رۆژنامەی ھەولێر

دەستدرێژیەکەی پاسدارانی ئێران خەسڵەتێکی دێرینەی دوژمنکارانە

ئازاد جندیانی
ئێمە خۆمان لەهەر کەسێکی دیکە خێراو سادەو ڕاستگۆیانە لە هۆکارو ئامانجی ئەو دەستدرێژییە ترسنۆکانەیە ئەگەین ، کە ئێران بە سوپاو ناسوپاوە کردیە سەر بارەگای سەرۆکی حکومەتی کوردستان و نشینگەی بەڕێوەبەری هەواڵگری . ئەو دروست حاڵی بوونەمان لە تاوانێکی ئاوادا پێویستی بە میتۆدو تیۆریگەلی جۆراوجۆر نیە ، بەڵکو بناغەکەی لەو ئەزموونە دوورو درێژەی دەست و پەنجە نەرمکردنەی کورد خۆیدایە لەگەڵ ویستی دژایرتیکردنی کورد لەلایەن دەوڵەتی ئێران و هاوتاکانی تری لەسەدساڵی ڕابردوودا . ڕوونتر بڵێم سەدساڵە کوردەواری ڕۆژانە لەڕێی پراکتیکی ژیان لەسایەی داگیرکەرانەوە سەرگەرمی داگیرکەرناسی و ڕەفتارناسیانە ، هەر بۆیە تۆماری یادەوەریە نووسراوەکان و گێڕانەوە زارەکیەکانمان پڕاوپڕن لەو پەندو وانە قووڵ و دیارانەی ،کە فێری ئەوەیان کردووین دوژمنەکانمان باش باش بناسین ، بە جۆرێک کە بەرامبەر سڵاوێکی درۆزنانەشیان لە ڕوانگەی پیلانگێڕانەوە پێناسەبکەین . لەم نووسینەدا قسەمان لەسەر ئێرانی دوای قاجاڕەو گەرەکمە تەنیا تاوانە گەورەو شەرمەزارکەرەکانی فەرمانڕەوایی ئێران ئاماژە پێ بدەم ، لە سمایلاغای شکاکەوە هەژماری ئەکەم ، کە بە بیانووی دان وستانەوە لەگەڵ ژمارەیەک سەرۆک عەشیرەتی باشووری کوردستان بانگێشتی شاری شنۆکران نامەردانە شەهیدکران .
لەقۆناخێکی دواترداو لەکۆتایی جەنگی دووەمی جیهان ، قازی محەمەدو دوو هەڤاڵەکەی تری ، دوای گەڕانەوەی لە گەشتێکی دان وستاندا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سەربازی و دەوڵەتی شاهەنشاهیدا ، کە ڕێککەوتنێکیشی لەبەرهەم هاتبوو ، سوپای ئێران گرتنی و لەدادگاییەکەی سەربازی بێ بنەمای یاسایی سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپاندن و لەسێدارەدران .
دواتریش تاوانە نەشاردراوەکانی خەلخالی بوو کە لەشارەکانی ڕۆژهەڵاتدا دەیان گەنجی کوردی گوللەباران کردن .
نموونەیەکی تری ئەو جۆرە لەتاوانکاریانەی سەردەمی کۆماری ئیسلامیش تیرۆرکردنی شەهید قاسملو و هاوڕێکانی بوو لە ڤیەننا و لە ژووری دان وستان لەگەڵ نوێنەرانی سوپای پاسداران.
ڕەنگە لیستی ئەو تاوانە گەورەو بچوکانەی ، کە لەم سەدساڵەدا داگیرکەرانی تورک و فارس و عەرەب ، لە دۆخی جیاجیادا بەرامبەر بە نەتەوەی کورد ئەنجامیان داوە لیستێکی هێندە دوورو درێژ بێ ، کە تەنیا دوای ئاشکرابوونی بەڵگەنامە سەربازیە نهێنیەکانی ئەو هەموو جەنگ و هێڕشانەی کە کراونەتە سەر کورد ئەوسا لەقەبارەی تاوانەکان ئەگەین .
دوای هەموو تاوانەکانی قڕکردن ، سڕینەوەو تەفروتوناکردن و هەوڵی لەجوگرافیا وەدەرنانی کوردستان ، کەچی کوردو کوردستان نەک هەرماون ، بەڵکو لە هەر هەرچوار پارچەو لە دیاسپۆڕاش دا لە هەموو وەختێک زیاتر بەپێوەن و لەبزاوتی کوردانەدان ، ئەمەش دۆخێکی یەکجار تۆقێنەری بۆ دوژمنانی نەتەوەییمان دروستکردووە . هاوکات کلتوری خەسڵەتناسی داگیرکەرانی تا ئەندازەو ئاستێکی زۆر باڵا دەوڵەمەند کردووە ، کە بەخێرایی و بە ووردی هەر کردارو ڕەفتارێکی ئەوان ئەناسین و ڕوون ڕوون ئەزانین ، کە زادەو بەرهەمی چ عەقڵیەتێکی ناجوامێرانەی داگیرکەرانە .
هەر لەوڕوانگەو لێکدانەوەی سەرەوەماندا لەوە ئەگەین ، کە ئەو دەستدرێژیەی تەنیا دوار تێپەڕبوونی چەند دەقیقەیەک بەسەر ساڵڕۆژی دامەزراندنی پارتیدا ئەنجامیان دا ، دەربڕینی بێ ئومێدبوونیان بوو لەوەی حکومەتی کوردستان دەستبەرداری پرەنسیپی بێ لایەنی یان پرەنسیپی هاوسەنگی بێ لەم جەنگەدا ، کە جەنگی کورد نیە .