رۆژنامەی ھەولێر

“١٦ی ئاب” بنیاتنان و نەتەوەسازی

ئەحمەد شاکر
ئەوەی ١٦ی ئاب لە بەروارەکانی دیکەی سەروەری و شانازی جیا دەکاتەوە، ئەوەیە ئەو یادگەیە سەرەتای بنیاتنان و دروستبوونە، دامەزراندنی بیری نەتەوە سازی و پێکەوژیانە لە جوگرافیایەکی ئاڵۆزی پڕ لە کێشمەکێشمی نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبی…هتد.
١٦ی ئاب، سەرەتای چیرۆکێکی درەوشاوەی نەتەوەیەکی بێ بەشە لە سەرەتاییترین مافەکانی و لە چەندین لاوە لەژێر چەوسانەوە و زوڵم و ستەمی داگیرکەرانێتی و تاکە ڕێگەچارەی بۆ دەربازبوون، سەرهەڵدان و خەباتێکە کە لە ١٦ی ئابەوە دەستی پێکرد و تا ئەمڕۆش ئەو سەرهەڵدانە بەردەوامە کوردستانیان لە دەوری ڕێبازێک کۆبوونەوە کە بۆ ساتێک لێی پەشیمان نەبوون و نابن ئەویش ڕێبازی حەکیمانەی بارزانییە.
دامەزراندنی پارتی، دامەزراندنی پارتێکی سیاسی و ئایدۆلۆژیایەکی دۆگما و خۆویست و خۆسەپێن نەبوو، هەر بۆیە هەموو کوردستانیان بە پێکهاتە جیاوازەکان و شێوەزارە جیاوازەکان و تەنانەت ئایین و مەزهەبە جیاوازەکان بە فریادڕەسی خۆیان دەزانی و لە دەوری کۆبوونەوە، چونکە هەموو بەشخوراو و ستەمدیدەیەکی لە خۆ دەگرت و داوای مافەکانی دەکردن و لەو پێناوەدا خەباتی سەرسەختانەی کرد و بەرهەمەکەشی ئەمڕۆ کوردستانێکی بەهێز و خۆڕاگر و پڕ لە واتا جوانەکانی مرۆڤایەتی و پێکەوەژیانە، هەر بۆیە دەتوانین بڵێین ئەوەی پارتی لە پێناویدا دامەزرا دوای ڕووبارێک لە خوێن و قوربانیدان لەگەڵ خەڵکی سەربەرزی کوردستان پێی گەیشت و ئامانجی ڕەوای هەمووانی کۆکردەوە و کردی بەو واقیعە جوانەی ئەمڕۆ بەرجەستە بووە لە هەرێمێک بە ناوی کوردستان و بێگومان لە داهاتووشدا بەڵێنەکانی دیکەی دەکاتە دیاری بۆ کوردستانیان.