەو تاوانانەی لە دژمان کراون. کارکردن لەم بوارەدا سەخت و ئاڵۆزە، بەڵام ئێمە تا ڕادەیەکی زۆر سەرکەوتوو بووین لە گۆڕینی ڕابردوو و ئێستایەکدا کە مەحاڵ بوو بگۆڕێن، ئەگەر یارمەتیی خودا بۆ هەنگاوەکانمان نەبووایە.
ئەگەر بوونی ئەو نەوەیە نەبووایە کە ڕووگەی ئاڕاستەی دروستیان بۆ عێراق پاراست، ئەوا وێرانییەکەی ئەمڕۆ سەرەڕای بەرفراوانییەکەی زۆر لەمەی ئێستا بەرفراوانتر، قووڵتر و ئاڵۆزتر دەبوو. دەستکەوتی حزبی، نەتەوەیی و نیشتمانیی ئێمە لە بوارە جیاوازەکانی ژیانی گشتیدا، دەستکەوتێکە بە تەواوی جیاواز لەو دەستکەوتە خراپانەی ڕابردوو و ئێستا، یان ئەوانەی لە ئایندەدا بنەمای بۆ دادەمەزرێنن. دەستکەوتەکەی ئێمە باجەکەی زۆر گران بووە، بەڵام دەستکەوتی ئەوانی تر خراپە و باجە گرانەکەی گەلانی ئێمە دەیدەن؛ بەمەش گەلەکەمان زیان دەکات و ئەوانی تر قازانجێک دەکەن کە زۆر ناخایەنێت. بەڵام دەستکەوتی ئێمە، هەموومان باجەکەمان داوە و لەسەر عەرزی واقیعیش شتێک هاتووەتە دی کە کەس ناتوانێت ئینکاری لێ بکات، مەگەر کەسێک لە ڕقی خۆی بەپێچەوانەی ئێمە بیر بکاتەوە.
دەستکەوتەکەی ئێمە تەنیا کەسانێک لێی تێدەگەن کە هەستی کاری دروستیان هەیە، ئەوانەی مانا و بەهای نیشتمانپەروەری لە دەرەوەی قوتابخانە شێوێندراوەکانی نیشتمانپەروەریدا دەناسن، ئەو قوتابخانانەی کە مامەڵە بە ڕەگەزپەرستی، تاکڕەوی و خۆپەرستییەوە دەکەن.پێویستی بە بوونی ئێمە ڕاستەقینە و واقیعی بوو، ئێمەش بە دڵسۆزی، تێگەیشتن و بە تواناوە وەڵامی ئەو پێویستییەمان دایەوە؛ ئەوە ئەرکی ئێمە بوو، ڕەنگە لە ڕەخنە و کەموکووڕی بەدەر نەبووبێت، بەڵام بنەمایەکی گەورە بوو کە دەبوو دابنرێت تاوەکو کارێکی بەرهەمدار و بەسوودی لەسەر بنیات بنرێت.
بەڵام ئەوانەی لە ڕابردوو و لە نموونە خراپەکانەوە ئیلهام وەردەگرن، خۆیان و ئەوانەشی کە دەبێت لە بەرامبەر پڕۆژەکانیاندا بوەستنەوە لەگەڵ بوونی جیاوازی لە ڕوانگە و ئاڕاستەدا—دەکەونە بەرامبەر ئەرکێکی قورس. لە ڕووی ئەزموونەوە دەڵێین: وەستانەوە لە بەرامبەر تێکدان و وێرانکاریدا کارێکی ئاسان نییە؛ چونکە ئەوەی وێرانی دەخولقێنێت عەقڵییەتێکی هەڵگرتووە کە تەنیا هاوکێشەی هەڵە بەرهەم دەهێنێت. کاتێک خۆر لە کوردستان هەڵدێت، تیشکەکانی بەسەر گۆڕستانی شەهیدان و ماڵی ئەوانەدا دابەش دەبێت کە کەوتبوونە بەر شاڵاوەکانی کوشتن. تیشکەکانی دەگەنە قوتابخانە، شەقام، گوند، چیا، ئاوەدانی و ئەو خەڵکەی کاردەکەن بۆ وەرگرتنەوەی مافی خۆیان لە ژیانێکدا کە دەسەڵاتێک زیانی پێگەیاندوون کە تاوانەکانی لە دژی ئەوان و دژی کەسانی تر بەردەوام دووبارە دەبوونەوە. بە هەمان شێوە، خۆر دەدات لە ڕووبەرێک و تێیدا ئاوا دەبێت کە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازییەکەی تا ئەوپەڕی توانای دەستکەوتی بۆ فەراهەم کردووە و کار بۆ دەستکەوتی زیاتر، بەردەوامتر و گشتگیرتر دەکات.
بەڵام ئەوانەی دەیانەوێت بیرۆکەی سەرکردایەتییەک درێژە پێبدەن کە مەرجەکانی تێدا نییە و بە عەقڵییەتی تاکڕەوی و پشکپشکێنە کار دەکەن؛ ئەوانە کاتێک کار بە جدیی دەگات، یان هەڵدێن یان خۆیان دەشارنەوە. هیچ ڕوونکردنەوەیەکی قەناعەتپێکەریان پێنییە بۆ گۆڕانی بارودۆخیان لە ڕێگەی بردنی ئەوەی مافی خۆیان نییە، هەست بە بەرپرسیارێتی ئەخلاقی ناکەن بەرامبەر ئەو وێرانییەی دروستیان کردووە. کەسانی لەم شێوەیە ئەرکیان قورسە؛ چونکە ڕاستیی خۆیان دەزانن و بە ماکیاژێک دەیشارنەوە کە هیچ شتێکیان لێ جوان ناکات، زۆرینەی گەلەکەشمانیان لێ ڕازی نین. هاوکێشە ئاژاوەگێڕەکانی ئەوان وەکو ئەو مارانە وان کە کاتێک ویستیان لە کەسی ویستراو بە ژەهرەکەیان دەدەن. ئەمەش لە بنەڕەتدا بەو مانایەیە کە ئەرکی ئەوانەی لە بەرامبەریاندا دەوەستنەوە، زۆر سەخت و قورس دەبێت.
ئەو سەختییانەی کە دەترساین لەسەر دەستی کەسانێک ڕووبدەن کە تەنیا خەمی خۆیان دەخۆن، ئێستا نزیکتر بونەتەوە لە ڕوودان. سەلامەتیی ئێستا و ئایندەش بەپێی ئەم کارکردنەی ئەوان دوورتر بووەتەوە لەوەی بەدەست بێت. بیابانەکانی سیاسەت بەبێ ڕێنیشاندەرێک بۆ تێپەڕاندنیان، بە مانای هەڵبژاردنی لەناوچوون دێت.

