رۆژنامەی ھەولێر

هێرشکردنە سەر بارەگای سەرۆک وەزیران؛ زەنگێکی مەترسیدارە!

مەلا بەختیار
ئەم بەیانییە، بەپێی لێدوانە ڕەسمییەکانی حکومەتی ھەرێم و بروسکەی لایەنە سیاسییەکان، کۆماری ئیسلامی ئێران دوو درۆنی گرتووەتە ئۆفیسی سەرۆک وەزیران و ئۆفیسی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن. ئەمکارەش، دەستبەجێ کاردانەوەی فراوانی لێکەوتۆتەوەو زۆربەی حزبەکانی عێراق و کوردستان و کەسایەتییەکان، سەرکۆنەیانکرد. ئێمەش پێمانوایە، ئەم دوو درۆنە، دوو بارەگای ھەستیاری ڕەسمی ھی سەرۆک وەزیران و ئاژانسی پاراستن، دوو درۆنن زەنگی مەترسیداری ڕاستەوخۆن بۆ سەر ھەرێمی کوردستان. بەتایبەتی لەمانگی ڕابردووەوە، کۆماری ئیسلامی، باروتخانەی تاسڵوجەو تۆپخانەی تەگەران و فەرماندەیی و قەڵاچوالانیشی دابێژاوە. ئێستاش دوو بارەگای سەرەکی حکومەت.
بێگومان ھەتا ئەمکارە ناڕەوایە سەرکۆنە بکرێت، دەیسەلمێنێت پشتیوانی ھەرێمی کوردستان فراوانە و مایەی دڵخۆشییە، بەڵام کێشەکە لەوە مەترسیدارتر و چارەنووسسازترە. تەنھا دڵمان بە بروسکەکان و پشتیوانییەکان خۆشنەبێت، چونکە ئەم ڕووداوانە لە سلێمانی و ھەولێر، پێشتریش لە دەڤەرەکانی دیکە، لەخۆڕا ڕوویاننەداوە. بەتایبەتی کاتێک دەبینن، کۆماری ئیسلامی ئێران، پەیتا پەیتا دەوڵەتە دۆستە عەرەبییەکانی خۆشی، بەھۆی بونی بنکەی ئەمریکاوە درۆن و موشەکباران دەکات، کە ئەوانە ھەموو دەوڵەتانی دانپێدانراوی نەتەوە یەکگرتوەکانن و کاریگەریی ناوچەکەن، ئیتر دەبێت ئێمە بزانین، ھەرێمی کوردستان، ھێشتا سەربەخۆ نییەو بەشێکە لە دەوڵەتی فیدراڵی عێراق، لە عێراقیشدا شیعە ـدۆست و پشتیوانی ئێران- حاکمن، حەشدی شەعبی و فەسائیلیش دەوڵەتی قوڵن، دیارە لەبەر ئەو ھۆکارانەی لە دەوڵەتانی عەرەبی دەدرێت، لە ڕوانگەی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، بۆ ھەمان ئامانج ھەرێمیان لێدەرنەھاویشتووە. گەرچی حکومەتی ھەرێم و دەشتوانم بڵێم زۆربەی حزبە سیاسییەکان، ھەڵوێستێکی ھاوسەنگ و بەرپرسیارانەشیان لەم جەنگە ناڕەوایەی ئێران و ئەمریکادا ھەبووە. جگە لە پەیوەندی دێرینی پارتی و یەکێتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران، ھەتا ھەنوکەش.
دوێنێ، میدیای عەرەبی و کوردی بڵاویانکردەوە، گوایە لە پەیوەندی تەلەفۆنی نێوان بەڕێز نێچیرەڤان بارزانی و ئاغای وەحیدی فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران، بۆ دڵنیابونی ئەمریکا لە نییەتی گفتوگۆی ئێران و ناوبژیکردنی نێوانیان، ئاغای وەحیدی وتویەتی: پێمانخۆشە لە ھەولێر درێژە بە گفتوگۆکانمان بدەین، بەڵام دەترسین ئیسرائیل وەفدەکەمان تیرۆربکات. ئەگەر ئەم وەڵامەی ئاغای وەحیدی ڕاست و دروستبێت، کەواتە: ئێران سورە لەسەرئەوەی ھەولێر مۆڵگەی گوماناوی ئیسرائیلە. لەمەوە، ھەتا دەگاتە بونی ھێزەکانی ئەمریکا و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان، ئیتر تێبگەین بەپێی زانیارییەکانی ئیتڵاعات و ئیتڵاعاتی پاسداران، ئێران چۆن سەیری کوردستان دەکەن!. بۆچی ئێران لەم کاتەدا، کە ئەمڕۆ ئاخیر کەینوبەینی ٦٠ ڕۆژ ڕاگرتنی جەنگە، دوو درۆن دەگرێتە دوو بارەگای ڕەسمی؟! خۆ دەیانتوانی چەند ڕۆژێکیتر ھەمانکردەوە ئەنجامبدەن. دوورنییە ئێران وەکو ئۆڵتەماتیمی عەسکەری، پەیامی گەیاندبێتە ھەرێم و پێیانبڵێت: ئەگەر گەڕی چوارەمی جەنگ ھەڵگیرسایەوە، جەنگێکی فراوانتر و کوشندەتر دەبێت. چونکە ئەمریکا بە تەمایە گەمارۆی پۆڵاین بسەپێنێتە سەر ئێران! گەڕی چوارەمی جەنگەکە دوای ئەم گەمارۆیە، بێگومان سەبارەت بە کۆماری ئیسلامی ئێران، لە گەڕەکانی تری جەنگەکە ترسناکتر دەبێت.
بۆئەوەی ئەو بۆچونەشمان پاڵپشتبێت بە ڕووداوەکان، دەڵێین: بەکردەوە جەنگ ڕانەوەستاوە، ئێران یەکێک لە مەرجەکانی بۆ کۆتاییپێھاتنی جەنگ، پاراستنی حیزب اللەو کۆتاییپێھاتنی کێشەی باشوری لوبنانە. کەچی ئیسرائیل بە ڕاشکاوی دەیڵێن: ئێمە بە قسەی سەرۆکی ئەمریکا ناکەین و تا حزب اللە داماڵەخاسی چەک نەکرێت، ھەر پەلاماریدەدەین. تەنانەت لە غەززەش ناکشێنەوەو چاوەڕوانن دواچەک و تونێلی حەماسەکان ڕادەستبکرێت. بۆئەوەی ئەو فشارە لەسەر حزب اللەو حەماس کەمبێتەوە، دەبینین حوسییەکانی یەمەن لە دوو قۆڵەوە، شەڕگەکانیان گەرمکردووە. قۆڵی سعودییەو قۆڵی ناو یەمەن. کەواتە کوا جەنگ وەستاوە؟ ئەمریکا یەک پاپۆڕی نەکشاندووەتەوە. کارخانەکانی ڕاسپاردووە دەبۆی چەکە قورسەکانی پڕ بکەنەوە. بەشە ھەرە گرنگەکەی حەشدی شەعبی عێراقیش، ئامادەنین چەک ڕادەست بکەن. بەڵکو ھادی عامریش ھاتەسەر ھێڵی گەرم و ھەڕەشەی لە جەنابی زەیدی کرد. ھەرێمی کوردستان، پێویستە لەناو کۆی ئەو دۆخەی ناوچەکە و عێراق و مەترسییەکانی ئێران سەیری ڕووداوەکان بکات. ئەم لێدانە ناڕەوایەش، لە دوو بارەگای ڕەسمی سەرۆک وەزیران و ئاژانسی پاراستن، ھەردەچێتە ناو ھەمان چوارچێوەی دۆخەکەوە. بەڵکو زەنگێکی مەترسیداریشە بۆ ھەرێم، بۆ سلێمانی و ھەولێر، کەلە ئەگەری بەرپاکردنەوەی جەنگدا، چۆن دەست لە قەتەر و سەڵتەنەتی عوممان ناپارێزن، ئاواش دەست لە ھەرێم ناپارێزرێت. بەڵکو گەیاندییانە ھێڵی سوریش. کەوابێ: کۆماری ئیسلامی ئێران، لەم جەنگە چارەنووسسازەیدا ھەموو سنورەکان دەبەزێنێت.

*لە ئەكاونتی نووسەر وەرگیراوە