ئاری ئاغۆک
( ٣- ٣)
ئایینەکان لە هەموو قۆناغەکان دا پەیامیان ئەوە بووە کە هەستی بەرپرسیاریەتی لە ناخ و بیرکردنەوەی مرۆڤ دا دروست بکەن، گرنگ نیە لەسەر کام ئایینی گرنگ ئەوەیە وەک مرۆڤێک لەسەر گۆی زەوی وەک میوانێکی میراتیی لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دیکە ئەو چەمکە ئەخلاقیە بگوازرێتەوە کە وەک ڕەهەندێک ئایینەکان داوای دەکەن، چونکە (خاک – ئاو – هەوا) هەروەک چۆن بۆ هەمووان یەکسانە، وەک لە بەشەکانی ڕابردوو چەند نموونەیەکی زیندووی ئایینیمان هێناوە، ئەوا دەبێت ئەو یەکسانیە هەمووان بە ئەمانەت و بەرپرسیاریەتی مامەڵەی لەگەڵ بکەین، لەگەڵ ئەوەش دا وەک کەسێکی باوەرپێکراوی ئایینی، دەبێت ( ویژدان ) بکەینە سەنگی مەحەک، جا چەندی ویژدان و باوەڕ بەهێز بێ، ژینگە و ژیانی هەموو مرۆڤایەتی جوانتر و پاکتر دەبێت.
بۆ زیاتر دیدگا فراوانی و بەرچاوڕوونییمان بۆ ئایین و باوەڕەکانی دیکە دەربارەی ئەم پرسە گرنگە، ئەوا پەیامی چەند ئایینێکی دیکە دەخەینەڕوو، کە لە کتێبی (ژینگە و ژیان، ناسینەوە و ئاڵنگارییەکانی)*. لە بابەتی ژینگە لە دەقە ئایینەکان دا ئاماژە بە چەند ئایینێک کراوە، لێرەدا سێ نموونە دەخەینەڕوو.
(هیندۆسی) ئایینیکە ڕەگ و ڕیشەی قووڵی لە سروشت دا هەیە، دەقە پیرۆزەکانیان (ڤێدا، ئۆپانیشاد، بە گاڤار گێتا، داستان) چەندین ئاماژەیان تێدایە بۆ خودای پەیوەست بە سروشت، وەک: ڕووبار، شاخ، دار، ئاژەڵ و خاک…. بۆ پاراستنی ئایینی هیندۆسی، هانی پاراستنی ژینگە دەدەن، چەندین ڕێکخراویان هەیە، کە هەڵمەتی هۆشیار کردنەوەی گەشەی بەردەوامیان لە ئەستۆ گرتوە.
(بودیزم) ڕێزگرتنی ئایینی بودا لە ژینگە، لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە دەڵێت: بودا لە ژێر درەختی سالا لە دایکبووە، هەر لەوێشدا ڕۆشنگەری بە دەست هێناوە، یەکەم ووتاری لە دارستاند پێشکەش کردووە و لەژێر درەختی سالاشدا مردووە، یەکەم وەسێتی کوشتنی گیانلەبەر بووە.
(تائۆیزم)، ئایینێکی کۆنی چینییە، لەسەر بنەمای هاوئاهەنگی خودایی نێوان سروشت و مرۆڤایەتی دامەزراوە، مێدیتەیشنی تائۆیی و ژینگە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ئەم سروشتە ڕەسەنە، یاسای ئەبەدی یە و زانینی یاساکانی سروشت، ڕۆشەنگەرییە، هەرکەسێک لە یاسای سروشت بێ ئاگابێت، ئەوا پەلە دەکات لە مامەڵە کردن و بەد بەختی بانگهێشتی دەکات، بەڵام زانینی یاسای نەگۆڕی سروشت، بەخشندەبوونە، بێ لایەنی بوونە.
کەواتە کە دەڵێین هەموو ئایینەکان داوای ژینگە پارێزیمان لێ دەکەن، بەکردار و نموونەی زیندوو دەبێت ئەو هاوکێشەیە نیشان خۆمان و دەورووبەر بدەین، ناکرێ بە هۆی ئایدیا جیاوازی هیچ ئایینێک، ژینگە بکەینە گۆڕەپانی ململانێ و قوربانی، بەڵکو بۆ ئەوەی جوانی و بەهای ئایینەکەت نیشان بدەی، دەبێت ڕێز لە بۆ چوونی پەیام و ئایینی بەرانبەر بگری و بە هاوبەشی و بەرپرسیاریەتێکی مرۆییانە هەوڵەکان بەردەوام بێ بۆ هەر ئەگەرێکی بارودۆخی ژینگەیی لە گۆی زەوی.
پەراوێز:
*کتێبی: ژینگەوژیان، ناسینەوەو ئاڵنگارییەکانی، نووسینی: نەرمین عوسمان.

