️عەبدولڕەحمان فەرهادی️
زۆر شاعیری گەورەی دنیا هەن، بیرەوەری و بیۆگرافیای خۆیان بە شێوەی شیعر نووسیوە، ناتوانین بڵێین دەقەكانیان ڕێك ژیان و بیرەوەریی خۆیانە، بەڵام بە كاریگەریی ڕابردووی ژیان و گوزەرانیان، دەقێكی شیعریی جوانیان بەرهەم هێناوە. پێویستە جیاوازی لە نێوان شیعر لەبارەی ژیانی كەسێك و ژیانی شاعیر و شیعری بایۆگرافی بكەین، ئەوەی بیۆگرافی تەنێ بریتییە لە ژیاننامەی شاعیر بە شێوەی شیعر، بەڵام شیعری بیرەوەرینامە فراوانتر و گشتگرترە لەوەی پێشوو، چونكە بریتییە لە باسی ڕووداوەكانی ژیان و باسكردنی ناسنامە و كەسانی دەوروبەر و بیركردنەوە وئەزموون و بیرەوەریی زۆر. دەتوانین ئاماژە بە زۆر لەو شاعیرە گەورانە بكەین، بۆ نموونە: ویردزویرس، واڵت ویتمان، بۆدلێر، بابلۆ نیرۆدا، هەروەها لە ناو عەرەب مەحموود دەرویش لە دەقی لەبەردەم نەبووندا، بەدر شاكر سەیاب لە چەند شیعرێكی لە باسی جیكۆر.
لەناو كوردیش، شیعری “دەنگی هاتنی بەیانی”ی كاك “دڵشاد عەبدوڵڵا”م خوێندەوە، كە ئەمساڵ دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم لە دووتوێی بەرگی قەبارە گیرفان پەخشاندی. شاعیر لە پێشەكییەك بە ناوی “لە ستایشی هاوتەمەنەكانمدا” نووسیویەتی: “ژیانی تایبەتی شاعیر هەرچییەك بێت بۆ خۆی گرنگە، ئەوەی بۆ خوێنەر گرنگە شیعرەكانیەتی..”. لێرەدا دەتوانین بڵێین ئەم بیروڕایە پوختەی یان شێوازێكی تری بیرۆكەی “ڕۆڵان بارت”ە لە كتێبی “مەرگی نووسەر” یان “مەرگی دانەر” نووسیویەتی، بەڵام ئەمە دەقاودەقی ڕایەكەی وی نییە. بارت پێی وایە ڕەخنەگر یان خوێنەر هیچ پێویستی بە بیرەوەری و ژیاننامە و گوزەرانی نووسەر یان دانەر نییە، ئەوەی گرنگە دەقەكەیەتی، بۆیە بارت پێی وابووە گرنگترین خاڵ ئەوەیە خوێنەر خۆی چی لە دەق هەڵدەهێنجێت! و دەق خۆی سەرچاوەی سەرەكییە بۆ خوێنەر و ڕەخنەگر. بێگومان بیروڕای پێچەوانەی ئەمەی “ڕۆڵان بارت”یش هەن، نامانەوێ ناوی ئەو بیرمەند و ڕەخنەگرە جیهانییانە بێنین كە بۆچوونی جیاوازی “ڕۆڵان بارت”یان هەیە، منیش پێم وایە خوێندنەوەی ئەزموون و بایۆگرافیی نووسەر بەر لە خوێندنەوەی دەقەكانی، زۆر جار بایەخ و سوودی زۆری دەبێت بۆ تێگەیشتن لە دەقەكەی، بە تایبەت ئەگەر دەقێكی وەك ئەو شیعرەی دڵشاد عەبدوڵڵا بریتی بێت لە بەشێكی بیرەوەری و قۆناغەكانی منداڵی و گەنجی و پیریی، كە بە شێوەی شیعر نووسیویەتی، بەڵام لێرەدا خاڵێكی گرنگ هەیە، ئەویش ئەوەیە كە مەرج نییە دەق ئاوێنەی ژیاننامەی نووسەر بێت، واتە مەرج نییە دەقی باش و سەركەوتوو كەسایەتیی نووسەری جوامێر و خانەدان و كۆمەڵایەتی و خۆشەویستی خەڵك نووسیبێتی. نووسەرانی گەورەی حەفتاكان و پێشتر و دواتریش بۆ دێڕ بە دێڕی شیعری نالی لێكدانەوەی جۆراوجۆریان كردووە، تا ساڵانی ژیانی بزانن، یەكیان نووسیویەتی: مادام نالی دەڵێ “مووی سپی كردم بە شووشتن ئاوی عەینی شۆرە شەت…” كەواتە نالی ماوە تا مووی سپی بووە، بۆیە زێتر لە شەست ساڵ ژیاوە. یان زۆر جار گوێمان لەوە دەبێت كە نازانین ئاخۆ نالی چۆن ژیاوە! ئایا كەسایەتییەكی كۆمەڵایەتیی باش و مێرخاس بووە یان خوا نەكردە توڕڕەهات! بۆیە گرنگ دەقە مەزن و نەمرەكانیەتی.
مەحوی گوتەنی:
شێخ و توڕڕەی مێزەر و نەقڵ و نقووڵی هیچوپووچ
من بە توڕڕەی یار ئەسیرم، ئەو بە كۆڵێ توڕڕەهات.
ئەم دەقەی دڵشاد عەبدوڵڵا نووسیویەتی، بریتییە لە شیعر و بیرەوەری گێڕانەوە، هەروەها خۆی دەڵێ “ئەم دەقە یاریكردنە لەگەڵ خۆڵ لە كۆڵان بە یادی منداڵی و خۆتیفیفەدانە لەبەر ئاوێنەی وشە بۆ ژوان و چەمانەوەی پشتیشە لەبەر ئازاری ڕۆژەكان، هەمووشی بۆ هەیبەتی شیعرە.”
من ئەمە یەكەم جارە بە باشی دەكەومە بن كاریگەریی شیعری دڵشاد عەبدوڵڵا، ئەم دەقەی زۆر سەرنجی ڕاكێشام و بە یەك هەناسە خوێندمەوە، لەگەڵ جیاوازیی تەمەنی كاك دڵشاد لەگەڵ من، كەچی بە خوێندنەوەی، زۆر بیرەوەریی خستمەوە یاد و تا ڕاددەیەك منیشی بردەوە سەردەمی منداڵی و ناوهێنانی ئەو كەرەستە و ماددانەی پێوەستی گوزەرانن كە ڕەنگە زۆرێكیان نەمابن، ئەمە بۆ من چێژێكی شیعریی زۆری هەبوو، بۆیە من پێم وایە ئەم دەقەی دڵشاد عەبدوڵڵا بریتییە لە شیعری بیرەوەرینامە، زۆر لەمێژ بوو شیعری كوردیی باشم نەخوێندبووەوە، دەستی خۆش بێت زۆر جوانی داهێناوە. بەداخەوە دەقەكە لە هەڵەی ڕێنووس و وشە بێبەش نییە، دەكرا بەر لە چاپ ئەمە بنبڕ بكرێت.

