رۆژنامەی ھەولێر

دیمانەیەک لە ئەرشیفی گۆڤاری (العربی) کوەیتی لەگەڵ بارزانیی نەمر ساڵی ١٩٧١

“کورد لە هەوڵێکی بێ هیوادایە بۆ ڕزگاربوونی کەچی بە بکوژ و خوێنمژ و شەڕخواز ناویان دەبردین لە کاتێکدا هەمیشە بەدوای ئاشتیدا دەگەڕاین”
تایبەت بە ڕۆژنامەی هەولێر
ئامادەکردن و وەرگێران؛ شێرکۆ حەبیب
گۆڤاری (العربی) کویتی لە ژمارە ١٤٦ ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٧١ دیمانەیەکی لەگەڵ باوکی رۆحی نەتەوەی کورد ژەنەراڵ مستەفا بارزانیی نەمر سازکردووە، جگە لەو دیمانەیە گەشتێکی بە ناو کوردستان کردووە لە لایەن هەردوو رۆژنامەنووس (سلیم زبال، و ئۆسکار متری)، گۆڤاری ناوبراو چەندین جار راپۆرتی لەسەر کوردستان بڵاوکردۆتەوە.

دوای شەڕی پچڕپچڕ و دژوار کە ساڵانێک بوو بەردەوام بوو، ئاشتی گەرایەوە باکووری عێراق، و دەشێ ئیستا هەنگاو بنێین بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ مستەفا بارزانی، سەرکردەی کورد و پێشمەرگە ئازاکانی.
“کاتێک باڵندەیەکی بچووک بە دەستەوە دەگریت، ئەو هەژارە هەموو هەوڵێک دەدات و بە زەحمەت لە دەستت ڕزگاری دەبێت، باڵەکانی دەفڕێنێت و قاچەکانی پێکدادەدات لە هەوڵێکی بێهیوادا بۆ رزگار بوونی، بارودۆخی ئێمەی کوردە، ڕێک وەک دۆخی ئەو باڵندە هەژارەیە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بە بکوژ و خوێنمژ و شەڕخواز ناویان دەبردین، لە کاتێکدا لە ڕاستیدا چەکمان هەڵگرت بۆ بەرگریکردن لە خۆمان. ئێمە هەرگیز بەدوای شەڕدا نەگەڕاین؛ هەمیشە بەدوای ئاشتیدا دەگەڕاین”
بەم پێشەکییە، سەرکردەی گەورەی کورد، مستەفا بارزانی، دەستی بە وتەکانی کرد کاتێک دانیشتین گوێ ڕایەلی بووین.
ئەم پیاوە ئەفسانەییە کێیە؟ وە چیرۆکی ئەو کەسانەی کە سەرکردایەتیان دەکات چییە؟ کورد کێن؟ چۆن و لە کوێ دەژین؟ نەریت و داب و نەریت و هیوا و خەمەکانیان چین؟ دوو هەفتە لە نێویاندا ژیاین بۆ ئەوەی ئەم رووماڵەتان بۆ ئەنجام بدەین لە دڵی ئەو ناوچە شایستە شاخاوییەی کە کورد تێیدا دەژی.
شۆڕش لە دوای شۆڕش، وێرانکاری و کاولکردن و کۆچکردن لە خاکی بەپیت بۆ ئەشکەوت و چیاکان، هەڵاتن لە دۆزەخی ئاگر.
ئەمەش ساڵانێکی زۆر خایاند تا بەرەبەیانی ١١ی ئاداری ١٩٧٠ بەردەوام بوو، لەو ڕۆژەدا ئارامیەکی چاوەڕواننەکراو بەسەر شاخەکاندا نیشتەوە و شاخ و دۆڵەکان لەبری فیشەی گوللە بە ئاوازەوە دەستیان کرد بە دەنگدانەوە.
ئەمانە دەنگدانەوەی گۆرانی و سروود و بانگەوازی شادییە. خەڵک لە دەوری ڕادیۆکە کۆبوونەتەوە، خەریکە لە باوەشی بگرن، گوێیان لە دەنگی ڕادیۆکە گرتووە کە بەیاننامەی ئەنجومەنی فەرماندەیی شۆڕشی عێراق دووبارە دەکاتەوە، بەتایبەتی کاتێک دەیگوت بوونی ڕەوای نەتەویی کورد دانپێدانراوە، گەلی عێراقیش لە دوو نەتەوەی سەرەکی پێکهاتووە: نەتەوەی عەرەبی و نەتەوەی کوردی، لە چوارچێوەی یەکڕیزی عێراقدا. یەکێک لە جێگرەکانی سەرۆک کۆمار کورد دەبێت، هەروەک چۆن کورد لە چوارچێوەی کۆماری عێراقدا چێژ لە ئۆتۆنۆمی وەردەگرێت، زمانی کوردییش شانبەشانی زمانی عەرەبی دەبێتە زمانێکی فەرمی لەو ناوچانەی کە زۆرینەی دانیشتوانەکەی کوردن.

لە رێگا بۆ دیداری بارزانی
بڕیارماندا بەرەو دیداری رابەر مستەفا بارزانی بەرێکەوین خۆمان ئامادە کرد بۆ گەشتێکی درێژ، بە هۆکاری ئەوەی سەرکردە کوردەکە لە ناوچەی حاجی ئۆمەران دەژیەت، هاوینەهەوارێکی دوورە لەسەر لوتکە چیایەکی باکوور نزیک سنووری ئیران، لە سلێمانی دەرچووین بۆ کەرکوک و هەولێر بۆ هاوینەهەواری سەلاح دین (پیرمام)، رێگا شاخاوی قیرکراو و پان، پەیدا پەیدا بەرز دەبێتەوە پەنا و پێچی ترسناک دەروانێتە کۆمەڵێک هاوینە هەواری دڵ رفێن، شەقڵاوە، گەلی عەلی بەگ، رەواندوز گەڵاڵە، ماشێنەکە لە نێو دارستانی چڕی بەر و گوێز و بادەمدا تێدەپەڕێت.
لەگەڵ نزیک بوونەوەمان لە بارەگای بارزانی، گوێمان لە پکەنینی کاکە ئەنور هاو سەفەرمان نەدەبوو، لەگەڵ ئەوەی لە ماوەی رێگا بە پکەنین و قسەی خۆش گوێ بیستی بووین، لەگەڵ نزیک بوونەوە لە بارەگای سەرۆکەکە، تۆزێک دڵەرواکێ و ترس لە ڕووی بەدی دەکرا.
لەگەڵ گەیشتنمان بۆ گوندی گەڵالە روومان لە سەرتاشخانە کرد بۆ کورت کردنەوەی قژی و گوتی کە نابێ بەو قژ و زولفە درێژە ئێمەی کورد لە روانگەی رێزەوە دیدار لەگەڵ سەرۆکمان بکەین، بەم شێوە کاکە ئەنوەر تۆفی پێی گوتین.

لە بارەگای بارزانی
گەیشتینە ناو پردان واتە لە نێوان دوو پرد، بارەگای بارزانی، بارەگای مەکتەب سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، کە پێکهاتووە لە حەوت ئەندام ٣ ئەندازیار، پزیشکێک، و پارێزەرێک، و دەرچووی کۆلێژی شەریعە و پلەدارێکی سەربازی بە پلەی عەمید لە سوپای عێراقی.
ناوچەکە بە شاخی بەرز چواردەورە دراوە، پێشمەرگەکان لە هەموو لایەک بە چەکانیان بڵاوبوونەتەوە لە ناوچەکە،
عەلو عبدوڵڵا، ئەندامی مەکتەب سیاسی پێشوازیلێکردین، بەرەو بارەگای بارزانی هەمان شوێنی گفتوگۆی دانوستاندنی نێوان مستەفا بارزانی و سەدام حوسەین جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی شۆڕشی عێراق لێکرا.
لە ژورێک دانیشتین کوررسییەکان ئاسایی بوون بە دیواری ژوورەکەوە نووسابوون، دیوارەکان بۆیە نەکرابوون، تەنیا بە نایلۆنێکی سەوز داپۆشرابوو.
پیاوێکی باڵا بەرزی چوارشانە جگارەی پێشکەش کردن لەسەر سینیەک کە ٤٠ جۆرە جگارەی جۆراو جۆری تیدابوو، و ئەندامی مەکتەب سیاسی داوای لێکردین بۆ نان خواردن کە خوانێک ڕازابووە وە بە هەموو جۆر خواردنێک.
بارزانیمان چۆن بینی؟
دوای نان خواردن بە ماشێنی ئەندامی مەکتەب سیاسی بەرەو حاجی ئۆمەران بەرێکەوتین بۆ دیداری سەرکردەی گەورەی کورد.
شوڤەڵ و تراکتۆر بە هەوڵی زیاتر کاریان دەکرد بۆ خۆشکردنی رێگاو بانەکان کە دیاری حکوومەتی عێراقی بوو بۆ مستەفا بارزانی دوای واژووکردنی رێککەوتنی ئاشتی لە ١١ ئادار.
گەیشتینە حاجی ئۆمەران پیاوە مەزنەکە لەبەردەم خانوویەکی بچووک پێشوازی لێکردین، لە هۆڵێکی بچووک، ئەو بە لاو نەماوە وەک کاتی بەشداریکردنی لە یەکەم شۆڕشی بارزان ساڵی ١٩٣٢، تەمەنی ئەمڕۆ ٧١ ساڵە هەر چەندە هەڤاڵەکانی دەڵێن لە ٦١ ساڵ زیاتر نییە، خەنجەرێکی دەسکدار لەناو پشتێنەکەیەتی، و لەسەر جامانەیەکی سوور هیمای بارزانییەکان، قژی سپی دێت زاڵ بێت بەسەر قژی رەش، و کاتی خوێندنەوە چاویلکەکەی لە چاو دەکات، و لە کاتی ئاخافتن بە عەرەبیەکی رەوان قسە دەکان.
بارزانی زۆر کاریگەرە بە پەروەردەکردنی، ماوەیەک زانستی ئاینی خوێندووە، بۆیەش نازناوی مەلا یان لێنا جگە لە براکانی دیکەی، (ئەمە راست نییە، راستە جەنابی بارزانی شارەزای لە کاروباری ئایینی هەبوە، بەڵام ناوەکەی مەلا مستەفا بە مانای پیاوی ئاینی نایەت، بە گوێرەی زانیاری من بارزانیی نەمر بەناوی مامۆستایەکی ئاینی کراوە کە لەو دەڤەرە بووە، کەسێکی شارەزا و چاک بووە، ناوی مەلا مستەفا بووە، وەرگێڕ)، وشە و ئاخافتنەکانی بە ئایەتی قورئانی پیرۆز دەست پێ دەکات، بابەتێکی دیکە کە سەرنجی راکێشاین کە کاریگەری لەسەر بارزانی کردووە، سروشتی دڵرفێن و سحراوی ناوچەکە، وەڵامی داینەوە کاتێک پرسیاری بارودۆخی خودی خۆی و دونیامان لێکرد.
بە فەلسەفەیەکی قووڵەوە قسەی دەکرد ژیانی مرۆڤ وەک ئەو شاخانەیە، وئاماژەی بە کۆمەڵێک شاخی دەروربەر کرد، هەندێکیان بەرزن و هەندێکیان نزمن، و ئەو سەوزایەی دەیبینی ئەوە بەهارە، پاش ماوەیەک بەفر دەباڕێت، هاوین نەهاتووە، بەم شێوەیە سروشتی مرۆڤ و عەقلیان جیاوازە و گۆرانکاری هەیە هەروەک سروشت، .ئێمە ناوین کە لە یەک سەرچاوە وەرگیراون؛ بوونی ئێمە لەسەر ئەم زەوییە وەهمێکە نەک واقیع. زۆرێکیان وەک ستالین و ڕۆزڤێڵت گەیشتوونەتە ئاستێکی بەرزی بیرکردنەوە، بەڵام کەس لە ژیاندا نامێنێتەوە.
کورد مرۆڤن نەک جنۆکە
پرسیارێکی مێژووییمان لێکرد لەسەر راستی کورد و سەبارەت کەوا هەندێک لە مێژوو ناسەکان دەلێن ئەوانە لە جنۆکەن؟
بە پێکەنینەوە وەڵامی داینەوە، ئەوەی تا ئیستا لەسەر کورد نووسراوە ناکاتە ڕێژەی لەسەدا دە لە راستی، ئەوەی پێنووسێکی هەڵگرت دەنووسێ، ئەو کەسێکی باشە یا خراپ، ئەوەی دەینووسن لە وەحی نییە لە ئاسمان هاتبێتە خوارەوە، بەڵکو لەهەستی هزری نەساغی ئەوانە، نووسەر وەک ئەو شاخانەیە هەروەک پێمگوتی، دۆڵەکانی دەوروبەرمان بەرز و نزمن.
بەڵام ئەگەر لاتان گرنگە بزانن رەچەلەکی کورد چییە بنووسە، کورد مرۆڤ لە ئەدەم و حەوان، گوتەی خودات لە بیر بێت (يَأَيُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُم مِن ذَكَر وَأُنثَى وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوباً وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُواْ)، و سەرکردەی کورد بابەتێکی وەبیرهاتەوە دەلێ، بەڵام گوتەی ئێمە لە جنۆکەین ئەمە بەڵگەی ئەوەیە عەقڵی مرۆڤ کورتە، ئەوەی ئێمەی دروست کردووە دەزانێ ئێمە چین.

کۆچ و گەشبینی
گوتمان: گرنگترین گرفتەکانی کورد چیە بە دیدی ئێوە؟
رابەر کە سەرکردایەتی پێنچ شۆڕشی کردووە چاویلکەکەی لە چاوی داگرت، بەئێشێکی زۆرەوە گوتی، ئێمە میللەتێکی هەژارین، پیشەسازیمان نییە، ئێمە هەژارین لەسەر ناوچەیەکی بە پیت و بەرەکەت دەژین.
پرسیارمان لێکرد، چیرۆکی کۆچکردنەکەتان چی بوو؟ لە ساڵی ١٩٤٨ کە کوردەکان بە موعجزە ناوی دەبەن؟ ( راستکردنەوە کۆچەکە ساڵی ١٩٤٧ بوو نەک ١٩٤٨، وەرگێر)
لە وەڵامدا گوتی : پێم خۆشە پێتان بڵێم من بەندەیەکم لە بەندەکانی خودا، لەم شاخە گەورە بووم هەموو رۆژ خۆر هەڵاتن و ئاوا بوون دەبینم، بەڵام چیرۆکی دەرچونمان لە عێراق و ژمارەمان ٥٠٣ کەس بوو، دوای بەرنگار بوونەوە و شەر روومان لە ئێران کرد دوایی گەراینەوە عێراق، دوایی گەڕاینەوە تورکیا تاوەکو گەیشتینە رووسیا، بەو ژمارە زۆرەوە زۆر رووبەروی سوپا دەبووینەوە و پێکدادان لە نێوانمان و سوپای ئەو وڵاتانە رووی دەدا، تا وەکو بەسەلامەتی گەیشتینە رووسیا، ١٢ ساڵ لەوێ ماینەوە ئەوەی هاوسەرگیری کرد لە پیاوەکان کاتێک بریاری گەرانەوەماندا ژمارەمان بوو بە ١٥٠٠ کەس.
کاتێک پرسیاری ئەوەمان لێکرد ئایا ئێوە گەشبینن لە پەرپێدانی دۆخەکە لە ناوچەکەتان؟
ئەو مرۆڤە مەزنە وا هەستی دەکرد کە پێویستی بە وەڵامێکی گونجاوە، بە وەڵامێکی دیبلۆماتی گوتی؛ مرۆڤ ئارەزوومەندی هیوایە و گەشبینە، هەردەم هەزر ڕوو لە خێر و پێشکەوتن دەکات.
ماڵئاویمان لەو مرۆڤە میوان دۆستە کرد کە سوور بوو لەگەڵمان بێتە دەرەوە.