رۆژنامەی ھەولێر

نازدار جزیری لە قامیشلۆ کۆنسێرتێکی هونەری سازکرد

شیڤان شێرزاد – هەولێر

هونەرمەندی گۆرانیبێژ “نازدار جزیری” بێدەنگی لە گۆرانی و بەرهەمە هونەرییەکانی شکاند و بە داوەتێکی فەرمی لە لایەن ناوەندی ڕۆشنبیری قامیشلۆ گەیشتە ئەو شارە و کۆنسێرتێکی هونەری لەم شاره سازکرد.

“نازدار جزیری” لە کۆنسێترتەکەیدا چەندین گۆرانی تایبەتی کرمانجی و سۆرانی و بەشێک لە هونەری فۆلکۆری باشوور و باکوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای ئاوێزانی یەکتر کرد و پێشکەش بە خەڵکی ئەو ناوچەیەی کرد، کە ساڵانێکی زۆره بەهۆی خراپی دۆخی ناهەمواری سوریا و ڕژێمی پێشووی ئەو وڵاتە لە پڕۆژەی هونەری دابڕابوون، بۆیە بە گەرمی پێشوازیان لە هونەرمەند “نازدار جزیری” کرد و جارێکیتر هونەری “محەمەد شێخۆ و برادەر و حەسەن زیرەک و جوان حاجۆ”ـی بە ستایلی خۆی خستەوە بەرگوێی هەوادارانی لەم پارچەیەی کوردستاندا.
نازدار حەسەن بۆتان لەدایکبووی ١٩٨٧ لە جەزیرەی بۆتانی باکووری کوردستان و ھونەرمەند و دەنگبێژێکی کوردە.
لە خێزانێکی ڕۆشنبیر و ھونەری لە دایکبووە. لە ساڵی ١٩٩٣ بەھۆی بارودۆخی سیاسی کوردستان و ململانێکانی حکومەتی تورکیا خێزانەکەیان کۆچ دەکەن بۆ ئەڵمانیا نازداریش لەگەڵ خانەوادەکەی منداڵی و گەنجێتی لە ئەڵمانیا بەسەردەبات، ھەر لە منداڵییەوە بە پاڵپشتی باوکی (وەلیێ بۆتی) دەکەوێتە ژێر کاریگەری فۆلکلۆری کوردی و خۆشی زیاتر برەو بەخۆی دەدات و دێتە ناو بواری دەنگبێژی، ئێستا لە کوردستان خەریکی چەندین پڕۆژەی ھونەرییە.