فازڵ میرانی
بوونی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق، بەتایبەت هێزە ئەمریکییەکان، کە لە ڕووی کاریگەری و ژمارەوە گەورەترینن، هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت و لە هەمان کاتدا بیانووشە بۆ هەندێک هێز. هەڵسەنگاندنی هێزە نێودەوڵەتییەکانی بەشدار لە هاوپەیمانێتییەکەدا ئەوەیە کە بوونیان گەرەنتی دوو پرس دەکات: سەرپەرشتیکردنی پڕۆژەی گۆڕانکاری و بەردەوامیدان پێی، لەگەڵ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان (بەرژەوەندییەکانی هێزەکانی هاوپەیمانان). بەڵام هەڵسەنگاندنی هەڵوێستی فەرمی ناوخۆیی لە نێوان دوو لایەندا گیری خواردووە؛ لە لایەکەوە پێویستییەکی واقیعی بە بوونیان هەیە وەک هێزێک کە ئەو ئەرکانە ڕادەپەڕێنێت کە لایەنە پەیوەندیدارەکان خۆیان توانای جێبەجێکردنیان نییە، لە لایەکی دیکەشەوە بەرگەگرتنی گوشاری ئەو هێزە ڕادیکاڵانەیە کە لە ڕێگەی میدیا و هەندێک جار بە شێوازی مەیدانی و کرداری هێرش دەکەنە سەر ئەم بوونە.
واقیع ڕووداوەکەی دروستکرد؛ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ساڵی ٢٠٠٣دا ڕژێمەکەیان ڕووخاند، ئەگەر ئەوە نەبووایە هەندێک هێز بە تەنیا هەرگیز نەدەگەیشتنە دەسەڵات، ئەو هێزە نوێیانەش کە بە خێرایی گەشەیان کرد نەدەبوونە خاوەن ئەم کاریگەرییە گەورەیە لەسەر بڕیارە ناوخۆییەکان. ڕەنگە کردەوەکانیان ببێتە ڕووپۆشێک بۆ ئەو هێزانەی کە نایانەوێت پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هاوپەیمانان بپچڕێنن، ئەمەش بە پاڵنەرێکی ڕوون کە بەهۆی لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییەکان، واقیعی پەرلەمانی و حکوومی ، هەروەها لەبەر ترسێکی ئەمنییە لەسەر ژیانیان.
ئەزموونی سەرپەرشتیکردنی ڕۆژئاوایی بۆ پڕۆژەی عێراق نەیتوانی سەرکەوتوو بێت، ئەمەش نەک بەهۆی هێزەکانی هاوپەیمانانەوە، بەڵکوو بەهۆی ئەو ئاڵۆزی و جۆر و ئاستی بیرکردنەوەی هێزانێکەوە بوو کە ڕەنگە ڕۆژێک لە ڕۆژان بڕوایان بەوە نەکردبێت بگەنە ناوەندی بڕیاردان، تەنانەت نەشیانتوانی لە سووڕانی زەمەن تێبگەن کە چۆن لەسەر دەستی هێزگەلێکی گەورە، کۆتایی بە ڕژێمی پێشوو هێنا و پێچایەوە، بەمەش ئەمان بوونە میراتگری ئەو ڕژێمە. لێرەشدا تاقیکردنەوەیەکی جەوهەری هاتە ئاراوە کە تێیدا کەمینەیەک سەرکەوتوو بوون و ئەوانی تر شکستیان هێنا؛ تاقیکردنەوەکە ڕوون بوو و ساکاریش نەبوو، بەڵام سەرکەوتن تێیدا گران نەبوو بۆ کەسێک کە بڕیارەکانی هۆشیارانە بووبێت و لە مانای حوکمڕانی یان پاڵپشتیکردنی تێگەیشتبێت، بە ئامانجی بەدیهێنانی بەرژەوەندییەکانی گەلی عێراق.
ئەو دەرئەنجامە نائومێدکەرانەی کە بەدیهاتوون لە عێراقییەکان شاراوە نین؛ چونکە بارودۆخی ئەمنی و سیاسی بەهۆی سەیرکردنی بابەتەکان لە ڕوانگەی بەرژەوەندییە تەسکەکانەوە تێکچوو. بۆ زیاترکردنی ئازارەکانی عێراقییەکانیش، میدیای ئاڕاستەکراو تێوەگلا بۆ ئەوەی ببێتە زمانێکی کڕدراوی لایەنەکانی تر، کە تەنیا وەهم و بەڵێنی سەیر و سەمەرە دەسەپێنێت. بۆیە ئەوەی بەدیهات تەنیا نوقمکردنی پابەندییە داراییەکانی وڵات بوو لەژێر باری قورسی ئەرکەکاندا، ئەمەش بەهۆی پلانڕێژییەکی شلۆق و لەرزیو کە لە نێوان دەوڵەمەندبوونی ناڕەوا و پێشخستنی پلانی دواکەوتووانەدا دەهات و دەچوو. ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی هەڵاوسان لە دەزگا و دامەزراوەکاندا و دۆخێکی وای خوڵقاند کە وەک ئەوە بێت دوو گەل لە یەک وڵاتدا بژین: یەکێکیان گەلی دەسەڵات و شوێنکەوتووانیەتی، گەلەکەی تریش خودی عێراقییەکانن بە هەموو پێکهاتە و ناسنامە جیاوازەکانیانەوە کە بۆ نەداری و لێواری هەژاری جێهێڵدراون و یەکەم کەسن ڕووبەڕووی بێبەشبوون دەبنەوە. خۆیان و منداڵەکانیان ناچارن باری قورسی چەندین قەرزی جۆراوجۆر هەڵبگرن کە هیچ کات بەشێک نەبوون لە بڕیاردان لەسەری، مەگەر تەنها بەهۆی هۆشیارنەبوونی زۆربەیان بێت لە مانای دەرئەنجامەکانی دەنگدان و هەڵبژاردنی نوێنەرێکی پەرلەمانیی گونجاو.
زۆربەی ناوچەکانی وڵات لە ڕووی جوگرافی و مەزهەبییەوە دوو شەڕ گرتوویەتیەوە، کە ئەگەر کڵپەشیان کز بووبێتەوە، ئەوا ئاگرەکەیان لە ژێر خۆڵەمێشدا ماوەتەوە: شەڕی تائیفەگەری و شەڕی بەکرێگرتنی ناوچەکان بۆ یەکلاکردنەوەی حسابات. پاشان کارەساتی کارەساتەکان (سێ بەردی کوانوون کە لە ژێر دیزە یان قازاندا دادەنرێن و بەهۆی دووکەڵی ئاگرەکەوە ڕەش دەبن، کە کنایەیە لە لوتکەی ماڵوێرانی) ڕوویدا، ئەویش گۆڕینی وڵات بوو بۆ سەرچاوەیەک بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دیکە، دوای ئەوەی هێزە ناوخۆییەکان تێکەڵ بە شەڕی دەوڵەتانی دیکە بوون.
زیانێکی گەورە هەیە کە تەنیا ئەو کەسانە درکی پێ دەکەن کە تەسلیمی وەهم نابن، ئەویش لەدەستدانی خانەیەکی هۆشیارییە لە مێشکی زۆربەی کۆمەڵگەی سیاسی و جەماوەریدا؛ ئەویش خانەی هۆشیارییە بە دەرئەنجامەکانی ئەدایەک کە بنەماکەی گەندەڵی تەشەنەسەندووە، کە یەکێکە لە خاڵە لاوازە گەورەکان لە دۆسیەی بڕیارە سیاسییەکاندا (ئەگەر مانای سیاسەت بزانن)، ئابووری (ئەگەر لێی تێبگەن)، پلانڕێژی، ئەمنییەت و خزمەتگوزارییەکان (ئەگەر پێی ئاشنا بن).
هیچ دەوڵەتێک نابێتە خاوەن سەروەرییەکی ڕاستەقینە و واقیعی، ئەگەر ببێتە ئامانجێکی ئاسان بۆ تێکدانی ئاسایش؛ جارێک بەهۆی بکەرێکی ناوخۆییەوە کە دەسەڵات نەک تەنیا ناتوانێت لێپرسینەوە و دادگایی بکات، بەڵکوو تەنانەت ناتوانێت ناوی بهێنێت و عاجزیشە لە پاراستنی ئاسایشی هاووڵاتییانی و تەنانەت بەشێک لە ئاسایشی بەرپرسانیشی؛ جارێکی تریش بەهۆی ملکەچبوونی فەرمی و بە وەکالەت (لە ڕێگەی هێزە ناوخۆییەکانەوە) بۆ بڕیاری دەوڵەتێک کە تەنیا بەرژەوەندییەکانی خۆی دەوێت، بە هەر نرخێک بێت و لەسەر حسابی دەوڵەتە ملکەچەکە.
ئێستا ئەگەر هاوپەیمانان بکشێنەوە – کە بوونیان بیانوویەکە بۆ زۆرێک کە وای دەبینن ئەم بوونە پاڵنەرە بۆ مانەوەی چەکەکانیان لە ناو سیستەمدا و لە دژی سیستەمیش – ئایا کشانەوەکە دەبێتە هۆی نەمانی چەک؟ نەخێر، هرگیز! چەک ئامرازێکی گوشار بووە و هەر وەک خۆیشی دەمێنێتەوە بۆ سەر بڕیارەکان، کە پاراستنی دەستکەوتەکان و گەشەپێدانیانی بەدوادا دێت.
لەگەڵ تێگەیشتنی تەواوم بۆ کاریگەریی ئەزموونی وڵاتانی هاوسێ لەسەر هەندێک لایەن، کە هێزگەلێک تێیاندا بازیان دا بۆ گەیشتن بە دەسەڵات یان بوونە تەوقێک بە دەوری گەردنیانەوە، ئەوەی کە ئەم حاڵەتە لە جێبەجێکردنی وتەیەکی ناسراوی کارتێلەکان دەگەیەنێت (بەرتیل یان مردن)؛ ئەوا تەواوکردنی پڕۆسەی گۆڕینی عێراق بۆ نموونەیەک لەم نموونانە، خودی کارەسات و ماڵوێرانییەکەیە.
ئەگەرچی هاوپەیمانان لەو ڕۆژەی کە ڕژێمەکەیان ڕووخاند، تا ڕادەیەکی زۆر ڕێگرییان لە تەقینەوەیەکی گەورەتر لە عێراقدا کرد، بەڵام ئەو ئاڵۆزییانەی کە ڕوویانداوە و ڕوودەدەن، ئاماژە و هۆشدارییەک دەبن بۆ درز و لێکترازانی گەورەتر، ئەگەر وابکەوێتەوە و عێراق بە تەنیا جێبهێڵدرێت بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی شۆکی بەڕێوەبردنی کاروباری ناوخۆیی خۆی ببێتەوە کە خۆی لە خۆیدا دابەشبووە و پارچەپارچەیە.
دەزگا و دامەزراوەکانی تەنیا کۆمەڵە ژمارەیەكن کە بە دوای مووچەدا دەگەڕێن و چەک و تفاقیشیان لەگەڵ ئاستی تەحەددی و کێشەکاندا ناگونجێت و بڕیاردانیشیان شوێن بیروباوەڕ و ئایدۆلۆژیایەک دەکەوێت کە پێچەوانەی دەستوورە.

