رۆژنامەی ھەولێر

یێنە ئەو شارەی ڕۆحی ڕۆمانسیەت و فەلسەفەی تێدا ماوەتەوە

بـــاهۆز مستــــەفا

هەندێک شار هەن تەنها شوێنی نیشتەجێبوون، یان کۆمەڵێک بینا و شەقامی سارد نین، بەڵکو کۆگای خەیاڵ، مەڵبەندی فکر و بیرەوەریی وێژەیین. شارۆچکەی یێنە یاخود جینا (Jena) لە ئەڵمانیا لەو جۆرە شوێنانەیە، کە کاتێک پێی دەخیتە ناویەوە، هەست دەکەیت لاپەڕەکانی مێژووی ئەدەب و فەلسەفە لە دەروونتا زیندوو دەبنەوە، سەردانیکردنی ئەم شارە دڵگیرە، گەشتێکە بۆ ناو قووڵایی ڕۆحی ڕۆمانسیەتی ئەڵمانی و سەردەمی زێڕینی ڕوناکبیریی ئەوروپی.
یێنە هەرچەندە شارێکی بچووک و لاپەڕە، بەڵام لە ڕووی کولتووری و مێژووەوە قورساییەکی بەهێز و بێوێنەی هەیە. ئەم شارە مەڵبەندی کۆبوونەوەی گەورەترین ئەقڵەکانی سەردەمی خۆی بووە، شوێنێک کە فەیلەسوفی مەزن یۆهان گۆتلیب فیشتە بیرۆکە فەلسەفییەکانی تێدا داڕشت، دوو جەمسەرە دیارەکەی ئەدەبی ئەڵمانی، فرێدریش شیلەر و یۆهان ڤۆڵفگانگ فۆن گۆتە تێیدا گەیشتنە لوتکەی داهێنان. لە سەردەمی ڕۆمانسیەتی ئەڵمانیدا، یێنە نەخشەیەکی نوێی بۆ ئەدەب و هونەر کێشا بوو، کە بنەمای مێژووی فکری ئەدەبی جیهانی گۆڕی.
کاتێک بە شەقامەکانی یێنەدا پیاسە دەکەیت، دەستبەجێ هەست بەو ڕاستییە دەکەیت، کە شوێنپێی ئەم ناودارانە تا ئێستاش نەک نەسڕاوەتەوە، بەڵکو بەردەوامن لە زانکۆکان و ڕاکێشانی گەشتیار بۆ ئەو شارە. ماڵ و جێگەی ژیانی نووسەرەکان وەکو خۆیان پارێزراون، وەک ئەوەی کات لەوێدا وەستابێت. یەکێک لە دیمەنە هەرە سەرنجڕاکێش و بەسۆزەکانی شارەکە، باخچەکەی ماڵی شیلەرە. سەردانیکردنی ئەم باخچەیە وەک چوونە ناو تابلۆیەکی زیندووی مێژوویی وایە، هەمان مەتبەخ، کورسی دارین و مێزی بەردینی شیلەر بە هەمان شێوەی خۆیان ماونەتەوە. کاتێک لە تەنیشت ئەو مێزەدا دادەنیشیت، هەست دەکەیت هێشتا دەنگی پێنووسەکەی شیلەر و چپەی گفتوگۆ قووڵەکانی لەگەڵ گۆتەدا لە هەوادا دەزرەنگێتەوە.
بێگومان ئەزموونکردنی جوانییەکانی یێنە و تێگەیشتن لە گرنگی مۆزەخانەکانی، پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە ئاشنابوونی ڕێبوارەکەیەوە هەیە بە ئەدەبی ئەڵمانی. ئەو کەسەی بەرهەمەکانی گۆتە و شیلەری خوێندبێتەوە و بە باشی ناسیبێتنی، بە شێوازێکی جیاواز چێژ لەم شارە وەردەگرێت. یێنە ڕۆڵێکی گرنگی گێڕا لە گەشەکردنی بزووتنەوەی “تەکان و ڕەشەبا” (Sturm und Drang)، ئەو بزووتنەوە یاخییە ئەدەبییەی، کە گۆتە و شیلەر ڕابەرایەتییان دەکرد و ڕێگەی خۆشکرد بۆ سەرهەڵدانی قوتابخانەی ئەدەبی یێنە. ئەم قوتابخانەیە تەنها وێستگەیەکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو وەچەرخانێکی مێژوویی بوو، کە ڕۆحی ئازادی، هەست و سۆز و خەیاڵی بەخشییە ئەدەبیاتی جیهانی.
شارۆچکەی یێنە سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە، کە ئەدەب و فەلسەفە تەنها نووسینی سەر کاغەز نین، بەڵکو دەتوانن ڕۆحی شارێک دروست بکەن بۆ سەدەها ساڵ بە زیندوویی بیهێڵنەوە. گەشتکردن بۆ یێنە، تەنها سەردانێکی ئاسایی بۆ شوێنێک نییە، بەڵکو دیدارێکە لەگەڵ مێژووی بیرکردنەوە و بەیەکگەیشتنێکە لەگەڵ ئەو ڕۆحە کێوییە ئەدەبییەی، کە تا ئێستاش لە هەوای باخچەکەی شیلەر و شەقامەکانی یێنەدا هەناسە دەدات.