رۆژنامەی ھەولێر

نەخشی بیرەوەرییەکانم شادان فوئاد

یاسین قادر بەرزنجی
خانمێکی سەلامی شانۆی کوردی، نیو سەدە زیاترە ڕەنگ و ڕووی نمایشەکانی جوانترو بەدیمەن تر و سەنگین کردووە، ئەکتەرێکی بەردەوام و بەتوانا لە سەر شانۆو لە دراماو سینەماو نواندنە ڕادیۆییەکاندا.
خاتوو شادانی کچی ڕەوانشاد مامۆستا فوئادی حەمە ئەمین ئاغای ئەکتەری دیارو پیاوی ناسراوو خۆشەویستی شاری سلێمانییە.
شادان خان هەر لە تەمەنی ١٣ ساڵییەوە بەهاندانی باوکی هونەرمەندی چووەتە سەر شانۆو یەکەم بەشداریی لە (بازرگانی ڤینیسیا)ی شەکسپیری کردووە لە دەرهێنانی ئەنوەر توڤی.
هەشت ساڵ دوای ئەوە لەگەڵ هونەرمەند شەماڵی عەبە ڕەش هاوسەرگیریی کردووەو ئیدی وەک دووانەیەکی هەڵکەوتوو شانۆو شاشەی تیڤییەکانیان لای بینەرانی ئاشناو ڕۆشنایان شیرین تر کردووەو هەر بەهۆی ئەمان و کاک فوئادەوە دایکی شادان و خوشکەکانی و دواتر هەر سێ منداڵەکەشیان بوونەتە بەشداری رەزا سووکی چەندین بەرهەمی هونەری.
ئەرشیفی هونەریی شادان خان لێوان لێوە لە بەرهەمی بەپێزو لەیاد نەچوو، یەک لەو ژنە ئەکتەرانەیە بەشداریی بەرچاوی هەبووەو گوێی بە ماندووبوون نەداوەو هەمیشە گوڵێکی گەشی سەر شانۆو چرایەکی نێو بەرهەمە هونەرییەکان بووە.
دیارترین بەرهەمە شانۆییەکانی بریتین لە:
*مەشخەڵ، ١٩٧٦، دەرهێنانی لەتیف عومەر
*گوڵی خوێناوی، ١٩٧٩، دەرهێنانی شەهید عیزەت ئەحمەد
*سەلەی نانکەر، ئا. فوئاد مەجیدمیسری، ١٩٨٣، دەرهێنانی کامەران ڕەووف
*کابرا سەیرەکەی نازم حیکمەت، ١٩٨٤، دەرهێنانی عەبدولی حەمە جوان
*گەلەگورکی حسێن عارف، ١٩٨٧، دەرهێنانی شەفیق محەمەد
*کۆشکی ئیبسن، ١٩٨٩، دەرهێنانی کامەران ڕەووف
*سمکۆڵانی ئەسپەشێ، ١٩٩١نووسین و دەرهێنانی دڵشاد ئەحمەد
*داستانێک، ئامادەو دەرهێنانی سیروان ڕەحیم، ١٩٩٨، لە بەرلینی ئەڵمانیا نمایش کراوە
*دەرگای يوسف الصائغ، ٢٠٠٧، دەرهێنانی کامەران ڕەووف، لە هۆڵەندا ئەڵمانیاو کوردستان نمایش کراوە
*باوکی سترندبێری، ٢٠١٩، دەرهێنانی سدیق عەزیز
ئەم هونەرمەندە وێڕای چەندین دراماو نواندنی ڕادیۆیی لەگەڵ نەمران م.عومەری عەلی ئەمین و م.فوئادی باوکی و خاتوو گەزیزە، ئەکتەری دیاری چەند درامایەک بووە، ئەوانیش :
*ژیان لە دەرهێنانی جەلیل زەنگنە، ١٩٧٧
*نامەیەک لە خنکاوەوە، لە دەرهێنانی عیزەت ئەحمەد، ١٩٧٩
*گوڵاڵە، لە دەرهێنانی زهير عبدالمسيح، ١٩٨٨
*خانەکەی ئاغا، لە دەرهێنانی سالار سوڵتان، ٢٠١٢
*دوا شەو، لە دەرهێنانی کاروخ ئیبراهیم، ٢٠٢٠
بەشداریی خاتوو شادان لە سینەماشدا هەبووەو لەو فیلمانەی دەوری تیایاندا بینیوە:
نێرگز بووکی کوردستان، هەلەو هۆڵەند، نامۆیی، شین، دوا کاریشی لە فیلمی (ماسیگر)دایە.
ئەم هونەرمەندە ساڵی ١٩٧٥ بووەتە ئەندامی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی کوردو تا ئێستا بەردەوامە، هەروەها ئەندامی دامەزرێنەرو کارای کۆڕبەندی کولتوورییە لە لەندەن، خاوەنی چەندین خەڵاتە لە کوردستان و سویدو هۆڵەندا و دوای شانزە ساڵ لەگەڵ ژیانی هۆڵەندا، ئێستا لەگەڵ کاک شەماڵ لە لەندەن دەژین.
ئێمە وێڕای دراوسێیەتیمان لە گەڕەکی قەزازەکانی سلێمانی و تێکەڵیی زۆری خێزانیمان، هەمیشە ماڵی بابی و شادان خان مایەی ڕێز بوون لەلام و ئەو ماوەیەش کە پێکەوە بەشدار بووین لە فیلمی (نێرگز بووکی کوردستان) ی مامۆستا جەعفەر عەلی دا، هێندەی تر خوشکەکەمم لا شیرین تر بوو، دەمانووت خودا شادان و شەماڵی بۆ هونەری کوردی بە ڕەوا زانیوە. هەمیشە سەرفراز بیت ئەکتەری ئازیزمان شادان خانی ئازیز.